کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی فەرانسە لەمەڕ گەڕاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران

17:11 - 23 گەلاوێژ 2725

ژان نوئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''کۆماری ئیسلامی لە هیچ بارودۆخێکدا نابێ چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.''

ناوبراو هۆشداری دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێشێلکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێت، ئەوا فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا دووبارە گەمارۆ جیهانییەکان لەبابەت چەک و کەرەستەی ئەتۆمی و سنووردارکردنی بانکی دەسەپێنن کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر تا کۆتایی مانگی ئاگۆست هەڵگیرابوون.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە زیادی کرد، پاریس پێشنیاری کردووە بەشێوەیەکی کاتی و مەرجدار گەڕاندنەوەی ئەو گەمارۆیانە هەڵپەسێردرێت بۆ ئەوەی کات بە دانوستانەکان بدرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە تا ئێستا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بێوڵام ماوەتەوە.

سێ وڵاتی ئورووپایی کە لایەنی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامین، لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان ئامادەن مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن.

هەواڵدەریی فەرانسە و فایننشاڵ تایمز ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی تەنیا تا کۆتایی ئەم مانگە (١٨ ڕۆژ دیکە) دەرفەتی هەیە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ پرسی ناوکی بدۆزێتەوە.

لەو پێوەندییەدا دۆناڵد ترامپ، و بێنیامین نێتانیاهوو، پێشتر ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر پێویست بکات، هێرشێکی دیکەی نیزامی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی دەست پێ دەکەنەوە.