
بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ "نیووز مەکس" وتی: "لە حەوت بەرەدا دژی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی کە هەوڵی ژینۆسایدمان دەدەن، لە شەڕداین و بەرەی هەشتەم شەڕ بۆ ڕاستییە".
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیی "نیووز مەکس" لە ئۆرشەلیم، بێنیامین نێتانیاهوو سەبارەت بە ناولێنانی ئۆپەراسیۆنی شێرانی ڕاساو ڕایگەیاند: "من ناوی شێرانی ڕاساوم هەڵبژارد، چونکە لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە کە خەڵکی ئیسرائیل وەکوو شێر ڕادەپەڕن و هێرش دەبەن. هەر ئەو کارەی سەربازانی ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی شێرانی ڕاساودا کردیان".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەدا وتی: "شێر لە بەرانبەر گوشار، تۆمەت و درۆ گەورەکاندا، بۆ ئیسرائیل شەڕ دەکات. شێر بە ڕاستی بەهێزە و من پشتیوانییەکانی بەرز دەنرخێنم".
نێتانیاهوو لەمەڕ ئەو تۆمەتانەی دژی ئیسرائیل کە باسی برسیکردنی خەڵکی غەزە دەکەن، دژکردەوەی نیشان دا و وتی: "تەنیا سیاسەتی بەئەنقەست برسی هێشتنەوەی خەڵکی غەززە دەبینم و ئەوەی برسی ماوەتەوە سەربازە بە بارمتەگیراوەکانی ئێمە لەلای حەماسە، کاتێک دیلە لاوازەکان لەلای نیگابانێکی قەڵەوی حەماس دەبینی ئەو کات دەزانی کێ برسیی ڕاستیەقینەیە، نیگابانی چی؟ ئەشکەنجەگەر".
ناوبراو جەختی کردەوە کە "ئیسرائیل لە سەرەتاوە هیچ سیاسەتێکی برسی هێشتنەوەی خەڵکی نەبووە، ئێمە لە یەکەم ساتی دەسپێکی شەڕدا سیاسەتی جیاکردنەوەی خەڵکی ئاساییمان لە هێزە سەربازییەکان ڕەچاو کردووە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە هەوڵدان بۆ ژینۆساید تاوانبار کرد و وتی: "تۆڕە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی باسی لەنێوبردن و سڕینەوەی ئیسرائیل و هەموو یەهوودییەکان دەکەن. ئەوان دروشمی نەمان بۆ ئەمریکاییان دەدەن و خەڵک سەرنجی ئەوە نادەن کە ئەم هەوڵە دژی ئەمریکا، لە سەرەتادا هەوڵ بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیلە چونکە ئێمە بەربەستی سەر ڕێگەیانین".
ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا تەنیا ئیسرائیلە شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی دەکات.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە ناردنی یارمەتیی خۆراکی بۆ غەززە کرد و وتی: "ئێمە ١.٩ میلیۆن تۆن خۆراک و یارمەتیی پزیشکیمان ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە بەڵام هەموویان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دزراون".