کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی تیمی پزشکیی خامنەیی: خەڵکی هەژار بۆ دەرمانی کێشەکانیان ناتوانن سەردانی پزیشک و دەرمانخانەکان بکەن

17:15 - 23 گەلاوێژ 2725

دوکتور عەلیڕەزا مەرەندی سەرۆکی تیمی پزشکیی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی فەرهەنگستانی زانستی پزشکیی ئێران، دانی بەوەدا ناوە کە "کەمداهاتی و هەژاریی خەڵکی ئیران لە ئاستێکدایە کە پێی زۆربەی بێبەشان و نەدارەکان ناگاتە دەرمانخانە و ژووری پزیشکەکان هەتا بتوانن لە خزمەتگوزاریی دەرمانیی وڵات کەڵک وەربگرن".

مەرەندی بە ئاماژەدان بە نادادپەروەریی دەرمانی، کەرەستە پزیشکییەکان و دەرمان لە کەرتی تەندروستیی ئێراندا وتی: "بۆ ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە تەندروستیدا دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا، سەرنجی پێویستیی هەژاران و بێبەشان بدرێت و دواتر تێچووی ڕەوتی دەرمان و چارەسەرییان کەم بکرێتەوە".

شایانی باسە دەسپێڕاگەیشتنی دادپەروەرانەی خەڵک بە خزمەتگوزاریی دەرمان یەكێک لە بەڵێنییەکانی مەسعوود پزشکییان بوو کە هەتا ئێستا ناوبراو نەک هەر لەو بوارەوە هەنگاوی کردەیی هەڵنەهێناوە بەڵکوو خەڵک لە دەورەی سەرۆککۆماریی پزیشکییاندا زیاتر لە جاران بۆ چارەسەر و دەرمانی نەخۆشییەکانیان تووشی بارگرانی و  تێچووی زیاتر بوونەتەوە.

کەمی یان نەبوونی دەرمانی گونجاو، بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمیی کواڵێتیی دەرمان لەو کێشانەن کە ڕۆژانە هاووڵاتییان لە ئێران لەگەڵیدا بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە ئێستادا بەشێکی هەرە زۆری دەرمانەکان هیچ کواڵێتییەکی باشیان نییە و هیچ کاریگەرییەک لەسەر نەخۆشی دانانێن و هەندێک جار دەبێنە هۆی درووستبوونی هەستیاری لە لەشدا، بۆیە خەڵک ناچارن ڕوو لەو دەرمانانە بکەن کە بەرهەمی ئێران نەبن بەڵام ئەوانەش لە هەموو دەرمانخانەیەک دەست ناکەون و دەگمەنن.

پێشتریش کۆمیتەی سەندیکای کارناسیی ئەنجومەنی ئیسلامیی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران بەنیسبەت هەڵاواردن لە کەرتی تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو کە، هەڵاواردن لە نێوان بیمەی خەڵک و هێزە چەکدارەکان دیار و بەرچاوە کە لە زۆربەی نرخی ویزیتەکاندا بیمە تەنیا ٢٠ تا ٢٥ لەسەدی تێچووەکان بۆ خەڵک قەرەبوو دەکاتەوە بەڵام بۆ هێزە چەکدارەکان نزیک بە ٧٠ لەسەدی هەموو تێچووەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە.

قەیرانی ئابووری لە ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو بەتایبەتی خەڵکی هەژاری لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە و چینی دەستکورتی کۆمەڵگە زۆربەی کات بۆ دەرمانی کێشەکانیان ناتوانن سەردانی پزیشکە تایبەتەکان بکەن و بیمەش تەنیا بەشێکی کەم لە تێچووکانیان بۆ قەرەبوو دەکاتەوە.

جیا لەم بابەتە گرانیی و کەمیی دەرمان لە ئێران کێشەکەی بۆ خەڵکی ئێران چەند قات زیاتر کردووەتەوە و تەندروستیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.