کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی کاربەدەستانی ڕێژیم لە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکان

17:16 - 23 گەلاوێژ 2725

ڕۆژنامەی بریتانیایی "تێڵێگراف" لە دووتوێی ڕاپۆرتیکدا باسی لە ترسی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی هەموو سزا نێونەتەوەیی و دەرهاویشتە بەربڵاوەکانی دوای ناردنی نامەی وڵاتانی ئورووپایی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

لەو ڕاپۆرتەی "تێلێگراف"دا بە پشتبەستن بە زانیاریی بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی نووسراوە: "نامەی سێ وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا بووەتە هۆی دروستکردنی باسی جیددی و خێرا لە نێوخۆی ڕێژیمدا".

ئەو  بەرپرسە باڵایەی ڕێژیم کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە بە ئاماژەدان بە نیگەرانییە نیوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی: "کۆمار ئیسلامی توانای ماڵی و سەربازیی بۆ گەڕانەوەی گەرمارۆکان نەماوە و ئەو گوشارانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان و ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە".

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، ئەو سزایانە لە شەڕ کاریگەرترن و شۆرای باڵای تەناهیی میللیی ڕێژیم داوای لە سەرۆککۆماری ڕێژیم کردووە کە پێش ئەوەی دێر ببێت ڕێگایەک بۆ دانوستان پەیدا بکات.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەو شۆرایە لە مانگی ژووئیە فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم کردووە کە بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی دانوستانەکان لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، وتووێژەکان لەگەڵ ترامپ دەست پێ بکاتەوە.

ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ترۆئیکای ئورووپایی لە نامەیەکی فەرمیدا هۆشداری بە شۆرای ئەمنییەت و سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بە دانوستانی ناوکی هەتا کۆتایی مانگی ئووت، ئامادەن مێکانیزمی ماشە چالاک بکەن و گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەت بگەڕێننەوە.

چالاککردنی مێکانیزمی ماشە بە گشتی سزا پێشووەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوانەش بڕیارنامەی ١٩٢٩ شۆرای ئەمنییەت کە سنووردارکردنی ئابووریی بەربڵاو، بانکی و مووشەکی دژی ڕێژیمی ئێران لەخۆ دەگرێت، دەگرێتەوە و دووبارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو بڕیارنامەیە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەرکدار کردووە کە تەواوی هەوڵە پێویستەکان بۆ ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و سنووردارکردنی بارستایی مووشەکیی ڕێژیم بخەنە گەڕ.

بە سەرنجدان بە دۆخی نێوخۆیی ئێران و شوێندانەریی سزا پێشووەکان، چالاککردنی مێکانیزمی ماشە دەتوانێت بە خێرایی شیرازەی ئابووریی ڕێژیم بشێوێنێت، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سەر هەڵ بدەنەوە و ڕێژیمی ئێران هەتا سنووری ڕووخان ببەن.