
بەیاننامە بە بۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە
خەڵکی دێموکراتپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان!
ئازادیخوازانی خەباتگێڕی وڵاتی ئێران!
دۆستانی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد لە سەرانسەری جیهان!
٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٦ی ئاگوستی ٢٠٢٥)، هەشتا ساڵ بەسەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕادەبرێت و ئەم حیزبە پێ دەنێتە هەشتاویەکەمین ساڵی تێکۆشانی خۆی. لەم بۆنە تایبەت و پڕشکۆیەدا سڵاو بۆ گیانی دامەزرێنەرانی حیزب و لە سەرووی هەمووانەوە پێشەوا قازی محەممەد، هەروەها سڵاو بۆ گیانی پاکی هەزاران شەهیدی ٨ دەیە خەباتی حیزبی دێموکرات، لە ڕیزی پێشەوەی کاروانی ئەواندا، سەرکۆماری کوردستان و دوو سکرتێری گشتیی حیزب، د.قاسملوو و د.شەڕەفکەندی دەنێرین.
هەشتا ساڵ لەمەوبەر، حیزبی ئێمە لە درێژەی سێ ساڵ تێکۆشانی نهێنیی کۆمەڵەی ژێکافدا و لەسەر قەوارە و بناغەی هەمان ڕێکخراو بەڵام بە دنیابینییەکی نوێوە دامەزرا. ئەم حیزبە هەر لە ساڵی یەکەمی تێکۆشانیدا بە کەلکوەرگرتن لە هەلومەرجی نێوخۆیی و ناوچەیی ئەوکات، کۆماری کوردستانی پێکهێنا. تەمەنی ئەو کۆمارە ئەگەرچی کەمتر لە ساڵێک بوو، بەڵام دەسکەوتەکانی و هەروەها کاریگەرییەکانی؛ ڕەهەندێکی کوردستانی و هەر لەوکاتەدا نەمریان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بە خۆوە گرت، بەو مانایە کە لە ڕەوتی مێژووی دوای کۆماریشدا درێژەیان هەیە و گەشەیان کردوە.
تێکۆشانی ئەم حیزبە لە دوای نەمانی کۆماری کوردستانیش، لە دژی دیکتاتۆریی ڕێژیمی پەهلەوی هەتا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەبوو. تێکۆشەرانی ئەم حیزبە، لە ڕیزی ناودارترین، درێژماوەترین و خۆڕاگرترین بەندییە سیاسییەکانی ماوەی دەسەڵاتدارەتیی حەمەڕەزاشادا بوون. گەورەترین ڕاپەڕینی چەکداریی سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی دوایین شای ئێران، لە کوردستان لە ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی هەتاوی (١٩٦٧-١٩٦٨)دا پێک هات کە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەیان برد و بە گیانی خۆیان نرخەکەیان بژارد.
خەڵکی کوردستان بەو ئامانجەوە لە شۆڕشی سەرانسەریی ١٣٥٧ی گەلانی ئێراندا چالاکانە بەشدار بوون کە دێموکراسی و ئازادی جێگای سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری بگرێتەوە؛ گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران چیدیکە لەگەڵ ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی ڕووبەڕوو نەبن، بەڵام ڕێژیمی تازە لەهەمبەر پرسی فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانیان، هەمان سیاسەتی ڕێژیمی پێشوو، واتە حاشالێکردن و ستەم و شەڕ و سەرکوتی گرتەبەر. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەنای بۆ هەموو شێوازە ئاشتیخوازانەکانی وەک وتووێژ لەگەڵ تاران، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا و گەیاندنی پەیامەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەی هێمنانە برد، بەڵام خومەینی، دامەزرێنەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، شەڕی لە دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. حیزبی ئێمە و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار نەبوون و شەرعییەتیان بە ڕێژیمێک نەدا کە مافە بنەڕەتییەکانی ئەوان و خەڵکی ئێرانی بە ڕەسمی نەناسیبوو؛ حیزبی دێموکرات فریوی دروشمە دژە ئەمریکاییەکانی خومەینیی نەخوارد؛ سەپاندنی حیجابی زۆرەملی بەسەر ژنانی ئێراندا و لێوەرگرتنەوەی دەسکەوتەکانی پێشوویان، هێرش بۆ سەر سەفارەتی ئەمریکا لە تاران و بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتەکانیان لەلایەن ئەو ڕێژیمە، سەرکوتی ڕۆژنامەکان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، داخستنی زانکۆکان و وەڕێخستنی بەناو شۆرشی فەرهەنگیی مەحکووم کرد و دەنگدان بە دەستوور(قانوونی بنەڕەتی)ی ئەو ڕێژیمەی کە دواکەوتووانە و دژ بە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی گەلانی ئێران بوو، بایکۆت کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەرەنگاربوونەوەی شەڕی داسەپاوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە سەر خەڵکی کوردستاندا بەتەنیا نەبوو، ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەش لە کوردستان بەپێی توانا و هێزی خۆیان بەشداری ئەو شەرە بوون، بەڵام قورسایی شەڕەکە بە پلەی یەکەم لەسەر حیزبی دێموکرات و دەیان هێزی پێشمەرگەی ئەم حیزبە لە سەرانسەری کوردستاندا بوو. حیزبی ئێمە، هاوکات دوو بەرپرسایەتیی قورسی دیکەی کەوتبووە سەر شان. لە لایەکەوە بۆ ماوەی سالانێک ئەرکی بەڕێوەبردنی زۆربەی ناوچە ئازادەکانی کوردستانی کەوتبووە ئەستۆ کە بە هاوکاریی بێدریغی خەڵکی کوردستان، سەرەڕای گەمارۆیەکی هەمەلایەنە کە ڕێژیم خستبوویە سەر ئەو ناوچانە، لە بەڕێوەبردنیدا سەرکەوتوو بوو. لە دەرەوەی وڵاتیش، هەوڵێکی بەنرخی بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی کوردستان بە بیروڕای گشتی و ڕاکێشانی پشتیوانیی کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و حیزب و کەسایەتییە پێشکەوتووەکانی ولاتانی ڕۆژاوایی بۆ لای خەباتی خەڵکی کوردستان، بەرەو پێش برد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی هەشتا ساڵەی خۆیدا شێوە خەباتی جۆراوجۆری تاقی کردوونەوە و هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆوە دیتوە. چەندین جار شایەدی سەرکەوتن و شکان و هەستانەوەی خۆی بووە. هەر سێ کەسی یەکەمی ڕێبەریی ئەم حیزبە و دەیان ئەندامی ڕێبەری، سەدان کادر و سەرکردەی مەیدانی و فەرماندەری لێوەشاوەی، نزیکەی پێنج هەزار پێشمەرگە و ئەندامی لە سەنگەری داکۆکی لە ئامانجەکان و خەبات بۆ مافەکانی نەتەوەی کورددا بە دەستی ڕێژیمەکانی ئێران شەهید بوون. پابەندیی ئەم حیزبە بە پڕەنسیپە نەتەوەیی، شۆڕشگێڕانە، دێموکراتی و مرۆڤدۆستانەکانی و خەباتی بەردەوام و پڕ لە قوربانیدانی، کردوویانە بە هێزێکی سیاسیی ناسراو و جێگای ڕێز لە ئاستی کوردستان، ئێران و جیهاندا.
دیارە لە مێژووی حیزبماندا ئەگەر لاپەڕەی پڕشنگدار و دەسکەوتی جێگای شانازی هەن و یەکجار زۆریشن، بەڵام دیاردە و ڕووداوی زیانبار و نەخوازراویش هەبوون. هەر وەک نموونە لە هێندێک قۆناغ و بڕگەدا حیزبی دێموکرات بە پێچەوانەی ویستی خۆی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوی دیکەی کوردستان، تووشی تێکهەڵچوونی چەکدارانە بووە؛ لەنێوخۆشیدا ئەم حیزبە چەند جار تووشی لێکدابڕان هاتووە کە لە سۆنگەی ئەم جۆرە ڕووداوانە زیانی زۆر هەم بە حیزبی دێموکرات و هەم بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کەوتوە کە وێڕای بەداخبوون لە بوونی ئەم ڕووداو و دیاردە نەخوازراوانە لە مێژووی حیزبماندا هەوڵ دەدەین دەرسیان لێ فێر بین و پێشی دووپاتبوونەوەیان بگرین.
ڕاستییەکی تاڵە کە دوای هەشتا ساڵ تێکۆشان و قوربانیدان، سەرەڕای ڕەوابوونی ئامانجەکانمان و بەحەقبوونی خەباتەکەمان، هێشتا بە ئامانجی سەرەکیی خۆمان کە ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە ئێران لە بندەستی و بێ مافییە، نەگەیشتووین. لە هەموو ئەو مێژووە هەشتا ساڵەیەدا، حیزبی ئێمە هێچ کات لەلایەن ڕێژیمەکانی ئێرانەوە، ڕێگای تێکۆشانی سیاسیی قانوونی پێ نەدراوە؛ ڕێبەری و کادرەکان و ئەندامانی ئەم حیزبە، جگە لە چەند بڕگەیەک، هەموو کات ناچار بوون بە نهێنی لە نێوخۆی شار و گوندەکانی وڵات تێکۆشانیان هەبێت، یان لە شاخ و چیاکان و دوورەوڵاتی و بە شێوەی نائاسایی، لە ژێر ئاگری تۆپخانە و هێرشی هەوایی و پەلاماری نیزامی و پیلانی تێرۆریستیدا، درێژە بە تێکۆشان بدەن. سەرەڕای ئەو هەمووە زەبرەش کە لێی دراوە و ئەو هەمووە قوربانییەی لێی ئەستێندراوە، توانیویەتی لە مەیدانی خەباتدا سەربەرز بمێنێتەوە؛ لە ئامانجە نەتەوەیی و پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی خۆی لای نەداوە، سەربەخۆیی بڕیاردانی خۆی پاراستووە، لە هیچ بارودۆخێکدا دژایەتیی بەرژەوەندەکانی بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی نەکردوە و تووشی هەڵە و لادانێکی سیاسیی ئەوتۆ نەبووە کە شەرمەزاری مێژووی خۆی و نەتەوەکەی بێت.
بە شانازییەوە دەڵێین خەڵکی کوردستان لە هەموو هەلومەرجێکدا پشتیوانیی خۆیان لەم حیزبە درێژە پێ داوە و نەیانهێشتووە ڕێگای ڕێبەرانی شەهیدی بێ ڕێبوار و سەنگەری خەباتکارانی لە هیچ قۆناغ و سەردەمێکدا بە چۆلی بمێنێتەوە. ئەمە ڕاستییەکە کە دەیسەلمێنێت ئامانجەکانی ئەم حیزبە و بەرنامە و سیاسەتەکانی، هەڵقوڵاوی ویست و داواکانی خەڵکی کوردستانن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمێژساڵە لە ڕێکخراوێکی سیاسیی تایبەت بە چەند توێژ و بەشی خەڵک، یان تایبەت بە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرچووە و لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بووە بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و ئازادیخوازی گشتگیر و سەرانسەری. ئەمەش ڕاستییەکە کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر جار و بە شێوەی جۆراوجۆر ، هەر بۆ نموونە لە ڕەوتی "ڕاپەڕینی ژن، ژیان ئازادی"و لە نەورۆزی میلیۆنیی پڕشکۆی ئەمساڵدا بە ئاشکرا خۆی نیشان داوە. ئەم متمانە گەورەیەی خەڵکی کوردستان بە حیزبی خۆیان، ئەگەر لە لایەکەوە بۆ ڕۆڵەکانی ئەم حیزبە جێگای شانازییە، لەلایەکی دیکەوە ئەرک و بەرپرسایەتیی گرنگیان لە دەسپێکی دەیەیەکی نوێی تێکۆشان، ئەویش لە هەلومەرجی تایبەتی ئەمڕۆی ناوچە و ئێراندا دەخاتە سەر شان. وەک ڕێبەریی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەرانبەر ئەم متمانەیەی خەڵکی کوردستاندا سەری ڕێز دادەنەوێنین و ئەرکدار و بەرعۆدەین کە ئەم خۆشەویستی و متمانەیە بپارێزین و بەهێزتری بکەین.
دۆستان! دڵسۆزان و پشتیوانانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
لە هەلومەرجێکدا یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبمان دەکەینەوە کە لەسەر یەک گۆڕانێکی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی پرسی کورد لە ناوچەدا هاتووەتە کایەوە. دەوڵەتی تورکیە، دوای نزیکەی سەدەیەک حاشاکردن لە بوونی بەشێکی گەورەی کوردستان و نەتەوەی کورد لەو وڵاتە و بێبەشکردنیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان، ناچار ڕێگای داننان بە بوونی کوردی گرتووەتە بەر و ڕێبەریی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستانیش بەکردەوە ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە لەو وڵاتە ڕاگەیاندوە. لە سووریە، خۆبەڕێوەبەریی کوردانی ڕۆژاوای کوردستان، سەرەڕای گۆڕانی ڕێژیمی سیاسیی وڵات و هەوڵدانی دەسەڵاتی تازە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی ستاتووی سیاسیی کوردەکان، توانیویەتی پێداگر لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی و پشتگەرم بە پشتیوانیی سیاسیی چەند وڵاتێکی ڕۆژاوایی، پێگەی خۆی بپارێزێ و بەڵێنی بە دەستووری کردنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە سووریە وەربگرێت. لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت بە لاوازبوونی ڕێژیمی ئێران و کەمبوونەوەی دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەدا، هەلومەرجێکی باشتر بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدادا پێک بێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی حیزبی ئێمە و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیش لەژێر گوشاری سیاسی، هێرشی هاژەک و درۆن و پیلانی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران پارێزراو نین، لە ئاکامی پێگەیشتوویی سیاسیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتری خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانیدا خەبات دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و داکۆکیی نەتەوەکەمان لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، قەڵەمبازێکی گەورەی هاویشتووە. بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگای مەدەنی بە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی، سەرەڕای هەموو بەربەست و کەند و کۆسپەکان، گەشەیان کردووە و بوون بە بە باڵێکی دیکەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان. یەکگرتوویی ئەم دوو بزووتنەوەیە بووە بە هۆی ئەوە کە کوردستان هەروەک لە "ڕاپەرینی ژن، ژیان ئازادی"دا سەلماندی، هەروا پێشەنگ و پێشڕەوی دژایەتی لەگەڵ دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی لە ئاستی ئێراندا بێت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەموو کات پشتیوان و هاندەری خەباتی مەدەنی و جەماوەریی خەڵکی کوردستان بووە، شانازی بە وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی و خەباتی مەدەنیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکات، خۆڕێکخستن و هاوپێوەندیی ئەوان بە سەرمایەیەکی گەورە بۆ گەیشتنی نەتەوەکەمان بە ئامانجی لەمێژینەی ڕزگاری لە بندەستی و بێ مافی لە ئێران دەزانێت.
وڵاتی ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا بە بڕگەیەکی هەستیار لە مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت. ڕێژیمی ئێران دوای دەیان ساڵ دەسەڵاتدارێتی بە پشتبەستن بە سەرکوتی خوێناوی و تاڵانی سامانی خەڵکی ئێران و بێبەشکردنی هاونیشتمانان لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان، جگە لەوەی خەڵک و وڵاتی ئێرانی تووشی گەورەترین قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان کردوە، بۆ خۆشی خەریکە بەرهەمی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە، تێرۆریستی و میلیتاریستیی خۆی هەڵدەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی چەند تریلیۆن دوڵار لە سامانی خەڵکی ئێرانی لە پڕۆژە ناوکییەکانی، لە بەرهەمهێنانی جۆرەکانی هاژەک و درۆن، لە تەیارکردنی گرووپە نیابەتییەکانی لە وڵاتانی ناوچە خەرج کردوە بۆ ئەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکایان پێ بکات، بەڵام لە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە، سەرجەم ئەو پڕۆژانەی مایەپووچ دەرچوون. گرووپە نیابەتییەکانی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و بە هاوکاریی ئەمریکا بێ کەلک کران؛ ڕێژیمی سووریەی هاوپەیمان و گوێلەمستی ڕووخا؛ لە مانگی جۆزەردان (ژوئەن)ی ئەمساڵیشدا گرنگترین دامەزراوە ناوکی و هاژەکییەکان و پلەبەرزترین فەرماندەرانی سپای پاسداران و پسپۆرە ناوکییەکانی، لە شەڕێکی ١٢ڕۆژەدا، کەوتنە بەر پەلاماری ئیسرائیل و تێداچوون. ئەمریکاش، دواجار هاتە نێو شەڕەکە و گرنگترین بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆمباران کرد.
لەدوای ئەو زەبرانەی ئیسرائیل و ئەمریکا، شەقبردنی پایە و بناغەکانی ڕێژیم و داماو و دەستەوەستانبوونی لە بەرگریدا بە تەواوی خۆیان دەرخستوە. ئەو ڕێژیمە لە کاتێکدا شەڕێکی دیکەی بۆ وڵات و خەڵکی ئێران بە دیاری هێناوە کە نەیتوانیوە بچووکترین هەنگاو بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانان دابین بکات؛ بێ ئەوەی قەیرانەکانی پێشووی ژیانی خەڵک چارەسەر بکات، دەیان کێشە و قەیرانی دیکەی لە ئاکامی ئەو شەڕە تازەیەدا تووش کردوون. ئاشکرایە کە شەڕی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و، ململانێکانی لەگەڵ وڵاتە ڕۆژاواییەکان کۆتایی پێ نەهاتوە. ڕێژیم چ درێژە بە لاساری بدات و لەسەر سیاسەتەکانی تا ئێستای بڕوات، چ تەسلیم و ملکەچی بڕیارەکانی ئەمریکا و ئورووپا بێت، بە هەر دوو باردا کەوتووەتە نێو قۆناغێکی چارەنووسساز لە تەمەنی خۆی کە ئەنجامەکەی تێکقرمانی بە تەواویی بناغەکانی دەسەڵاتەکەی، ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵک و چوونی بەرەو هەڵدێر و نەمانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم بڕوایەدایە کە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران بە گشتی و، ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، پێویستە بە یەکگرتوویی و بە ئامادەییەوە بە پێشوازی ئەم قۆناغەوە بچن. لەم نێوەدا یەکگرتوویی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێککەوتنیان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و دەستپێکردنی هاوکاریی بەکردەوە بە ئەرکێکی خێرا و هەنووکەیی دەزانین. حیزبی ئێمە لەسەر سیستەمێکی کۆماری، دێموکرات و فیدڕاڵ بۆ ئێرانی داهاتوو کە جۆراوجۆریی نەتەوەیی، زمانی و ئایینیی خەڵکی ئێران و مافە بنەڕەتییەکانی هاونیشتمانان بەڕەسمی بناسێت، پێ دادەگرێتەوە. ئێمە پێمانوایە کە هاوکاری و هاوهەنگاویی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی کوردستانیدا، هەم هێمنیی کوردستان لە قۆناغی ڕووخانی ڕێژیمدا دەستەبەر دەکات، هەم کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دەبێت و پێگەی کوردستان و پرسە ڕەوا و لەمێژینەکەی لە پێکهاتە و بەرنامە و هەڵوێستی ئالترناتیڤی ئەو ڕێژیمەدا بەرز دەکاتەوە.
هۆگران، دڵسۆزان، پشتیوانان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
لە کاتێکدا بەبۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی لە ئێوە، لە خەڵکی دێموکراتپەروەری کوردستان و تێکڕای ئەندامانی حیزبمان دەکەین، بە ئەمەگناسی و پێزانینیشەوە ئاوڕ لە فیداکاری و خەباتی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە سەردەم و قۆناغە جیاوازەکان دەدەینەوە و لە بەرانبەر تێکۆشان و ماندوویی و دەروەستبوونیان لە ئاست ئەم حیزبە و نەتەوەکەمان، سەری ڕێز دادەنوێنین. ئێمە دڵگەرم بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، هیوادار بە هاوخەباتیی هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران، گەشبین بە ڕەوتی ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی پێوەندیدار بە ئێران و ناوچە، ئاسۆکانی بەردەم داهاتوومان بە ڕووناک دەبینین و، بە هیوایەکی زۆر و باوەڕێکی بەهێزەوە پێ دەنێینە ساڵێکی تازە و دەیەیەکی نوێ لە تەمەنی تێکۆشانی حیزبی پڕشانازیی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
ڕوو بە گەلانی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێكهێنانی نیزامێکی سیاسیی کۆماری، دێموکراتیک و فێدراڵ کە تێیدا پرسی نەتەوایەتی لە ئێرانی تێدا چارەسەر کرابێ، بە ئاڵترناتیڤی گونجاو بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە دەبینین؛ هاوکات خۆمان بە پابەندی پرەنسیپ و بنەماکانی پەسەندکراوی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ زەروورەتی یەکگرتوویی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم دەزانین
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی ناوەندی
گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی
ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی