
وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئەمریکا باسی لە ئەگەرەکانی پێناسەکردنی "ئیخوانولموسلیمین" وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لە داهاتوودا کردووە.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیرەی دەرەوەی ترامپ ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە ئیستادا ئەم گەڵاڵەی لەبەر دەستدایە، بەڵام دەبێت بە شێوەیەک کاری لەسەر بکات کە بتوانێت لە دادگادا بەرگریی لێ بکات.
ڕۆبیۆ لە وتووێژێکدا وتی: "ڕوونە کە ئیخوانولموسلیمین لە ئێستادا لقوپۆی زۆری لێ بووەتەوە و دەبێت هەر یەکیان بە شیوەی جیا بخرێتە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە".
ناوبراو لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە: "لێرەدا ڕەوتێک دێتە ئاراوە کە ڕەنگە خەڵک زۆر حەزی لێ نەبێت وەک کاروبارە ئیداریییەکان ئەم هەوڵە، بەڵام چون ئەگەری هەیە ئەم بڕیارگەلە لەلایەن دادگاوە مشتومڕی لەسەر بکرێت، گرینگە کە کاروبارە ئیدارییەکانی بە دروستی بچێتە پێشەوە".
وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ لەم پێوەندییەدا ڕوونی کردووەتەوە کە هەر گرووپ و لایەنێک مافی ئەوەی هەیە بلێت: "ئێمە تێرۆریست نین"، کەواتە دەبێت بەڵگەکان و دۆکیۆمێنتەکان پێشکەشی داداگا بکرێت و بسەلمێندرێت.
ئیخوانولموسلمین بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی سوننە مەزهەبە کە ساڵی ١٣٠٧ هەتاوی لەلایەن "حەسەن بەننا"، لە شاری "ئیسماعیلییە"ـی میسر دامەزرێندرا و پاشان بوو بە گەورەترین کۆمەڵەی سیاسیی سوننە مەزهەب لە جیهانی ئیسلامدا و لەلایەن دەوڵەتەکانی قەتەر، تورکیە و ئێرانەوە پشتیوانییان لێ کرا.
پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیخوانولموسلمین بە شێوەیەکی پێچراوەتر، ستراتێژیکتر و نائاشکراتر لە قەتەر و تورکیەیە.
ئیخوان و تاران لە بابەتەکانی وەک غەززە، گوشاری وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێژموونیی ڕۆژاوا، هاودەنگن.
تاکوو ئێستا وڵاتانی ڕووسیە، میسر، بەحرەین، ئێمارات و عەرەبستان، ئیخوانولموسلمینیان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پێناسە کردووە.