
عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران لە سمینارێکدا ڕایگەیاند بە دامەزرانی حیزبی دیموکرات بە شێوازی نوێ و سەردەمیانە کۆتایی بە شکانی یەکجاری جووڵانەوەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان هات و حیزبی دێموکرات فەرهەنگی خەباتگیڕیی لەپێنەکەوتن و بەردوامیی لە بزاوتی سیاسیی کورددا جێگیر کرد.
عومەر باڵەکی لە باسەکەیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای دامەزرانی لەسەر کۆڵەکە و بناغە ڕێکخراوەییەکانی ژێکاف و بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی بەهۆی ڕووداوەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی خولقابوون، لە ماوەی پێنج مانگدا پێنج کاری بنەڕەتییان ڕاپەراند بۆوەی کیانێکی سیاسیی کوردی دابمەزرێنن. ئەو پێنج کار و بڕیارە بنەڕەتییانە بریتی بوون لە: پێکهێنانی ئاشتەوایی کۆمەلایەتی لە نێو عەشیرەتەکان لەژێر ئالای حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، ڕێکخستنی هێزی بەرگری لەژێر ناوی سوپای میللیدا، بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لە خوێندنگە و دامودەزگا ئیدارییەکاندا، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دیاریکردنی سروودی نەتەوەیی و بەدوای ئەوانەدا کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا.
بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاماژە بە ئەزموونی دەسەڵاتدارەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوو قۆناغی مێژووییدا ڕایگەیاند لەو دوو قۆناغە مێژووییەدا کە یەکیان سەردەمی کۆمار و ئەوی دیکەیان ساڵەکانی یەکەمی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران بوو، لەگەڵ ئەرکی پارێزگاری لە خاک و گەلی کورد، ئەرکی بەڕێوەبەری وڵاتیشی کەوتبووە سەر شان کە دەتوانین بڵێین بەپێی هەل و ئیمکان و مجالەکان بە باشترین شێوە ئەو ئەرکەی بە جێ گەیاندوە. بەشێک لە ئەرکە گرینگەکانی حیزب لەو دوو قۆناغەشدا بریتی بوون لە: "دابینکردنی ئەمنییەتی دانیشتووانی کوردستان"، "کردنەوەی قوتابخانەکان و گوتنەوەی وانە دەرسییەکان بە کوردی و چاپکردنی کتێبی دەرسی بە زمانی کوردی"، "چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی"، سپاردنی کاروباری کۆمەڵایەتیی خەڵک و کۆمەڵگە بە شوڕای هەڵبژێردراوی خەڵک"، "پەسندکردنی قانوونی سزادانی گشتی"، "پێشگرتن لە نەریتە دواکەوتووکان بەتایبەتی دژ بە ژنان"، "دامەزراندنی نەخۆشخانە و بنکە دەرمانییەکان"، "لێدانی پرد و ڕێگاوبان"، "دامەزراندنی ڕادیۆ"، "پەسندکردنی گەڵاڵەی زەویوزار"، "چاودەێری بەسەر بازاردا"، "دیاریکردن و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی تایبەت بە پارستنی ژێنگە" و هتد.
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لە باسەکەیدا ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە میژووی دورودرێژی حیزبی دێموکرات پڕە لە حەماسە و خوین و قوربانیدان، ئاوارەیی، کەوتنە بەندیخانە و ئەشکەنجەکران و ئێعدامی بە تاک و کۆی خەباتکاران و نیشتمانپەروەرانی کورد، ڕژانی خوێنی هەزاران پێشمەرگە و کادر و بە دەیان ئەندامی ڕێبەریی ئە حیزبە؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە حیزبی دێموکرات لە ماوەی ئەو هەشتا ساڵەدا لە ڕیبازی سەرەکیی خۆی لای نەداوە و ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە.
ئەم سمینارە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان بەڕێوە چوو.