
دارسمە
وا دیارە دوای تەواوبوونی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تۆز و خۆڵی شەڕەکە هەرچەندە نیشتووەتەوە، بەڵام بۆنی باڕووتی قسە و هەڕەشان بەردەوام هەوای ناوچە دەتەنێتەوە و بۆگەن بەسەر بۆنی ژیانی ئاساییدا زاڵە.
دۆخەکە وەک ئەو بۆکسێنە وایە دوو یاریزان دوای ڕاوندێکی پڕ لە مشتەکۆڵە، لە گۆشەکانی خۆیاندا پشوو دەدەن، بەڵام لەبری ئاوخواردنەوە، بۆ ڕاوندی داهاتوو خەریکی جنێودان و چاوسوورکردنەوە و پرتە و بۆڵەن.
لە میدیا و ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکاندا، شرۆڤەکاران وەک ئەوەی لەنێو فینجانی فاڵگرتنەوەدا داهاتوو بخوێننەوە، ڕۆژانە باسی ئەگەر و شیمانەی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکەن. وا هەست دەکەی سبەی بەیانی لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، فڕۆکەکان دووبارە دەست بە سووڕانەوە دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن دەستپێکردنەوەی جەنگ لەوە نزیکترە بیری لێ بکرێتەوە و ڕەنگە ئەمجارە لە جیاتی بنکەی ئەتۆمی، ئیسرائیل بیر لەوە بکاتەوە هێرش بکاتە سەر کارگەکانی گەزۆ و سۆوهانی قوم و ئیسفەهان و یەزد و بەمجۆرە خەریکە گورزێکی کاریگەرتر لە ئابووریی بەرگریی ئێران بوەشێنێت. ئەوەی زۆر سەیر و سەمەرەیە هەڕەشەی بێتامی ئیسرائیلە. ئیسرائیل بەشێکی بەرچاوی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی ترساندوە یەکێک لە دەستەکانیان دەستکردە. دەوڵەتی جوولەکان دەڵێت ئەگەر ئەمجۆرە کەسانە لەژێر دامێنی دایکیشیاندا خۆیان بشارنەوە، ئەمجارە بێئەوەی گوێچکەیان بکێشین وازیان لێ ناهێنێن. جوولەکە خۆیان لە سوێند و ئایەتاندا ڕەش و شین دەکەن و دەڵێن ئەوانەی تەنیا دەستێکیان هەیە، دەستەکەی دیکەیان لە کاری خێردا نەپەڕیوە.
لە بەرانبەردا، ئێران بێکار دانەنیشتوە و بازاڕی هەڕەشە و گوڕەشەی گەرمە. یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی سوپا، کە وا دیارە لە خولێکی تایبەتی "هونەری هەڕەشەکردن"دا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە، بە جۆرێک باسی تۆڵەسەندنەوە دەکات، مرۆڤ وا دەزانێت سیناریۆی فیلمێکی بۆڵیوودی دەنووسێت. فەرماندەکە گوتوویەتی، "ئەمجارە زلـلەیەکی وا لە ئیسرائیل دەدەین، هەر خوا خۆی بزانێت چۆن دەبێت. هەڵڵایەکی وا ساز دەکەین باپیران و داپیران نەوەی خۆیان نەناسنەوە!"
ئەم لێدوانە بووەتە جێی سەرنجی "پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی زلـلەلێدان" لە زانکۆی تاران. سەرۆکی پەیمانگاکە، پرۆفیسۆر "حاجی قسە قەبە"، لە لێدوانێکدا گوتی: "ئەم زلـلەیە لە ڕووی تەکنیکییەوە پێی دەگوترێت 'زلـلەی شپرزیی نەوەکان'. کاریگەرییەکەی ئەوەندە قووڵە، نەک هەر داپیرە نەوەکەی خۆی ناناسێتەوە، بەڵکوو لەوانەیە داوای ناسنامە و کارتی نیشتمانیشی لێ بکات." بەشی "ناسنامەی بنەماڵەیی" لە وەزارەتی نێوخۆش گوایە خەریکی ئامادەکردنی پرۆگرامێکە بۆ یارمەتیدانی داپیران بۆ ئەوەی دوای ئەو زلـلەیە، بتوانن بە ئاسانی نەوەکانیان بناسنەوە.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسییشدا، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ناسناوی "دیپلۆماتی کاتی جەنگ"وە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئارامبوونەوەن، خۆی گەیاندووەتە وڵاتی چین. دیارە بۆ ئەوە چووە لەوێوە بە دەنگێکی بەرزتر هەڕەشەکانی بگەیەنێت، یان لەوانەیە ویستوویەتی لەسەر دیواری چین ڕاهێنانی هەڕەشەکردن بکات. خەتیبزادە وەک کەڵی کۆتانێ کە بە مەوتەن شەڕ دەکات، ڕایگەیاندوە دانوستانی ئەمجارەیان لەگەڵ ئەمریکا "لە نێو جەنگی توند و ئاگرباراندا دەکرێت".
مرۆڤ نازانێت ئەمە دانوستانە یان بەشداریکردنە لە یاریی "کۆڵ ئۆف دیوتی"؟ لەوانەیە مێزی گفتوگۆکانیان لەناو سەنگەرێکدا دابنێن و لەکاتی پشووی نێوان دوو مووشەکدا، باسی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکەن. خەتیبزادە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "ئەمریکا با سەرینی خاترجەمی بخاتە ژێر سەریەوە، ئێمە هەرگیز دەسەڵاتی ئیسرائیل بە فەرمی ناناسین." ئەم قسەیە وەک ئەوە وایە کەسێک لەنێو ئاودا بێت و بڵێت هەر ئەوەندووکۆکەش هەست بە تەڕی و شێداری ناکەم. ئەوا دەبێت ڕاستگۆیی و ئێران دەستەڵاتێک بە ڕەسمی ناناسیت، بەڵام بە بەردەوامی خەریکە پلانی لێدانی "زلـلەی شپرزیی نەوەکان"ی بۆ دادەڕێژیت؟ ڕەنگە هیچ وڵاتێک وەک کۆماری ئیسلامی ڕاستگۆ نهبێت. ئەوە نییە بە چاوی خۆمان دەبینین چل و چەند ساڵ دوای ئەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە و ئاداری بەسەر پادارییەوە نەهێشتوە، بەردەوام مووشەکبارانی دەکات و لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران ئەندامان و لایەنگرانی تیرۆر دەکات.
دواتریش وەک ئەو مامۆستایەی مێژوو، وانە بە قوتابییە تەمبەڵەکانی دەڵێتەوە، ڕوو لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: "با بە قووڵی تێبگەن، داهاتوو بە دڵی ئەوان نابێت." لێرەدا وڵاتی چین، وەک بازرگانێکی زیرەک، لەولاوە بە بزەیەکی پڕ لە ماناوە سەیر دەکات و لە دڵی خۆیدا دەڵێت: "ئێوە خەریکی زلـلە و قسەی قەبە بن، منیش خەریکی گرێبەستە نەوتی و بازرگانییەکانم دەبم. داهاتوو هی هەرکەسێک بێت، گرنگ ئەوەیە 'Made in China' بەردەوام پشت پاکەت و ڕووبەری ئاسنەواڵان بنەخشێنێت."
لە کۆتاییدا، دۆخەکە وەک زنجیرە درامایەکی کۆمیدیی تراژیدی دەچێت، هەمووان چاوەڕێی ئەڵقەی داهاتوون. هاووڵاتیی ئاسایی لەم نێوەندەدا نازانێت پێ بکەنێت یان بگریێت. لەوانەیە داپیرە و باپیرەکانیش خەریکی نوێکردنەوەی وێنەکانیان بن لەسەر ناسنامەکانیان، نەوەک دوای ئەو زلـلە چاوەڕوانکراوە، لە چوونەژوورەوەی ماڵەکانی خۆشیاندا تووشی کێشە ببن. ئێستا تەنیا یەک پرسیار ماوەتەوە: ئایا لە ڕۆژانی داهاتوودا، خەڵكی ئێران دەستنوێژ بە چ ئاوێک دەشۆن و لە کام بەنداودا مەلە دەکەن مافی ئەوەیان دەبێت چەند گلۆپی ڕووناکی داگیرسێنن. تۆ بڵێی ئەگەر لەم جەنگەدا لایەک تێکنەشکا، ئێران ئەوەندی وزەی کاربا بمێنێت گڵۆپی سەوزی ئاگربەست بۆ دوژمن دابگیرسێنێت؟