
شۆڕەسوارێک دێ، پڕی دەنگی تەڕی، بارانەیە"
"ئەسپی ئاور دەیفڕێنێ، ڕوو لە ئەو ھێلانەیە
(شەهید ڕەحمان سۆفی‌زادە)
برایم چووکەڵی
شەهید ڕەحمان سۆفی‌زادە لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری پیرانشار لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لەدایک بوو. پاش تێپه‌ڕكردنی ٧ ساڵ لە ته‌مه‌نی سه‌ره‌ڕای ده‌ست‌كورتیی بنەماڵەی، بەڵام بابی وه‌به‌ر خوێندنی نا تاكوو دواڕۆژێكی گه‌شی هه‌بێ. ڕەحمان قۆناغەکانی خوێندنی یەکە لە دوای یەک بڕی و لە زانکۆ بڕوانامەی فەوقی دیپلۆمی وەرگرت.
بە دەست پێکردنی خۆپێشاندانەکان بە دژی ڕێژێمی گەندەڵی حەمە ڕەزا شا لە شاری پیرانشار، ڕەحمانی سۆفی‌زادە لەو کەسانە بوو کە ڕۆڵی سەرەکی لەنێو لاوان‌دا گێڕا. پاش ئەوە کە ویست و ئاواتەکانی خۆی لە بەرنامە و ڕێبازی حیزبی دێموکرات‌دا دیتەوە و تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە ڕەسمی لە حیزبی دێموکرات‌دا دەست پێ‌کرد. ڕەحمان هەر لەدەسپێکی کار و تێکۆشانی خۆیدا ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکیی لە سازماندانی لاوان‌دا گێڕا. لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئەو کوڕێکی ڕوح سووک، دەم بە پێکەنین، زیرەک و چالاک، کادرێکی خەباتگێڕ و نەسرەوتوو بوو. دەیزانی چۆن لەگەڵ خەڵک و کولتووری ئەو خەڵکە هەستان‌ودانیشتن بکا. لە هاوکاریکردنی هاوڕێیانی دریغی نەدەکرد و لە هەر بوارێک‌دا لە دەستی هاتبایە گرفتی لەسەر شانی هاوسەنگەرانی لادەبرد. لە بواری سیاسییشدا کادرێکی سیاسیی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و خوشناو بوو. ئەندامەتیی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار، ئەندامەتیی هەیئەتی ئیجرایی و بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت چەند بەرپرسایەتییەکی شەهید ڕەحمان بوو.
قادر وریا هاوسەنگەری شەهید لە یادداشتەکانی بەمجۆرە باسی دەکا: "خه‌ڵكی و خاكی بوو. شانازیی به‌وه ده‌كرد كه كوڕی سۆفی ڕه‌سووی گاچۆله‌كه‌یه و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێشدا له دایك بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌ستیان ڕاده‌گرت تا ئه‌و مامۆستایه‌ی جاران و ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئێستا به‌سه‌ریدا بڕوا، فه‌خری به‌سه‌ردا نه‌ده‌فرۆشتن، له هه‌ر ماڵێك لای‌دابایه، وه‌ك كوڕی ماڵێ ڕه‌فتاری ده‌كرد، داری ورد ده‌كرد، قه‌ندی بۆ ده‌شكاندن، سفره‌ی له‌گه‌ڵ كۆده‌كردنه‌وه، چای تێ‌ده‌كرد، بۆخۆی جێ‌وبانی خۆی هه‌ڵ‌ده‌گرت. وێنەگر و خۆشنووسێك بوو، حه‌زت ده‌كرد چی تراكت و ئاگاداری و سه‌ربه‌رگی بڵاوكراوه‌كانه، وه‌ك ته‌خته‌به‌رده پانه‌كه‌ی ده‌م ڕێگای چه‌كۆ ـ میراوێ كه دروشمی دێمۆكراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ كوردستانی له‌سه‌ر نووسیبوو، به خه‌تی ئه‌و بنه‌خشێندرێن. له بواری ڕاگه‌یاندندا، كه‌م كادری حیزبیی هاوته‌مه‌نی تۆزیان ده‌شكاند. به زمانی ساده و پاراوی و به‌و شاره‌زاییه سه‌رنجڕاكێشه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی شاری، له كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و پێوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی لادێ هه‌یبوو، مه‌به‌سته‌كانی خۆی و حیزبه‌كه‌ی، به هاسانی له نێو خه‌ڵكدا ده‌برده پێش. له خۆڕایی نه‌بوو له مانگه‌كانی دیفاع له ئازادی‌و هێرش بۆ سه‌ر دوژمن‌دا، ته‌داروكی به‌شێكی زۆر له هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزب و هێزی پشتیوانیان له ناوچه‌ی پیرانشار و سه‌رده‌شت به‌و سپاردبوو. ئەو ئه‌گه‌رچی وه‌ك پسپۆرێكی كاری ته‌شكیلاتی له ئاستی حیزب‌دا ناوی ده‌ركردبوو، بەڵام له ئازایه‌تی و نه‌ترسی و شه‌ڕكه‌ریدا، له هیچ قاره‌مانێكی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی خۆی، پیرانشار، نه‌ده‌مایه‌وه."
هەیاس کاردۆ لە بیرەوەرییەکانیدا ئاوا باسی شەهید ڕەحمان دەکا: "سۆفی‌زادە بە نیسبەت تەمەنی کەمی (ئەوکات لە خوار ٢٥ ساڵیدا بوو) زۆری دەزانی. لەنێو ئەو هەموو لاو و تازە لاوانەی تازە ڕوویان کردبووە ڕیزەکانی شۆڕش، ژمارەیەکیان زۆر دیار و بەرچاو بوون. ڕەحمان یەک لەوانە بوو کە چاوەڕوانیی زۆری لێ دەکرا و بۆچوون و زانیارییەکانی جێگای لێ وردبوونەوە بوون. ئەو کە لە یەکیەتیی لاوانەوە دەستی بە خەبات کرد وەک کەسێکی خۆشفکر و خاوەن ڕا چاوی لێ دەکرا و هەر بۆیە بەپەلە جێگای خۆی لە ڕێبەرایەتیی ئەو ڕێکخراوەدا کردەوە. چاکم لە بیرە لە ڕێورەسمی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦١دا کە خەڵکی چەند گوندی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد لەنێو باغەکانی "قەرەگۆل" کۆ ببوونەوە، قسەکانی ئەو کوڕە باڵا بەرزە سەرلووت ئارەقاوییە گفت‌ولفت خۆشە سەیر کاری تێکردن. ناوبراو هەمیشە قسەکانی بە شێعرێکی شۆڕشگێری دەست پێ دەکرد کە من لەتە بەیتێکیم هەر لە بیرە کە دەڵێ: بیری مێژوو ژیلەمۆی ئازادیخوازی تێکۆشان.... سۆفی‌زادە لە ناوچەی پیرانشارەوە خۆی گەیاندبووە نیزیک میاندواو هەتا بە وتاری ئاگراوی تۆوی خەبات و خۆڕاگری بچێنێ و دەرسی چۆنیەتیی ژیان بڵێتەوە."
شەهید ڕەحمان به‌دڵ ئه‌وینداری ئازادی نەتەوەکەی بوو. له‌پێناو گه‌یشتن به ئاوات و ئامانجی نه‌ته‌وه سته‌م‌لێكراوه‌كه‌یدا هه‌موو نرخێكی به هه‌رزان ده‌زانی. جووڵە و تەکانەکانی ئەو لاوە دڵ گەرمە خەریک بوو تەزوویەکی خۆش بدا بە لەشی کوردستان کە دەستی ڕەشی زاڵم دڵی گەرمی لە لێدان خست. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژ بە هێزێکی زۆرەوە هێرشیان کردە سەر گوندی جانداران و دەورووبەری، کە لە لایەن تێکۆشەرانی دێموکراتەوە بەرپرچیان درایەوە و پاش شەڕێکی یەک ڕۆژە ژمارەیەکی بەرچاویان لە هێزی کۆنەپەرەستی کوشت و پاشەکشەیان پێ کردن. لەو بەربەرەکانییەدا کە ڕەحمانی سۆفی‌زادە فیداکارییەکی کەموێنەی لە خۆی نیشان دا، پاش خۆڕاگری و وه‌ده‌ستهاتنێكی زۆر پاڵه‌وانانه، کەوتە بەر گوللەی داگیرکەران و خوێنی تێکەڵ بە خوێنی کادریکی دیکەی حیزب -مەحموود فەیزی- بوو، و ڕوحی پاكی به‌ره‌و ترۆپكی نه‌مان هه‌ڵفڕی.