کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشتمان قەرزداری گیانفیدایی ژینگەپارێزانە!

17:30 - 24 گەلاوێژ 2725

جەماڵ فەتحی

ساڵانێکە کوردستان لەژێر دەسەڵاتدارەتیی حکوومە دیکتاتۆری و تۆتالیتارەکانی تاراندا بە هەموو شێوەیەک هەموو تامێکی تاڵی دەچێژێ و هەموو بەڵایەک و کارەساتێکی بەسەر دێ و هەموو پێشێلکاری و پێخوست‌کردنێکی مافەکانی لەسەر تاقی دەکرێتەوە، کەچی بە هەموو ئەوانەشەوە ئەم خاک و نیشتمانە لە چاو خاک و نیشتمانی نەتەوەکانی دیکەی دەوروبەری ئاوەدانتر و سەرنجڕاکێشتر و خەڵکەکەی مافویست و لەسەر پێترە. ئەم ئاوەدانییە جیا لەوە بۆ خودی ژینگەی لەباری کوردستان دەگەڕێتەوە، بەرهەمی بوونی ڕۆڵەگەلێکە کە ئامادەن گیان و ژیانی خۆیان بکەنە قوربانیی نیشتمان و خاکەکەیان.

کۆماری ئیسلامی لە تەنیشت سەرکوتی سیستماتیکی کوردستان لە هەموو ڕەهەندەکاندا ساڵانێکیشە بەوپەڕی دڵڕەقی و بەدوور لە هەرچی پڕەنسیپی مرۆیی و یاساییەوە کەوتووەتە گیانی ژینگەی کوردستانەوە و لە ئاگرتێپەردانی دارستانەکانەوە بگرە هەتا ئالوودەکردنی ئاو و وشککردنی گۆل و چۆمەکانەوە دەستی لە هیچ کاولکارییەک نەپاراستوە و لە هیچ کارەسات‌خوڵقێنییەک نەپرینگاوەتەوە. ئەم ئاکار و کردارانە کە بەنیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، بەبێ هیچ دردۆنگییەک تەنیا یەک ناوی لەسەر دەنرێت، ئەویش کردەوەی داگیرکاریی نێوخۆیی لە چوارچێوەی جوغرافیایی بەناو وڵاتێک‌دایە. کردەوەی داگیرکاری بەو واتایەی کە ئەم ڕێژیمە ئەگەرچی هەڵگری دوو گوتاری ئێرانی و ئیسلامییە، بەڵام سیاسەت و رەفتاری لەهەمبەر خەڵکی کورد و ژینگەی کوردستان نە لە چوارچێوەی ئێرانیبووندا واتا دەدا کە خۆی باوەڕی پێیەتی و نە لە چوارچێوەی ئەو ئیسلامەشدا جێ دەگرێ کە بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکات.

ئەوەش کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سنە و لە کاتی بەخاکسپاردنی شەهیدانی نوێی ژینگە -حەمید مرادی، چیاکۆ یۆسفی‌زادە و خەبات ئەمینی"دا خەڵک دروشمی "داگیرکەری ئێرانی ... قاتڵی ڕۆڵەمانی" بەرز کرایەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی وشیاری کورد بەتەواوی لەوە تێگەیشتوون کە ڕێژیمی داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەری تاران هەموو کردەوە و سیاسەتەکانی لە ئاراستەی سیاسەتێکە کە تەنیا یەک ناوی لێ دەنرێت، ئەویش داگیرکاریی نێوخۆیی خاک و خەڵکێکی مافویست و خاوەن شوناس و مێژوویە.

زۆر جار بەرپرسانی ڕێژیم بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتیی جینایەتەکانیان و پەردەپۆش‌کردنی سیناریۆ ئەمنیەتییەکانیان هۆکاری ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا دەگەڕێننەوە، کە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی تێدا بەدی ناکرێت. چونکی ئەگەر وایە بۆچی زۆر شوێن و ناوچەی دیکە لە ئێران و وڵاتانی دراوسێش کە لە چاو ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆریش گەرمترە ژینگەکەیان بەدەگمەن تووشی سووتمان و ئاگرکەوتنەوە دەبێت؟ یان ئەگەر ڕێژیم خۆی لە هەمبەر ئەو خاک و ژینگەیەدا بە بەرپرس دەزانێت بۆچی لە کوژاندنەوە و کونتڕۆڵی ئەو ئاگرانەدا هیچ هەنگاوێکی بەکردەوە هەڵناگرێ هەتا ژینگەپارێزان کە بە کەمترین پێداویستییەوە بەرەوڕووی ئاگر دەبنەوە، تووشی ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێن نەبنەوە؟ بۆچی درێغیی لە هەموو ئیمکاناتێکی حکوومەتی و دەوڵەتی بۆ دامرکاندنی سوتمانەکان کردوە و دەیکا؟

لەنێو خەڵک و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا زۆر جار بۆچوون و پرسیاری جیاواز لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ ڕێژیمی تاران داگیرکەرە یان نا، دێتە ئاراوە و ئەم بۆچوون و وەڵامە جیاوازەکان بەو پرسیارە چارەسەریی کێشەی کوردیان هێندەی تر تووشی ئاڵۆزی کردوە. بەڵام ئێستە کە دەبینین ئەو دوژمنە ڕق لەدڵە خۆی لە هیچ کردارێکی دژەمرۆیی نابوێرێ و دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێ، نابێ گومانمان لەوە بێت کە کار و کردەوەکانی ڕێژیمی سیاسیی دەسەڵاتدار لە ئێران چەشنی ڕێژیمێکی داگیرکەرە کە کوردستانی داگیر کردوە. ئەوەش بێگومان کارتێکەریی زۆری لەسەر بیرکردنەوە و هەڵویستی سیاسیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاراستەی ڕوانگەکان بووە کە ئاخۆ باشتر نیە لە جیاتی ئەوەی وزەی شۆڕش و ماتەوزەی کۆمەڵگە لەپێناو دێموکراتیزەکردنی نەتەوە و دەسەڵاتی باڵادەست بەفیڕو بڕوات، ئەو ماتەوزانە لە پێناو دەربازبوون و سەربەستیی خاک و ڕزگاریی نەتەوەیی بەکار ببردرێ.

شەهیدکردنی ژینگەپارێزانی کوردستان کە چەندین ساڵە بووەتە بەشێک لە سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو ڕاستییەیە کە ئەم ڕێژیمە کە ئەگەرچی بە ڕواڵەت خۆی لە دوژمنایەتیی کورد دەبوێرێ و کورد بە بەشێک لە پێکهاتەی ئێران دەزانێ، بەڵام لە کردەوەدا بەپێچەوانە، لە کوردستان وەک هەرێمێکی داگیرکراو دەڕوانێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەوەندەی پێی بکرێت خوێنی خەڵکەکەی لە شووشە بکات و لە کۆتاییدا خاک و ژینگەکەشی بکاتە چۆڵەوانییەک کە بۆ ژیانکردن نەشێت.

تازەترین هەوڵی ئاگرتێبەردانەکانی سروشت و ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە بۆ سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە کە لە ئاویەر ڕووی دا کە بەداخەوە لەپێناو کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە سامناکەدا سێ ڕوڵەی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە گیانی ئازیزیان بە کوردستان سپارد و کۆمەڵێک ژینگەپارێزی دیکەش سووتاون و ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا کەوتوونە ژێر چاودێری پزیشکی. لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم شەهیدانە خەڵکی دەروەست و شوناسخوازی سنە و کوردستان وەک لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا جارێکی تر بە دەنگی ڕاشکاو و بەبوێرییەوە دروشمی دژی داگیرکەریی تاران و سپای پاسدارانیان بەرز کردەوە و وەکوو هەمیشە سەلماندیان کە کوردستان سەنگەری لەگیراننەهاتووی ڕزگاری و ئازادییە و ڕۆڵەکانی لە پێناو پاراستنی ئەم خاکە ئامادەیی هەر جۆرە گیانفیدایی و لەخۆبوردووییەکن.