کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان بەبۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات

11:13 - 25 گەلاوێژ 2725

یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات، بەبۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە سەرەتای ئەم پەیامەدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی یەک ساڵی رابردوو، لەوانە بەردەوامیی سیاسەتی شەڕئەنگێزی و قەیرانخوڵقێنی‌ کۆماری ئیسلامی، گوشار و سەرکوتی بەردەوام و سیستماتیک دژی خەڵکی ئازادیخواز و بەتایبەت  مامۆستایان، خوێندکاران، لاوان و ژنان کراوە و هاتووە: گەلانی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان لێبڕاوانەتر لە هەمیشە بەگژ سیاسەتەکانی ڕێژیمدا چوونەتەوە و هەر ڕووداو و پیشهاتەکانی یەکساڵی ڕابردوو دەیسەلمێنن کە چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەت ژنان، لاوان و خوێندکاران پێشەنگایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی دەکەن.

ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب ئاماژەیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی خاکیپۆشان کردووە کە زیاتر لە یەک مانگی خایاند و زۆربەی هەرەزۆری شار و ئاواییەکانی کوردستانی گرتەوە و رایانگەیاندووە کە ئەمە سەلمێنەری بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری نەتەوەیی و لەسەرپێبوونی نەتەوەکەمان بوو.

لە بەشێکدا ئاماژە بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی کراوە و  هاتووە کە ئەم شەڕە ئاکامی سیاسەتی پڕ لە هەڵە و شەڕئەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە وێڕای تێکشکاندنی هەیمەنەی درۆیینی رێژیم،  خەڵک و وڵاتی تووشی نیگەرانیی زیاتر کردووە کە بێگومان ڕزگاربوون لە چنگ ئەم قەیران و نیگەرانیانە تەنیا لە نەمانی ئەم رێژیمە و دامەزرانی دەسەڵاتی گەلی و دێموکراتیکە.

ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان لەم پەیامەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا هەڵوێست و ڕوانینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێگەیەکی بەرزی جەماوەریی لە نێو خەڵکی کوردستاندا هەیە، بەرپرسیارانە و واقعبیانە بووە. بە تێفکرین و وردبوونەوە لە نێوەڕۆکی هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە ڕووداوەکان‌، دەردەکەوێ کە رێبازی نەتەوەیی و دێموکراتیکی حیزب و تێڕوانینەکانی ئەم حیزبە بۆ جۆری خەبات دژ بە سەرەڕۆیی، هەتا ئێستا رێنیشاندەری ئەم خەبات و جموجووڵانەیە.

لە کۆتایی ئەم پەیامەدا هاتووە: ئێمە یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات، لەسەر ئەم ڕێچکە و ڕێبازە کە هەم مودێڕن و خۆگونجێنە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و هەم لەسەر دادپەروەری و یەکسانیی ژن و پیاو و هەروەها پرنسیپە دێموکراتیکەکان پێداگرە، بەردەوام دەبین و وەفادار دەمێنینەوە.