
ڕۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ناو و یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی سنە، ڕێپێوانێک بۆ سەر کێوی ئاویەر ڕێک خرا.
ڕێکخەرانی ئەم ڕێپێوانە، ڕایانگەیاندبوو کە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان لە مەیدانی گازی سنەوە هەتا ئاویەر ڕێپێوانێک ڕێک دەخرێت و بە گوڵبارانکردنی جێژوانی شەهیدانی خاک و نیشتمان، ڕیز لە ناو و یادی شەهیدانی ژینگەپارێز دەگرن.
ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ژینگەدۆست و بەئەمەگی کوردستان بەشدارییان لەم ڕێپێوانەدا کرد و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، بەشداربووان بە وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئاگرێکی بەرفراوان کێوی ئاویەر لە شاری سنەی گرتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی ژینگەپارێزی بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕوویان لە ئاویەر کرد.
گۆڕانی ئاراستەی با لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک لە ژینگەپارێزەکان لەنێو ئاگردا گەمارۆ بدرێن و تووشی سووتانی جیددی بن.
ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ، حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەنجومەنی شنەی نەوژینی کوردستان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا و هەمان ڕۆژ لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا و بە دروشمی شەهید نامرێ و داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بە خاک سپێردرا.
چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی، کە لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژەوە لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی کەوسەر خەوێندرابوون، لە ڕۆژانی دواتردا و بە هۆی زۆربوونی ڕێژەی سووتانەکەیانەوە گیانیان پێشکەشی نیشتمان کرد.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خەبات ئەمینی لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی سنە و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی چیاکۆ یووسفینژاد هاوکات لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی لە گۆڕستانی حەسەناوا، و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بەڕێوە چوو.
شایانی باسە کە ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند کە شەهید چیاکۆ یووسفینژاد، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.