
لە دوای سەردانی سەرۆککۆماری ڕووسیە بۆ ئەمریکا و چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەرەڕای چاوپێکەوتنێکی زۆر کاریگەر لەگەڵ پووتین، لەسەر بابەتی کۆتاییهێنانی شەڕی ئۆکراین هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاکامی دڵخواز.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "لەو چاوپێکەوتنەدا بەرەوپێشچوونێکی باشمان بوو بەڵام بە ئاکامی دڵخواز نەگەیشتین و لە سەر کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین نەگەشتینە ئاکام".
سەرۆککۆماری هەر دوو وڵات لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا، سەبارە بە چاوپێکەوتنە سێ کاتژمێرییەکەی نێوانیان باسیان لە وردەکاریی زیاتر نەکرد.
ترامپ لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنەدا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ڤێلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە، لەسەر چەندین بابەتی دیکە ڕێک کەوتوون کە هەندێکیان گرینگن و جەختیشی کردووەتەوە کە تا کاتێک بەتەواوەتی لەگەڵ پووتین ڕێک نەکەون، هیچ ڕێککەوتننامەیەک لە ئارادا نابێت.
شایانی باسە دۆنالد ترامپ بڕیارە لە دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆککۆماری ڕووسیە، لەگەڵ ناتۆ، ڤێلادیمیر زیلێنێسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین و ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپایی کۆبوونەوەی هەبێت.
هەروەها لەو پێوەندییەدا ڤێلادیمیر پووتین، هیوای خواست کە ئەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ترامپ، دەسپێکی خاڵێکی وەرچەرخان بێت بۆ چارەسەری کێشەی ئوکراین و پتەوبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە.
پووتین بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان، باسی لە "لێک تێگەیشتن" لەگەڵ ترامپ کردووە و وتی: "هیوادارم ئوکراین و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی بەرنامەکان تێک نەدەن".
سەرۆککۆماری ڕووسیە جەختیشی کردەوە کە دەبێت لە سەر بابەتی شەڕ لەگەڵ ئوکراین بەدواداچوون بۆ "بنچینە"ی کێشەکان بکرێت و زیادیشی کردووە کە داواکارییەکانی مۆسکۆ ئەوەیە کە ڕێگە بە ئەندامبوونی ئوکراین لە "ناتۆ" بگیردرێت و ئەرتەشی ئۆکراین چەک بکرێت.