کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا لەبابەت دانانی چەک، هەڕەشەی لە دەوڵەتی لوبنان کرد

11:44 - 25 گەلاوێژ 2725

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ جارێکی دیکە لەسەر دژایەتی ئەو گرووپە لەبابەت پلانی دەوڵەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەک جەختی کردەوە و هەڕەشەی کرد و وتی: "ئەگەر پێویست بکات، حیزبوڵڵا شەڕێکی کەربەلایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پڕۆژە ئیسرائیلی-ئەمریکایی دەست پێدەکات".

نەعیم قاسم ڕوو لە دەوڵەتی لوبنان ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەم دەوڵەتە لە تەنیشت ئیسرائیلدا بووەستێت، ئەوە چیدیکە "ژیان" لە لوبناندا بوونی نابێت.
قاسم جەختیشی کردووەتەوە کە یان دەبێت لوبنان یەکگرتوو بێت یان ئەوەی کە دەبێت دەوڵەت بەرپرسیاری لێکەوتەکان بێت و لە کۆتاییشدا بە دوو وشەی "ماڵاوا دنیا"، قسەکانی کۆتایی پێ هێناوە.

ئەم لێدوانەی سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا، وەڵامی نواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنانی لێکەوتەوە و حیزبوڵڵای بە هەڕەشە لە دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی تۆمەتبار کرد.

سەلام هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ لایەنێک لە لوبنان بۆی نییە چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی لوبنان هەڵ بگرێت.

ئەو قسانەی نەعیم قاسم ڕۆژێک دوای سەردانی عەلی لاریجانی، بەرپرسی شواری باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران، بۆ بەیروت بوو کە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆ بوویەوە.

هەردوو بەرپرسی دەوڵەتی لوبنان بە نوێنەری کۆماری ئیسلامییان ڕاگەیاندبووە کە هەرچەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری نێوخۆی لوبنان لە هەر لایەکەوە ڕەت دەکەنەوە.

حیزبوڵڵای لوبنان کە بە گەورەترین باسکی نیابەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە دادەنرێت، لە بەرامبەر بڕیارنامەی دەوڵەتی لوبنان لە حەفتەی ڕابردوودا سەبارەت بەو بابەتەی کە دەبێ چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت، هەڵوێستی نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کە ناچێتە ژێر باری وەها بڕیارێکەوە.

دەوڵەتی لوبنان لە بڕیارنامەیەکدا داوای داماڵینی چەک لە هەموو میلیشیاکانی ئەو وڵاتە لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە.
 ئەمریکا پشتیوانیی لەم بڕیارە کردووە و هەوڵیشی بۆ پەسەندکردنی داوە.