
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، حاجی عەلی ساڵحی، باوکی کاک خالید خاڵدار، پێشمەرگەی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد .
حاجی عەلی کەسایەتییەکی جێگای ڕێزی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان بوو. ئەندامێکی دڵسۆز و کوردێکی نیشتماندۆست و وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات و پێوەندی نزیکی بە شۆڕشگێڕانی ٤٦ و ٤٧ـەوە بە تایبەت شەهیدان "مینەشەم" و "عەبدوڵڵا موعینی" هەبوو.
حاجی عەلی بەهۆی ئەوەی کە کوڕێکی پێشمەرگە بوو چەندین جار لەگەڵ کچێکی خۆی لەلایەن جاش و پاسدارانی ئەو ڕێژیمە تووشی زیندان و لێدان و بێحوورمەتی بووە، بەڵام هەرگیز خۆشەویستیی نیشتمانەکەی لە دڵیدا کەم نەبوویەوە.
کاک خالید خاڵدار کوڕی حاجی عەلی، تێکۆشەر و فەرماندەی ناسراو و خۆشەویستی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتە کە سەراسەری ژیانی لە پێناو حیزب و گەلەکەیدا تێپەڕ کردووە و ئێستاش لەسەر ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و خزمەت بە نیشتمانەکەی لە حیزبدا، هەر بەردەوامە.
حاجی عەلی هەمووکات لە چاوەڕوانیی ئەوە دابوو کە گەلەکەی بە سەربەرزی و لەژێر سێبەری ڕزگاری و ئازادیدا بژیت. بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا کە دڵی پڕ لە هیوای نیشتمانەکەی بە ئازادی ببینێت.
تەرمی حاجی عەلی لە گۆڕستانی شاری مەهاباد لەنێو ئاپۆڕای خەڵكدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.