کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل ژێرخانە سەربازییەکانی حیزبۆڵڵای لوبنان و حەماسی کردە ئامانج

16:27 - 25 گەلاوێژ 2725

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی شەڕکەرەکانییەوە چەند ژێرخانی سەربازی و گرینگی حیزبۆڵڵای لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و زیانێکی بەرچاوی بەو گرووپە سەر بە تاران گەیاند.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە پێوەندیی لەگەڵ ئامانجی ئەو هێرشانەدا ڕایگەیاندووە: "بوونی بنکەی سەربازی و ژێرخانی ژێرزەوینیی حیزبۆڵڵا و چالاکییەکانی ئەو گرووپە، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە".

 ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا زیادی کردووە: "هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ لەنێوبردنی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل".

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل بە هاوکاریی "شاباک"، فەرماندەیەکی باڵای حەماسی بە ناوی "عەبدوڵڵا سەعید عبدولبەگین"ـی کردە ئامانج و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ئەم فەرماندەیەی حەماس کە ڕۆڵی لە بارمتەگرتنی خەڵکی ئیسرائیل لە هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ـدا هەبووە و هەروەها بە وتەی ئەرتەش گەڵاڵەی چەندین هێرشی بۆ سەر ئیسرائیلی داڕشتووە، کوژراوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک ڕایانگەیاندووە کە لە بەرەوڕووبوونەوە دژی ئەو تیرۆریستانەی کە لە کوشتاری "٧ی ئۆکتوبردا" دەستیان هەبووە، بەردەوام دەبن.