کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش شەڕی ئێران و ئیسرائیل ٥٣هاووڵاتیی مەسیحی دەسبەسەر کراون

10:35 - 26 گەلاوێژ 2725

بە ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل، ٥٣ هاووڵاتیی مەسیحی لە ئێران دەسبەسەر کران. دەسبەسەریی ئەو کەسانە بە بیانووی "هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل" ئەنجام دراوە.

هەواڵدەریی هێرانا لە زاری ڕۆژنامەی ''هەمشەهری'' بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٥٣ هاووڵاتی مەسیحی دەسبەسەر کراون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە ئەم کەسانە شوێنکەوتووی لقێکی ئایینی مەسیحی بوون و هاوکارییان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەبووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتر لەوانە ناسنامەی ئەو هاووڵاتیانە و شوێنی دەسبەسەرکردنیان نەداوە.

کۆماری ئیسلامی پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە گوشارەکانی خۆی بۆ سەر کەمینە ئایینی و نەتەوەی و ئیتنیکییەکان لە ئێران چڕتر کردووەتەوە.

ڕێژیم پاش شەڕ شەپۆلی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانیی لە ئێران دەست پێ کرد و سەدان هەزار هاووڵاتی، تەنانەت ئەو هاووڵاتییانەش کە لە ڕێگەی یاساییەوە هاتبوونە نێو ئێران، بەشیکی زۆریان دەر کران.

جیا لە دەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە، ڕێژیم سەدان ئەفغانستانیی دیکەی بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کردبوو.