کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پارلەمانی لوبنان: باڵوێزخانەی ئێران لە بەیرووت دەبێت دابخرێت

11:01 - 26 گەلاوێژ 2725

نوێنەرێکی پارلەمانی لوبنان لە کاردانەوە بە لێدوان و ناڕەزایەتییەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر بابەتی چەکدانانی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە، دەبێت باڵوێزخانەی ئێران لە بەیرووتی پێتەختی لوبنان دابخرێت.

ئەشرەف ڕیفی، نوێنەری پارلەمان و وەزیری پێشووی وەزارەتی دادی لوبنان، لە پێوەندیی لەگەڵ بابەتی چەکدانانی حیزبوڵڵا و پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم گرووپە بۆ ملنەدان بە ڕادەستی چەکەکانیان، وتی: "باڵوێزخانەی ئێران لە بەیرووت ناوەندێکە بۆ بەڕێوەبردنی هەوڵە تێرۆریستییەکان و دەبێت دابخرێت".

ڕێفی لە درێژەی قسەکانیدا و ڕوو لە نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، هۆشداریی دا و وتی: "لەهەمبەر بژاردەیەکی بێباکانە کە تێچووەکەی ئەدەیت، هۆشدارییت پێ ئەدەم، ئەگەر ناچار بە بەرگریکردن لە خۆمان بین، لە شەقامەکانی لوبنان بەرەوڕووت دەبینەوە و توانای ئەنجامی ئەم کارەشمان هەیە".

قاسم پاش سەردانەکەی عەلی لاریجانی، نویسکاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕیژیم بۆ بەیرووت وتبووی: "ئەگەر پێویست بکات حیزبوڵڵا شەڕێکی کەربەلایی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پڕۆژە دەکات".

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا هەڕەشەی ئەوەشی کردبوو کە ئەگەر دەوڵەتی لوبنان سەبارەت بە چەکدانانی حیزبوڵڵا گوشار بخاتە سەر ئەم گرووپە، ئەوە چیدیکە ژیان لە لوبناندا بوونی نابێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی لوبنان ناڕەزایەتیی توندی خۆیان لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە ڕاگەیاندبوو.