کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: تەنیا مەرجی ئێمە بۆ ڕێککەوتن لە غەززە، ئازادیی بارمتەکان و چەکداماڵینی حەماسە

12:31 - 26 گەلاوێژ 2725

نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەرجەکانی ڕازیبوون بە هەر ڕێککەوتنێک، ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان و هەروەها چەکداماڵینی حەماسە.

لەم بەیاننامەیەدا مەرجەکانی ئیسرائیل بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو: "چەککرانی حەماس، کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیل، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی تەنیشت کەرتی غەززە و پێکهێنانی حکوومەتێک کە حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی تێدا نەبێت و بە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیلدا بژین".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستە نێتانیاهوو جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنێک ڕازی نابێت کە تەنیا ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان لەخۆ بگرێت.
ناوبراو لە وتووێژێک لەگەڵ تێلێڤیزیۆنی ''ئای ٢٤ نیوز''ی ئیسرائیل وتبووی: ''جارێکی دیکە ناگەڕێمەوە بۆ ڕێککەوتنە وردەکان و هەموو مەرجەکانم دەوێت.''

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەینی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە کابینەی ئەمنییەتیی دەوڵەت لەسەر کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە ڕەزامەندیی دەربڕیوە.
 پاش ئەم بڕیارە، لە ئاستێکی بەربڵاودا مەحکوومکردنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە، ڕووی لە ئیسرائیل کرد.