کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی کرێکاران لە سەرانسەری ئێران

12:53 - 26 گەلاوێژ 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا" لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی ئێران لەمەڕ بێ ئاوی، بڕینی کارەبا و ئینتێرنێت و هەروەها کرێکارانی شیرکەتە جۆراوجۆرەکان لەمەڕ داخوازییەکانیاندا لانیکەم ٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدرییە و "یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران"، ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژ، کرێکارانی شیرکەتی "فوولادی پارس دەیلەم" لە سوومعەسەرای پارێزگای گیلان،  لە بەر بینای فەرمانداریی ئەو شارە لەمەڕ چارەسەریی کێشەکانیان و پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، کرێکاران وێڕای ناڕەزایەتیی لە کەمیی حەقدەست و نەبوونی بیمە، لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا باسیان لە قەیرانی بڕینی کارەبای بەرهەمێنەرەکان و داخرانی کارخانە و کارەکانیان کردووە و خوازیاری چارەسەریی کێشەکانیان بوونە.

 ‌هێرانا لە زاری بەڕێوەبەری یەكێک لەو کارگە بەرهەمهێنەرانەوە باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا کارەبای کارخانە و شیرکەتەکانی شاری سوومعەسەرا بڕاوە و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە و کرێکاران بێکار بوونە.

هەروەها یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە کرێکارانی "پێترۆشیمی ڕازیی بەندەر ماشەهر" بۆ ماوەی ٨ ڕۆژی بەردەوام مانیان گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، حەراسەتی شیرکەتی پێترۆشیمیی ڕازی بۆ کۆتاییهێنان بەو مانگرتنە هەڕەشەی دەرکردنی لە کرێکاران کردووە و باس لە ڕێگری لە چوونەوەی هەندێک لەو کرێکارانە بۆ شیرکەت کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژ دوو کرێکاری ئەو شیرکەتە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەتا کاتی  بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئازاد نەکراون.

هەروەها وەرزێڕا نی شاری "سەیدوون" لە پارێزگای خووزستان لەمەر ڕاگواستنی ئاوی ڕووباری "عەلا" بۆ پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و خوازیاری ڕاگرتنی ئەو پڕۆژە بوونە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆکان، خەڵکی ناڕازیی شاری سەیدوون باسیان لەوە کردووە کە سەرەڕای ئەوەی کە خۆیان کێشەی بێ ئاوییان هەیە، بەردوامیی پڕۆژەی ڕاگواستنی ئاو، قەیرانی بێ ئاوی قووڵتر دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆیی لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٢٥٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێراندا بەێوە چووە و لەو ڕێژە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە ٧٢٤ کۆبوونەوەیان کرێکاری، ١١٨٧ کۆبوونەوەی سێنفی، ٧٤ کۆبوونەوەی مامۆستایان، ٤٧ کۆبوونەوەی خوێندکاری، ٤٨ کۆبوونەوەی ژینگەیی و ١٧٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ماڵ خوراوان لە ٣١ پارێزگای ئێراندا بەڕێوە چووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە مافی مرۆییانە، هەروەها لە ١٤٠٣دا، ٧٠ مانگرتنی سێنفی و ١٣٧٧ مانگرتنی کرێکاری لە ئێراندا تۆمار کراون.