کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە هێرش بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بە تاران بەردەوامە

18:38 - 26 گەلاوێژ 2725

ڕادیۆ ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئەرتەش وزەخانەی حووسییەکان لە سەنعای پێتەختی یەمەن کردووەتە ئامانج و زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی وەزی ئەو گرووپە گەیاندووە.

ڕادیۆ ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد هێزی دەریایی ئیسرائیل ژێرخانی وزەی کارەبایی حووسییەکانی لە یەمەن کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و لەنێوی بردووە.

هەروەها ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی سەر بە حووسییەکان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وزەخانەکانی ئەو گرووپەیان پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی چەند هەواڵدەرییەک، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز سەنعای پێتەختی یەمەنی هەژاندووە.

هەروەها شایتەحاڵانی ئەو ڕووداوە بە هەواڵدەریی "ئاڵمان"ـیان راگەیاندووە کە دوو تەقینەوەی بەهێز سەنعای بە جۆرێک هەژاند کە هەموو دانیشتووانی ئەم شارە هەستیان بە تەقینەوەکە کرد.

هەواڵدەریی ئاڵمان لە زاری ئەو شایەتحاڵانەوە باسی لەوە کرد کە ئاگری ئەو تەقینەوە ئاسمانی سەنعای تەنیوە، بەڵام زانیارییەکی وردی سەبارەت بە زیانەکانی ئەو تەقینەوە لەبەر دەستدا نییە.

ئەو هەواڵدەرییە ئاماژەی بەوە داوە ئەو هێرشەی ئیسرائیل لە ڕێگەی چەند بەلەمێکی مووشەکهاوێژەوە هێرشی کردووەتە سەر وزەخانەی "حۆزێز" لە باشووری سەنعا.

شایانی باسە ئیسرائیل ئەو هێرشەی لە دوای یەک مانگ ئارامیی لە سەنعا ئەنجام داوە.

پێشتر ئیسرائیل چەند هێرشێکی چڕی بۆ سەر بنکە و ژێرخانە سەربازی، ئەمنییەتی و ئابووریەکانی حووسی لە سەنعا ئەنجام داوە و ئەو گرووپەش لە دژکردەوەدا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر تێلاڤیڤ و حەیفا.

ئەم گرووپە چەکدارییەی سەر بە تاران پاش دەسپێکی شەڕ لە غەززە، بەمەبستی پشتیوانیکردن لە حەماس چەندین هێڕشی لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجام داوە کە زیانێکی بەرچاوی ئابووری و هەروەها چەندین کوژراو و برینداری هەبووە.