کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی پێشنیاریی پووتین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە دژی ئۆکراین ئاشکرا کرا

18:44 - 26 گەلاوێژ 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز" ڤێلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە، لە سەردانی خۆی بۆ ئەمریکا و وتووێژ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە دژی ئوکراین، گەڵاڵەیەکی پێشنیارکراوی بە دەوڵەتی ترامپ داوە.

ڕویتێرز دەقی پێشنیارەکانی پووتینی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئوکراین بەم شێوەیە بڵاو کردووەتەوە: "ئاڵوگۆڕ لە سنوورەکانی دوو وڵات، ڕێگری لە پەیوەستبوونی ئوکراین بە ناتۆ، گەرەنتیی ئەمنییەتی و بە فەرمی ناسینی دەسەڵاتی ڕووسیە بۆ سەر کریمە".

ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە چەند وردەکارییەکی دیکەشی لە پێشنیارەکەی پووتین بڵاو کردووەتەوە کە لە بەشێکیدا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زەوی، باس لەوە کراوە کە ڕووسیە ئامادەیە بەشێکی بچووک لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری ئوکراین ڕادەستی کیێڤ بکاتەوە و بە پێچەوانەوەش ئوکراین دەبێت بە تەواوی لە پارێزگاکانی "دوونێتسک" و "لووهانسک" پاشەکشێ بکات.

ئەم پێشنیارەی پووتین لەکاتێکدایە کە کیێڤ پێشتر ڕاگەیاندبوو کە پاشەکشێکردن لە ناوچەی دوونێتسک ڕێگەپێنەدراوە، چونکە ئەو ناوچەیە بۆ بەرگریکردن لە قووڵایی خاکی ئوکراین زۆر پێویستە و پاشەکشێ لەو ناوچەیەدا ئەمنییەتیی گشتیی ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

ئەم داواکارییانەی کرێملین لەکاتێکدایە کە ڕووسیە نزیک بە ٤٤٠ کیلۆمیتری دووجای لە پارێزگاکانی "سومی" و "خارکیف"ـی لە کۆنتڕۆڵدایە لەکاتێکدا ئوکراین ٦٦٠٠ کیلۆمیتری دووجای لە "دوونێتسک" و "لووهانسک"ـی بەدەستەوەیە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نابێت ئوکراین ببێتە ئەندامی "ناتۆ" و جەختیش کراوەتەوە کە لە وەها ئەنجامێکدا، ڕووسیە ئەمنییەتی ئۆکراین گەرەنتی دەکات.
ئەم پێشنیارە ڕاستەوخۆ بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی ئوکراینە، ئەندامبوون لە هاوپەیمانیی ناتۆ یەکێک لە ئامانجە ستراتیژیکەکانی کیێڤ دیتە ئەژمار.

جیا لە بابەتی ئوکراین، پووتین لە دانیشتنەکەی لەگەڵ ترامپدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان دژی ڕووسیە بووە.

شایانی باسە ئەگەری هەیە حەفتەی داهاتوو ڤێلادیمیر زیلێنێسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین، سەبارەت بە گەڵاڵەی ئاشتی و گەڵاڵەی پێشنیارکراوی پووتین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، سەردانی ئەمریکا بکات.