
ئا: شیوا مورادیان
بە بەشداریی عەلی بداغی و ڕووناک فەتحی
ئاماژە: " ئەخلاق و سیاسەت لە بنەما فکرییەکانی د. قاسملوودا" دێکیۆمێنتارییەک بوو کە شیوا مورادیان بۆ ٣٦ ساڵەی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو ئامادەی کردبوو و لە "کوردکاناڵ" بڵاو کرایەوە. تێکستی ئەم دێکیۆمێنتارییە عیرفان ڕەهنموون نووسیویەتی و بابەتەکە بە بەشداریی ڕووناک فەتحی و عەلی بداغی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات تاوتوێ کراوە.
دوکتۆر قاسملوو لە زۆر ڕوەوە، ڕێبەرێکی دەگمەن و ناوازەیە لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بە تایبەتی.
ئەگەر ئەندێشەی ئەو ڕێبەرە مەزنە لە دوو چەمکی سەرەکی و بونیادیدا کورت و چڕ بکەینەوە، دەتوانین بێژین کە چەمکەکانی مرۆڤ و ئازادی، تەوەری سەرەکیی ئەندێشەی دوکتۆر قاسملوون. بەو مانایە کە مرۆڤ بەبێ ئەوەی سیفەتێکی پێوە بلکێنرێ، ئازادە و ئەم ئازادییە، لە ڕوویەکەوە کانگای مەزنایەتیی مرۆڤ و لە ڕوویەکی دیکەوە، سەرچاوەی بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیەتی. بەو مانایە کە "چییەتی"ی مرۆڤ لە پێش "بوون"یەوە نیە و "بوون" ی مرۆڤ دەکەوێتە پێش ماهییەتی مرۆڤەوە. واتە مرۆڤ ئازادانە لەدایک دەبێ و ئازادانە، ماهییەتی خۆی ڕەنگڕێژ دەکات و بەرپرسیارێتی ڕەفتاری خۆی دەگرێتە ئەستۆ.
بەم شێوەیە، مرۆڤ ئازادانە و بە هەڵبژاردنەکانی و بە کردار و پەرچەکردارەکانی، پێناسەیەک لە خۆی دەخاتە ڕوو و ئازادی، ڕێگەی بۆ ئاواڵا دەکات تا مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێ.
ئازادی و بەرپرسایەتی، دوولایەنی بونیادیی "بوون"ی مرۆڤن و بەو هۆیەوە کە ئێمە ئازادین، نابێ کەسی دیکە بۆ ناکامییەکانمان سەرزەنش بکرێ و چونکە، ئێمە خۆمان بەرپرسی گشت کار و کردەوەکانی خۆمانین و دەبێ بەرپرسیارێتیی باش و خراپی کردەوەکانمان وەئەستۆ بگرین.
لە ئەندێشەی دوکتۆر قاسملوودا، ئەخلاق و سیاسەت بە پێچەوانەی نەریتی کۆن، لە زاتی مرۆڤ یان یاسای ئاسمانی و بانمرۆییەکانەوە سەرچاوە ناگرێ، بەڵکوو هەڵقوڵاوی بوونی تاکەکەسی، ئازادی و بەرپرسیارێتییە.
ڕووناک فەتحی
کاتێک باس لە ڕوانگەکانی دوکتور قاسملوو بۆ ئەخلاقی سیاسی و چەمکەکانی دیکە دەکەین، ئەتوانین بڵێین دوکتور قاسملوو وەکوو یەکێک لە رێبەرە بژاردە و دەگمەنەکانی کورد، توانی فەرهەنگێکی سیاسی تایبەت بە خۆی بێنێتە نێو بزووتنەوەی کورد و ڕەنگدانەوەی هەبێ لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. بۆیە کاتێک باس لە ئەخلاق لە سیاسەت بە مۆشەخەسی دەکەین دەتوانین بڵێن لە چەند ڕەهەندەوە یان لە چەند ڕوانگەی جیاوازەوە ئەم ڕوانگەیە کاریگەری هەبووە لەسەر تەواوی هەڵسوکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوکتور قاسملوو وەکوو ڕێبەرێک وە دواتر ئەم فکرە شۆڕ بووەتە نێو حیزبی دێموکرات و نێو بزووتنەوەی کورد بەشێوەیەکی گشتی.
ئەگەر لە چەند بوارەوە بڕوانینە ئەم پرسە یەکەم لەبواری فەرهەنگی سیاسیەوە دوکتور قاسملوو باوەڕی وابووە کە حیزێکی سیاسی و شۆڕشگێڕ وپێشکەوتن خواز بە بێ بوونی فەرهەنگێکی سیاسی پێشکەوتوونخواز ناتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی بگا. بەتایبەتیش لەم پێوەندییەدا باس لە باوەڕ بە دێموکراسی، تۆلێڕانس، پلۆرالیزم دەکا لە نێو بزووتنەوەی کورد وە دەتوانین بڵێین ڕوانگەی دوکتور قاسملوو بۆ فەرهەنگی سیاسی و نەهادینەکردنی وەک یەکێک لە بنەماکانی دێموکراسی لەنێو کۆمەڵگەدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو ئاستی سەرەکی، یەکەم ئەوەیکە دێموکراسی تەنیا لە ئاستی دەسەڵاتێکی سیاسی وە مافی هەڵبژاردن و بەشداری سیاسیدا نەبینین، بەڵکوو پێش ئەوەی دێموکراسی لە نێوکۆمەڵگەدا وەکوو ساختارێکی سیاسی ببینێ، دێموکراسیی وەکوو فەرهەنگێکی سیاسی وێنا کردوە. واتە باوەڕی وابووە کە دێموکراسی پێش ئەوەی ساختارێکی سیاسی بێت وەکوو فەرهەنگێکی سیاسی لە کۆمەڵگەدا دەتوانێ نەهادینە ببێ وە فەرهەنگی تاک ئاکاری، ڕەوەشتی تاک تێڕوانینی تاک بۆ دێموکراسی لە کۆمەڵگەدا دەبێ لە باری فەرهەنگیەوە ببێتە بەشێک لە باوەڕی تاکەکان. ئەم تاکە چ وەکوو تاکێکی شۆڕشگێڕ لەنێو بزووتنەوەیەکی سیاسیدا بێ چ وەکوو تاکێكی ئاسایی لە چوارچێوەی ژیانی ئاسایی خۆیدا بێ دەتوانێ بە فەرهەنگێکی سیاسی پێشکەوتن خوازەوە بڕوانێتە مافەکانی خۆی.
بۆیە لە ئاستی سیاسیدا ئەبینین دوکتور قاسملوو کاتێک باس لە دروشمی حیزبی دێموکرات دەکا باس لەوە دەکا لە سەردەمی خۆیدا دێموکراسی بۆ ئێران خودمۆدختاری بۆ کوردستان هەر لەم ڕوانگەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دوکتور قاسملوو دێموکراسی و ئەخلاقی سیاسی وەکوو یەکێک لەو بنەمایانە تەنیا بۆ نەتەوەکەی خۆی و گەلەکەی خۆی پێناسە ناکات، بەڵکوو باوەڕی وایە ئەوەی کە بۆ نەتەوەکەی خۆی وە بۆ تاکێک کە بۆخۆی بە ڕەوای دەبینێ وە پێ وایە دەتوانێ لەو سۆنگەوە دەتوانێ بە مافەکانی بگات دەبێ بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشی بە ڕەوا ببینێ. بەتایبەتیش کە باس لە چوارچێوەی جوغرافیایەک بەناوی ئێران دەکرێ و گەلی کورد و نەتەوەیی کورد دەیەوێت لەو چوارچێوەیەدا بە مافەکانی خۆی بگا، پێ وایە دەبێ بە دێموکراسی نەهادینە ببێ وە لە چوارچێوەیەکی جوغرافیای وەکوو ئێران کە نەتەوەی جۆراوجۆری تێدایە کۆمەڵگەیەکی فرە تەنەوعە دەبێ تۆلێڕانس زاڵ بێ وە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین لە روانگەی سیاسییەوە دوکتور قاسملوو تەواو لە روانگەیەکی ئەخلاقی ڕوانیویەتیە دێموکراسی. لە ڕوانگەی تاکیشەوە دێموکراسی وەک بەشێک لە فەرهەنگی سیاسیی تاک پێناسە دەکات و پێی وایە تاک هەتا لەباری کۆمەڵایەتییەوە خۆی لە گەڵ پێوەرە نێونەتەوەیەکان نەگونجێنێ خۆی لە گەڵ مافی مرۆڤ نە گونجێنێ، ناتوانێ لە چوارچێوەی ڕەوشت و ئاکارێکی سیاسیدا بڕوانێتە مافەکانی.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ئەگەر بین لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە باس لە ئەخلاق لە سیاسەتدا بکەین دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی تەشکیلاتی و دەروون حیزبی. لە ئاستی تەشکیلاتیدا دوکتور قاسملوو پێی وایە کە لە مۆدیرییەتی ئۆرگانیزاسیۆن بەتایبەتی بەرپرسان و ئەندامانی ئۆرگان بەگشتی کادری حیزبی دەبێ لە بەرپرسایەتی و مۆدیرییەت کردندا و لە ئەخلاق و ڕەوشت لە هەڵسووکەوتیان چ لەگەڵ ئۆرگانی سەرەوەتری خۆیان چ لە گەڵ ئۆرگانی خوارەوەتر بتوانێ نموونە بێ. لێرەدا ئەوەی بۆ د. قاسملوو بنەمایە ڕێزگرتن لە یەکتر نە تەنیا مودیرییەت لە چوارچێوەی پڕەنسیپێکی وشکی تەشکیلاتیدا بەڵکوو لەسەر بنەمای پێکەوە هەڵکردن لە گەڵ یەکترە و پێی وایە بەرپرسانی حیزبی دەبێ لە باری تەشکیلاتی لە باری مۆدیریەتی ئۆرگانی خۆیەوە پشت بە بنەمای رێزگرتن لە بیر و باوەڕی جیاواز بگرێ پێکەوە هەڵکرتن بکاتە بنەما نەتەنیا خۆی لە چوارچێویەی پرەنسیپێکی وشکی تەشکیلاتی وە دەستوردان و ئەمرو نەهی کردن سەر خوار و دەستییەکانی خۆیدا. بۆیە لێرەدا بۆی گرینگە کە مەسەلەی مافی مرۆڤی وە مەسەلەی ڕێزگرتن، مەسەلەی پاراستنی کرامەت بکات بە یەکێک لەو بنچینانەی کە لە بواری تەشکیلاتییەوە ڕەنگدانەوەی هەبێ لە سەر حیزبی دێموکرات، و بەتایبەتی کە حیزبی دێموکراتیش کە باوەڕی بە کرامەتی ئێنسانی و مافی مرۆڤ هەیە دەیەوەێ ئەم ئەسڵە بهێنێتە ناو ڕیزەکانی تەشکیلاتییەوە، وە بیکاتە بنەمایەکی باوەڕی بۆ تاکی حیزبی.
لە ڕاونگەیەکی دیکەوە د کە تەقریبەن تەواوکەری فەرهەنگی سیاسیی دوکتور قاسملووە ،گرینگیدان بە مافی مرۆڤە. چاو لە هەر بۆعدێکی فکریی دوکتور قاسملوو دەکەین چ بەرانبەر بە حیزبەکەی خۆی چ بەرانبەر بە بزوتنەوە بە شێوەیەکی گشتی وە تەنانەت بەرانبەر بە سەسەڵاتی نەیار و دوژمنی یەکێک لەو پێوەرانە کە ڕەچاوی کردوە پابەند بوون بە مافی مرۆڤە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین کە دوکتور قاسملوو نە تەنیا کرامەتی ئێنسانی و مافی مرۆڤی بۆ حیزبەکەی خۆی و بۆ تەشکیلاتی خۆی و بۆ بزووتنەوەکەی بەڵکوو لە ئاستێکی ناوچەی و جیهانیشدا وەکوو ڕێبەرێکی مۆدێڕن وەکوو ڕێبەرێکی پێشکەوتنخواز ڕوانیویەتیە ئەم چەمکە. بۆیە مەسەلەی ئەخلاق لە سیاسەتدا دەتوانین بڵێین لە چەمکی مافی مرۆڤیدا ڕەتکردنەوەی ستەم کە وەکوو ڕیبەرێک دژی ستەم بووە، جا ئەم ستەمە، ستەمی چینایەتی بێ، ستەمی سیاسی یان ستەمی کۆمەڵایەتی بێ. هەر بۆیە دەبینین کە دەیهەوێ ئەم چەمکە بەیاسایی بکات لە نێو حیزبەکەیدا، هەر ئەوەی دێت بەرنامەی دواڕۆژی حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمایی سۆسیالیزمی دێموکراتیک دادەڕێژێت و دەیەوێ ستەمی چینایەتی و ڕەگەزی بسڕێتەوە لە کۆمەڵگەدا، دەتوانین بڵێین یەکێک لە بنەما فکرییەکانی دوکتور قاسملوو بووە بۆ ئەخلاق لە سیاسەتدا.
بەگشتی دەتوانین ئاوا ئەو چەمکە کۆ بکەینەوە کە لە سێ بۆعدەوە دوکتور قاسملوو ڕێبەرێکی ئاشتیخواز، پێشکەوتنخواز،وە هاوکات داهێنەر بووە. ئەو هەوڵی داوە چەمکی سیاسی مۆدێڕن بێنێتە نێو کۆمەڵگە، بەڵام هاوکات واقێعبین بووە. ڕێبەرێک بووە کە کۆمەڵگەی خۆی خوێندووەتەوە، کۆمەڵگەی خۆی باش ناسیوە هەڵیسەنگاندوو، وە هەوڵیش داوە ئەو چەمکە سیاسیانەی کە دوکتور قاسملوو دایهێناوە بە مرووری زەمان بە پەروەردەیەکی سیستماتیک چ لە ناو حیزبەکەی خۆیدا وە چ لە ناو بزووتنەوەدا هەنگاو بە هەنگاو نەهادینەی بکات و بەخۆشیەوە کە ئەمڕوکە دەنینین هزری دوکتور قاسملوو بیری دوکتور قاسملوو لە تەواوی جۆمگەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتدا ڕەنگی داوەتەوە.
***
ئەخلاق، خاوەنی ڕێساگەلێ نیە کە پێش بوونی مرۆڤ، بوونی لەپێشینەی هەبێ، بەڵکو بوونی، بەندە بە بوونی مرۆڤەوە وەک تاک و بوونی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵدا، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی.
لە ڕوانگەی شەهید قاسملووەوە، سیاسەت ئەکتێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ وەدیهێنانی گشت ڕەهەند و بوارەکانی ئازادی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، سیاسەت نابێ ئامرازی تێرکردنی غەریزەی دەسەڵاتخوازی بێ، بەڵکو دەبێ گۆڕەپانێ بێ بۆ ئازادی و ڕەسەنایەتیی مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی کولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی دا. لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەت دەبێ بەستێنێ فەراهەم بکات کە مرۆڤەکان، ئازادانە بڕیار بدەن و هەڵبژێرن و ژیانێک بژین کە شایستەی مرۆڤ بێت و هیچ سیستمێکی سیاسی نابێ ڕێگەی پێ بدرێ کە کەڵکی ئامرازی لە مرۆڤ و کۆمەڵگە وەربگرێ و لەنێو سیستمی ئیدئۆلۆژیک دا بیتوێنێتەوە.
عەلی بداغی
ئەوەی دوکتور قاسملوو لە ڕێبەرانی پێش خۆی و دوای خۆیشی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو ڕێبەرێکی خاوەن گوتار بووە. یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم گوتارە سەربەخۆ و تایبەتەی دوکتور قاسملووش دێموکراسی و دێموکراسیخوازییە کە هەموو ڕەهەندە فکری و خەباتکارییەکانی دیکەی د. قاسملوو بۆ مانابەخشین بەو دێموکراسییە دەبەستێتەوە. ئەمە هەر قسەی منی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات نیە، بێرنارد کۆشنێر، وەزیری دەرەوەی پێشووی فەڕانسە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی د. قاسملوو لە پێرلاشێزی پاریسدا دەڵێ: قاسملوو، ئەتۆ هەموو ژیانت لەپێناو نەتەوەکەت، ئازادی و دێموکراسی نەک هەر بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو دنیا فیدا کرد. یان نووریی دێهکوردی، چالاکی چەپ و دۆستی نیزیکی حیزبی دێموکرات کە لە تێرۆری مێکونووسدا لەگەڵ د. شەرەفکەندی شەهید بوو، لەو بارەیەوە دەڵێ: قاسملوو لەماوەی سەرکردایەتی کردنی حیزبەکەیدا زۆر شتی فێری ئەندامانی حیزبەکەی کرد، بەڵام بەبایەخترینی ئەوانە دێموکراسی بوو"، بۆیە لەخۆڕا نەبوو کە نازناوی مامۆستای دێموکراسیی پێ درابوو.
ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە ڕابردوو و پێشینەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکرات بدەینەوە، لەو کاتەوە، واتە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ی هەتاوییەوە کە د. قاسملوو لە ئورووپاڕا دەگەڕێتەوە و ڕێبەریی حیزبی دێموکرات دەگرێتە دەست و ئێستا و داهاتووی ئەم حیزبە دادەڕێژێتەوە؛ دەبینین هیچ ڕێبەرێکی سیاسی و هیچ حیزبێکی سیاسی لە کوردستان بە قەت د. قاسملوو، و بە قەت حیزبی دێموکراتێک کە ئەو بناغەکەی داڕشتۆتەوە، هەوڵی بۆ چەسپاندنی دێموکراسی لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا نەداوە. دێموکراسیخوازیی د. قاسملوو و تیۆریزەکردنی ئەو گوفتومانە لە خەباتی نەتەوەیی و سیاسیی گەلەکەیدا هەمووی لەپێناو دابینکردن و دەستەبەربوونی مافی چارەی خۆنووسینی کورد لە ئێران بووە، تا ئەو ڕادەیە کە دێموکراسی بۆ ئێران پێش مافی نەتەوەیی بۆ کورد لەو وڵاتە دەخا، چونکی ئەو دێموکراسییە بە بنەمایەک و زەمانەتێک بۆ جێگیربوونی مافە نەتەوییەکانی کورد دەزانێت.
د. قاسملوو لە پانتاییەکی دیکەشدا، ڕوکن و پایەکانی دیکەی گوتارە تایبەت و سەربەخۆکەی وەک فرەحیزبی و پلۆرالیزم هەر لە خزمەتی ئەو دێموکراسیخوازییەدا پێناسە دەکا. چونکی باوەڕی وایە بەبێ پلۆرالیزم و کۆکردنەوەی فرەیی و جۆراوجۆرییە سیاسییەکان ناکرێ ئەو دێموکراسییە لە قەوارەیەکی سیاسی-جوغرافیدا شکڵ بگرێ و دەوامی هەبێ.
د. قاسملوو بە ڕوونی دەڵێ دێموکراسی بۆ ئێمە واتە پلۆرالیزم و ئازادیی ئەندێشە و بیروڕا و دەربڕین. بەڵام ئەم دێموکراسییەی لە وێژمانی د. قاسملوودا دەخوێندرێتەوە، دێموکراسیی زۆرینە نییە. واتە ئەگەر نموونە بە ئێران وەک واحیدێکی سیاسی-جوغرافی بێنینەوە، ناکرێ ئەو دێموکراسییە ئاکامی بڕیاری زۆرینەی ئەو وڵاتە بێت، چونکی ئەم وڵاتە خۆی هەڵگری فرەیی و جۆراوجۆریی نەتەوەیی، زمانی، ئایینی و کولتوورییە و دەبێ کۆمەڵە مافی تایبەت بۆ هەموو ئەو جۆراوجۆرییانە قایل ببین. بۆیە ئەم دێموکراسییە لە ڕوانگەی د. قاسملووەوە دەبێ توافوقی بێت. دێموکراسییەکی تەوافوقی کە دەرفەتی خۆدیتنەوە و هاوبەشیی سیاسی بۆ هەموو نەتەوەکان، بۆ هەموو حیزبەکان و بۆ هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتەی دەستەبەر کردبێت. ئەو مۆدێلە دێموکراسییە لە گوفتومانی د. قاسملوو، ئێستاش تاکەچارەسەری پرسی نەتەوەکان لە ئێران و مانەوەی وەک وڵاتێک بە شێوەی ئێستایەتی. فیدرالیزم وەک دروشمی ستراتیژیی ئێستای حیزبی دێموکراتیش کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەری بەپێی تایبەتمەندییە نەتەوەیی و جوغرافییەکانی نەتەوەکانی ئێرانە، هەر لە چوارچێوەی ئەو گوفتومانەی د. قاسملوو و دێموکراسیخوازیی ئەودا پێناسە دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە خۆ ئەگەر مافی دیاریکردنی چارەنووس بە ڕوکنێکی دیکەی گوفتومانی د. قاسملوو دابنێین، ئەمەش بەپێی دۆخ و هەڵکەوتوویی کورد لە ئێران هەر لە چوارچێوەی گوفتومانی دێموکراسیخوازیی د. قاسملوودا پێناسە دەکرێت. چونکی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، ئەگەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان نەبێتە باوەڕ و دانی پێدا نەنرێ و دەستەبەریش نەکرێ، دێموکراسی جێگر نابێ. پێوەندیدار بە ئێران ئێمە دەبینین زیاتر لە ١٠٠ ساڵە دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی فارس و ئایینزای شیعە بەتوندی سەرکوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراسیخوازیی کورد لە ئێرانیان کردوە، بەڵام شۆڕشی ژینا و نەورۆزەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەریخست ئەوەی شکستی خواردوە هەر سیستمی ناوەندگەرای تاران بووە و حکوومەتی ناوەندی لە ئێران مەحکوومە بە داننان بەوەی پرسی کورد تەنیا بە پێوانەکانی دێموکراسی چارەسەر دەبێ.
لەو بارەیەوە د. قاسملوو نیزیک بە ٦٠ ساڵ لەوە پێش لە کتێبی "کوردستان و کورددا" بەو شێوەیە باس لە چارەسەری پرسی کورد دەکا و دەڵێ "چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتیی کورد بە دێموکراسییەوە بەستراوە، چونکە مەسەلەی نەتەوایەتی بۆخۆی بەشێکە لە دێموکراسی. مەسەلەی نەتەوایەتی چارەسەر نابێ ئەگەر لە چوارچێوەیەکی دێموکراتێکدا نەبێ و بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتییش، دەبێ پێوەندییەکی دێموکراتی لەنێوان نەتەوەکاندا پێک بێ. دیارە ڕزگاریی تەواو لە زوڵـم و زۆریی نەتەوایەتی و دابینکردنی یەکیەتیی نێوان نەتەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی دێموکراسیدا ئیمکانی هەیە. واتە چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی بە بوونی دێموکراسییەوە بەستراوەتەوە و هەرچی دێموکراسی زیاتر بێ، ئاسۆی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتیش ڕوونتر دەبێ. ئەمە خۆی بەڵگەی ئەوەیە کە خەبات بۆ دێموکراسی، خەبات بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتیشە.
ئەو ڕوانگەیەی د.قاسملوو لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە هەموو کۆنگرەکانی ئەم حیزبەدا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە. لە بەرنامە و پێڕەوی پەسندکراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزبدا و لە ماددەی یەکدا هاتوە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران، شان بە شانی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی سەرانسەری ئێران بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵی لە ئێران و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا خەبات دەکا."
د. قاسملوو لە دوایین وتووێژی پێش شەهیدبوونی کە لەگەڵ عینایەت فانی و تەلەڤیزیۆنی بی بی سی لە سەفەری بێگەڕانەوەیدا کردبووی و ٢٠ ساڵ دوای تێرۆرکردنەوەی بڵاو کرایەوە، دەڵێ: ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێمە «دێموکڕاسی بۆ ئێران»مان وەپێش «خودموختاری بۆ کوردستان» خستوە، نەک لەبەر ئەوەی بە باوەڕی ئێمە دێموکڕاسی هەموویە و هەموو شتێکە و خودموختاری تەنیا بەشێکە لە دێموکڕاسی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باوەڕمان وایە بەبێ دێموکڕاسییەکی سەقامگیر لە ئێران، ئەگەر خودموختاری بەدەستیش بێنین ئەم خودموختارییە دەکەوێتە مەترسییەوە. ئێمە لە هەلومەرجی ئێستادا چەکەکانمان دەستەبەری پاراستنمانن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ شتی دیکە لەجێی چەک دابنێین. ئەو شتەش کە دەتوانێ جێی چەک بگرێتەوە تەنیا دێموکڕاسییە. دوایە دێ بە زمانێکی سادە ئەو دێموکراسییە شی دەکاتەوە و دەڵێ دێموکڕاسی بۆ ئێمە یانی فرەیی (پلوڕالیزم)، دێموکڕاسی واتە ئازادی بۆ هەمووان، ئازادیی بیروباوەڕ، ئازادیی دەربڕین، ئازادیی زمانە نەتەوەییەکان، ئازادیی فەرهەنگ، ئازادیی حیزبەکان، دانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەدەستی خەڵک و ئێمە باوەڕمان وایە کە هیچ جۆرە دیکتاتۆرییەک لە ئێران لە دواڕۆژدا ناتوانێ ئامانجەکانی خەڵکی ئێران، گەلانی ئێران دابین بکا، مەگەر سیستمێکی دێموکراتیک نەبێ.
هەر لەو وتووێژەدا دوکتور قاسملوو دەڵێ ئێمە باوەڕمان بە دێموکڕاسییەکی قووڵ لە ئێراندا هەیە، دێموکڕاسییەک کە ڕێز بۆ مافەکانمان دابنێ، ڕێز بۆ مافی نەیارانیش دابنێ. چونکە بە باوەڕی ئێمە هیچ دێموکڕاسییەک بێ ڕێزدانان بۆ مافی نەیاران ناتوانێ هەبێ و هەربۆیەش ئێمە دژی هەموو ئەو ڕێکخراوانەین کە بەجۆرێک دەیانەوێ لە ئێران دیکتاتۆری دامەزرێنن.
ئەگەر بمەوێ بە کورتی ئاکامێک لەو باسە وەربگرم، دەبێ بڵێم کە دێموکراسی بۆ دوکتور قاسملوو ئامانجە هەرە بەرزەکە بوو. مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە دەڵێ د. قاسملوو هەموو هەوڵی ئەوە بوو پێش هەموو شوێنێک دێموکراسی لەنێو حیزبەکەی خۆی و کۆمەڵگەکەی خۆی کوردستاندا نەهادینە بکا و ئەگەر حیزبی دێموکرات لەو سۆنگەیە شتێکی لە دەست دەدا، د. قاسملوو دەیگوت ئەوە بەها و باجی دێموکراسییە کە دەبێ بیدەین. د. قاسملوو لەسەر ئەو باوەڕە بوو ئەگەر حیزبێک، یان وڵاتێک پێویستە دێموکراتیزە بن، دەبێ تاکەکان و کەسایەتییەکانی ئەم حیزبە دێمۆکرات پەروەردە بن و بە بنەماکانی دێموکراسی بار بێن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پڕەنسیپەکانی خۆی بۆ تاکی دێموکرات لە کۆمەڵە پێناسەیەکدا فۆرمولە بکا کە لە حیزبی دێموکراتدا بە "سیمای دێموکرات" ناسراوە.
لە گرینگترین بەندەکانی "سیمای دێموکرات"دا باس لە سەربەخۆیی سیاسیی تاکی دێموکرات و حیزبی دێموکرات کراوە کە بێگومان سەربەخۆیی سیاسی کۆڵەکەی تیوریی دێموکراسییە و حیزبی دێموکرات لەپێناو ئەو سەربەخۆیی سیاسییەدا باجی زۆری لە مێژووی خەباتی خۆیدا داوە. دیارە خۆی "کورتە باسێک لەسەر سۆسیالیزم" باشترین بەڵگەنامەی تیوریک لەسەر بنەماکانی دێموکراسیخوازیی د. قاسملووە. دوکتور قاسملوو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دێموکراسی سێ جۆری هەیە کە دەبێ تەواوکەری یەکتری و پێکەوە بن. دێموکراسیی کۆمەڵایەتی، دێموکراسیی سیاسی و دێموکراسیی ئابووری. د. قاسملوو باسی ئەوەی دەکرد کە وڵاتانی سۆسیالیستی، دێموکراسیی ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەستەبەر کردوە، بەڵام بەلای دێموکراسیی سیاسیدا نەچوون، هەروەها لە وڵاتانی ڕۆژئاواییشدا دێموکراسیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دابین کراوە بەڵام دێموکراسیی ئابووری بەدی نەهاتوە و بۆیە ئەو دوو سیستمە هەردوو ناکامڵ و ناتەواون. سێ ساڵ دوای تێرۆری د. قاسملوو بینیمان کە یەکیەتیی سۆڤییەت هەڵوەشا، ڕێک لە بەر نەبوونی ئەو دێموکراسییە سیاسییەی کە دوکتور قاسملوو باوەڕی پێی بوو.
لە یەک ڕستەدا دەتوانم بڵێم دێموکراسی گرینگترین توخمی گوتاری فکری و مەنزوومەی فکریی د. قاسملوو بوو.
***
لە ڕوانگەی دوکتۆر قاسملوووەوە، ئازادیی تاک بە مانای پێکهێنانی دورگەی تەریک و دابڕاو لە یەکتر نیە و تاک ناتوانێ ئازاد بێ و کۆمەڵگە یەخسیر و دیل.
هەربۆیە بەڕێزیان لایەنگری دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادیی پێکهێنان حیزب و ڕێکخراو و سەندیکا و چاپەمەنیی ئازاد و دژی هەرچەشنە ئیدئۆلۆژییەکی داسەپێن و خۆسەپێن بوو.
بەکورتی شەهید دکتۆر قاسملوو، داکۆکیکاری گونجاندنی ئەخلاق لە سیاسەتدا بوو و پێی وا بوو کە ئەگەر سیاسەتێ ئەخلاقی نەبێ، ناتەبایە لەگەڵ گەوهەری بوونی مرۆڤ دا کە ئازادییە. ئەخلاق لە ڕوانگەی ئەوەوە، چەمکێکی ئاسمانی و ئابستراکت و میتافیزیکی نیە. بەڵکو ئەخلاق، شیکردنەوەی خودی گەوهەری ئازادییە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە تەنیا لە سیستمی دیموکراتیک دا، نرخ بۆ ئازادی، هەڵبژاردن و بیری ئازاد دادەنرێ و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، تەنیا دیموکراسی بە سیستمی ئەخلاقی دەناسی و هەر لەم ڕوانگەیەشەوە پێداگری دەکرد:
"هەرگیز خەبات بۆ دیموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی و چینایەتی و تا حیزبی دیموکرات مابێ، دیموکراسی ئامانجیەتی"