
لە درێژەی گوشارە بەربڵاوە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژ، سوهەیلا خالیدیان، مامۆستا و چالاکی مەدەنیی تەمەن ٥٨ ساڵی دانیشتووی سنە و لە دەسبەسەکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم مامۆستایە و وێڕای دەسبەسەرکردنی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.
سوهەیلا خالیدیان پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ و لە کاتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کرابوو و پاش ماوەیەک ئازاد کرابوو.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستایە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.