
پاش تێپەڕبوونی نزیک دوو مانگ لە کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی باس لە ئامادەبوونی تاران بۆ ئەگەرەکانی دەسپێکردنەوەی شەڕ دەکەن.
یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ جارێکی دیکە دەست پێ بکاتەوە.
سەفەوی لەم پێوەندییەدا دەڵێت: "ئێستا لە ئاگربەستدا نین، ئەمە تەنیا قۆناغێکی دیکە لە شەڕەکەیە و هیچ گرێبەست و یاسانامەیەک لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەگەری هەیە پاش ئەم شەڕە چیدیکە شەڕێکی دیکە ڕوو نەدات.
قسەکانی ئەم ڕاوێژکارەی خامنەیی لەکاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، وتبووی: "من وەک کارناسێکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ٤٠ ساڵ ئەزموونەوە، لەسەر ئەو بڕوایە نیم کە شەڕێکی دیکە بەم نزیکانە ڕوو بدات".
لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسان و کارناسانی ئیسرائیلی باسیان لە ئەگەرەکانی دەسپێکردنەوەی دووبارەی شەڕ لەگەڵ ئێران کردووە.
دێنیس سیترینۆویچ، بەرپرسی پێشووی کاروباری ئێران لە هەواڵگریی ئەرتەشی ئیسرائیلدا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دۆخی هەنووکەی کۆماری ئیسلامی دۆخێکی "تەنگەبەریی ستراتێژیکە" کە دەتوانێت ببێتە هۆی دەسپێکردنەوەی شەڕێکی دیکە.
ناوبراو زیادیشی کردبوو کە شەڕی داهاتوو هەر لە سەرەتاوە بە ئاستێکی بەرز و بەربڵاو دەست پێ دەکاتەوە.