کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی بی ئێس نیووز: چین لە کڕینی نەوتی قاچاخی ئێران بەردەوامە

10:48 - 12 گەلاوێژ 2725

کاناڵی "سی بی ئێس نییوز"ـی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە قاچاخی نەوتی ئێران ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی چین لە کڕینی نەوتی ئێران بەردەوامە.
سی بی ئێس لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "حکوومەتی چین هێشتا بە شێوەی نهێنی و بە کەڵکوەرگرتن لە ناوگانی ڕۆحەکان نەوت لە کۆماری ئیسلامی دەکڕێت".
ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە تۆڕێکی ئاڵۆز لە نەوتهەڵگرەکانی ناوگانی ڕۆحەکان قاچاخی نەوتەکە ئەنجام ئەدەن و لە نێو زەریادا بارەکانیان بۆ نەوتهەڵگرەکانی دیکە دەگوازنەوە.
ناوگانی ڕۆحەکان بە ئەو نەوتهەڵگرانەی دەوترێت کە ڕادار و سیستەمەکانی خۆیان کە بۆ ناسینەوە بەکار دەبردرێت دەکوژێننەوە، تاکوو بە شێوەیەکی نەناسراو بتوانن نەوتی ڕووسیە و ئێران بە ناو و نیشانێکی دیکە بۆ وڵاتانی دیکە بەتایبەتی چێن بگوازنەوە.
لەم پڕۆسەیەدا نەوتی ئێران سەرەتا دەبرێتە نێو کۆمەڵێک نەوتهەڵگرەوە و پاشان لە دوورگەکانی "ڕیائۆ"، یان لە زەریادا ئاڵوگۆڕ بە نەوتهەڵگرەکان دەکرێت تاکوو بەم شێوەیە سەرچاوەی نەوتەکە بە نهێنی بمێنێتەوە و وەک نەوتی وڵاتانی دیکە لە قەڵەم بدرێت.
ئەم ڕاپۆرتەی سی بی ئێس پاش ئەوە بوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەوڵەتی ئەمریکا یەکێک لە قورسترین گەمارۆکانی خۆی بە سەر تۆڕی قاچاخی نەوتی ئێراندا سەپاند.
ئەم سزایانە کە بە وتەی دەوڵەتی ترامپ گەورەترین پەکەیجی گەمارۆکان لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە بووە، تۆڕی بازرگانیی حوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیمی کردووەتە ئامانج.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سەبارەت بەم سزایانە لە بەیاننامەیەکدا نووسیبووی: "ئیمپراتۆریەتی کەشتیگەلی بنەماڵەی شەمخانی دەرخەری ئەو بابەتەیە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی چۆن لە جێگە و پێگەی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی سامان و هەروەها دابینکردنی بوودجەی چالاکییە مەترسیدارەکانی دەوڵەت کەڵک وەردەگرن".
لەم پەکەیجە لە گەمارۆکاندا زیاتر لە ٥٠ نەوتهەڵگر و ٥٠ کەس و دامەزراوە کە لە گواستنەوەی نەوتی قاچاخی ئێراندا ڕۆڵیان هەبووە، سزا دراون.