کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠ لەسەدی دەرمانخانەکانی ئێران خەریکە مایەپووچ دەبن

11:40 - 27 گەلاوێژ 2725

شەهرام کەڵانتەری، بەرپرسی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، ئاماژەی بە قەرزی زۆری شیرکەتی بیمە و ڕێکخراوی ئامانجکردنی یارانەکان بە دەرمانخانەکان کرد و ڕایگەیاند کە ٨٠ لەسەدی دەرمانخانەکانی ئێران لە لێواری مایەپووچیدان.

کەڵانتەری وتی: "ڕێکخراوی بەئامانجکردنی یارانەکان لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە هیچ پارەیەکی نەداوە و قەرزی ڕێکخراوەکەش لەگەڵ قەرزی شیرکەتی بیمە بە دەرمانسازەکان، گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار میلیارد".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، زۆرێک لە دەرمانخانە تایبەتەکان بەهۆی گەڕانەوەی چەکەکانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر لە چەرخەی دابینکردنی دەرمان هاتوونەتە دەر و شیرکەتەکانی دابەشکردنیش چیتر هاوکارییان ناکەن.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە گرانبوونی دەرمان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشاری زیاتری خستووەتە سەر هاووڵاتییان، بەتایبەتی توێژی کەمداهات.

بەرپرسی ئەنجومەنی دەرمانسازان باسی لەوەش کردووە کە زیاتر لە ١٧ هەزار دەرمانخانە لە ئێران هەن کە نزیکەی ١٦ هەزاریان یەکەی تایبەتن.  بەو حاڵەوە ٥٠ لەسەدی بازاڕی دەرمانی ئێران لە دەستی هەزار و ٧٠٠ دەرمانخانەی دەوڵەتیدایە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شیرکەتەکانی دەرمان چونکە ناتوانن پارە لە دەرمانخانە حکومییەکان و زانکۆ پزیشکییەکان وەربگرن، گوشار دەخەنە سەر دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت.

قەیرانی دارایی دەرمانخانەکان ڕەنگدانەوەی ڕوونی ناکارامەیی سیستەمی تەندروستی و سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیمە.

کاتێک ٨٠ لەسەدی دەرمانخانەکانی ئێران لە لێواری مایەپووچبووندان، دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە دەرمان بە شێوەیەکی کاریگەر سنووردار دەبێت و بازاڕی ڕەش بەهێزتر دەبێت و گوشاری زیاتری دەخاتە سەر توێژە کەمداهاتەکان .