
نوێنەری ڕێژیم بۆ شارەکانی دێلوڕان، ئاودانان، دەڕەشار و بەدرە لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژ باسی لە کۆنبوونی قوتابخانەکانی ئیلام کردووە.
ئەسەدوڵڵا چراغی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیر پەروەردەی ڕێژیم وتی: "نەبوونی پێداویستییەکانی پەروەردە، کۆنبوونی قوتابخانەی گوندەکان و تەنانەت شارەکانی دێلوڕان، ئاودانان، دەڕەشار و بەدرە، لەو بابەتانەیە کە دەبێت وەزراەتی پەروەردە سەرنج بخاتە سەریان".
ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەیەکی بە دۆخی خراپی سیستمی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوەی ئەم قوتابخانانە داوە.
قوتابخانەکانی کوردستان ساڵانێکە کە لەژێر دەسەڵاتی دوو ڕێژیمی ئیسلامی و پەهلەوی لە کەمترین ئاستی خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتنە دەوڵەتییەکان بەهرەمەند کراون.
یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕێژەی بەرزی نەخوێندەواری لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تەرخاننەکردنی بوودجە بۆ کاروباری پەروەردەی ئەم ناوچانەیە.
لەلایەکی دیکەوە تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و خزمەتگوزارییەکان، سەرەکیترین هۆکاری ڕووداو بۆ قوتابییەکان لە کوردستانە کە لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت و گیانی منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە.
قەیرانی کۆنبوونی قوتابخانەکان بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان زەقتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانە کە وەک بەشێک لە سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیم بە دژی خەڵکی کورد دێتە ئەژمار.
تاکوو ئێستاش لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و هەروەها ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکە، بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان یان دروستکردنی قوتابخانە لەو شوێنانەی کە تاکوو ئێستا قوتابخانەیان بۆ دابین نەکراوە پارە لە خێرخوازان وەردەگیرێت.