
ماڵپەڕی "بەسیرەت" سەر بە جێگرایەتیی سیاسیی سپای پاسداران لە دووتوێی ڕاپۆرتێکی شیکاریدا لەبارەی شەڕی ١٢ ڕۆژە نووسیویەتی: "ئیسرائیل و ئەمریکا بە دوای کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوەن".
ئەو ماڵپەڕەی سەر بە ڕێژیم سەرەڕای ناوهێنانی عەلی خامنەیی وەکوو "نیشاندەری سەرەکیی لەنێوبردنی ئیسرائیل" نووسیویەتی: "کوشتنی عەلی خامنەیی وەکوو پێشڕەوی هێزی ناوچەیی و پێداگر لەسەر هەڵوەشانەوە و لەنێوبردنی ئیسرائیل، لە چوارچێوەی سیاسەتی ئیسرائیل و ئەمریکادا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت".
بەسیرەت هەروەها لە هەواڵێکی چەواشەکارانەدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەگشتی ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان لە دوای شکستی هەوڵەکانیان لە سەرەتای هێرشەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە و ڕێکارەکانی ڕەوتی ئەو شەڕەدا و شکستەکانیان لە ئاستی ناوچەکەدا، بۆیە سیاسەتی کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەگرتنە بەر.
ئەو ماڵپەڕەی سەر بە سپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە کە "لە ڕوانگەی ئیسرائیلی و ئەمریکاییەکانەوە، عەلی خامنەیی هۆکاری شکستپیهێنانی گەڵاڵەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکە و تەنانەت لە نێوخۆی ئێرانە".
ئەو ڕاپۆرتە شیکارییەی ماڵپەڕی "بەسیرەت" لەکاتێکدایە کە یێسرائیل کاتس ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی پێڕستێک لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کە بۆ تێرۆرکردن دیاری کراون، ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە خامنەیی کرد و لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "کاتێ لە حەشارگەکەت دێیتە دەرەوە سەرنجێکی ئاسمان بدە و باش گوێ لە دەنگەکان بگرە، بەشداربووانی زەماوندی خوێناوی لەو سەرەوە چاوەڕوانی تۆن".
هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی ڕاستەوخۆیان لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە "ئیسرائیل ئەگەر بیهەوێت دەتوانێت بیکوژێت".
پێشتریش جرۆزاڵم پۆست لەبارەی ڕێگریکردنی ئەمریکا لە کوشتنی خامنەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە نووسیبووی: دەستێوەردانی ئەمریکا لە پێشگرتن بە ئیسرائیل بۆ کوشتنی خامنەیی و کوڕەکەی موجتەبا، هەڵەی گەورەی ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بوو بەڵام ئیسرائیل هێشتا دەرفەتی قەرەبووکردنەوەی ئەم هەڵەیەی هەیە".