کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە ناوچەی سەردەشت

12:21 - 27 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئەحمەد مەحموود گەوەلانی ناسراو بە ئەحمەدەڕەشی گەوەلان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزبی پەروەردە بوو و لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان و ئاشکرابوونی تيکۆشانی حیزب، چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی کردە شان و شانبەشانی پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە دیفاعی لە مان و مەوجودیەتی گەلەکەی کرد.

ناوبراو لە زۆربەی شەڕەکانی ئەم ناوچەیە بەشداریی چالاکانەی هەبووە و بۆ ماوەی چەند ساڵ وەک پێشمەرگە لە هێزی موعینیی ئەوکات خزمەتی گەلەکەی کرد و وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز ئەرکە تەشکیلاتییەکانی ڕادەپەراند.

دواتر لە ژێر هەرەشە و فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکان بە ناچاری پەرتەوازەی باشووری کوردستان بوو و وەک ئەندامێکی دلسۆز و چالاک بۆ ماوەی چەند ساڵ لە ڕیزی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب ئەرکەکانی بەجێ دەگەیاند.

ناوبراو پاش چەند ساڵ پەرتەوازەیی لە باشوور لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە ناوچەی سەردەشت و تا کۆتایی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.

شایانی باسە کە خێزانی کاک ئەحمەد بە هۆی تۆپباران شەهید بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.