
نووسینگەی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی ژینگەیی سنە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا چەند داواکارییەکیان ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم لەهەمبەر گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی تایبەت بۆ ڕێگری لە ئاگرتێبەردانی ژینگە و لێڕەوارەکانی کوردستان خستووەتە ڕوو.
لە سەرەتای نامەکەدا هاتووە: "بە دڵێک پڕ لە خەم و پەژارە بەڵام بە سەربەرزییەوە، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێیانی شەهیدی ژینگەپارێزمان حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفی نژاد و خەبات ئەمینی کە لەپێناوی پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستاندا گیانیان لەدەست دا و بەرزنرخاندنی پشتیوانی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، بە نوێنەرایەتی لە خەڵکی کوردستان و ژینگەپارێزانەوە چەند داواکارییەک ڕوو لە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی دەوڵەتی لەمەڕ ڕێوشوێنە تایبەتەکانی پاراستنی ژینگەی کوردستان بە شێوەی جیددی دەخەینە ڕوو".
داواکاری و دواخوازییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و چالاکانی ژینگەیی سنە ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم بەو شێوەی خوارەوەیە:
١ـ بەدواداچوونی لێبڕاوانەی یاسایی و ڕوونیی پێڕاگەیشتنی یاسایی بە دۆسییەی یاسایی لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتننەوەکان.
٢ـ شاناسایی و سزادانی ئەو تاوانبارانەی دەستیان لە ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستاندا بووە و بەدواداچوون بۆ کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەریی بەرپرسان لەو بارەوە.
٣ـ پشتیوانیی هەمەلایەنەی مادی و مەعنەوی لە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ژینگەپارێز
٤ـ پێویستیی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرتێبەردانەکان؛ پەسەندکراوێک کە تێیدا هەوڵەکانی پێشگیری، کوژاندنەوە، بووژاندنەوەی شوێنە سووتاوەکان کە هاواهەنگی نێوان دامودەزگا پێوەندیدارەکان، دروستکردنی بنکەی دژکردەوەی خێرا لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی مرۆیی بە ئەزموون، پشتیوانی یاسایی، دابینکردنی کەرەستەی پێویست، ڕاهێنان و ئاگادارکردنەوەی خەڵک و گەڵاڵەی بووژاندنەوەی ژینگە زیاندیتووەکان لەخۆ بگرێت.
٥ـ دەبێت سیاسەتی کاولکاریی ژینگە، چالاکییە دوژمنکارانە و بەئەنقەستەکان کە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست و کاولکردنی ژینگەی کوردستان ڕابگیردرێت.
٦ـ دروستکردنی بنکەی تایبەت بۆ کوژاندنەوەی ئاگر بە شێوەی پسپۆڕانە کە لەگەڵ ستانداردە بەڕۆژەکان و دابینکردنی کەرەستەی لۆجێستیکی لە ناوچە جۆراوجۆرەکان و تەواوی شارەکان.
لە کۆتایی ئەو نامەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هاوپێوەندیی خەڵک و ئیرادەی لێبڕاوانەی چالاکانی ژینگەیی و کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان، پەیامێکی ڕوونە بە دەسەڵاتداران. خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر کاولکردنی ژینگە و نادادپەروەریدا بێدەنگ نابن و یاد و ناوی ڕۆڵە بوێرەکانیان کە چاونەترسانە بەرەوڕووی ئاگر بوونەتەوە نە تەنیا لە دڵەکان بەڵکوو لە خەباتی ژینگەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییدا بە نەمری دەمێننەوە و ئێمەیش ئەم ڕێگەی هاوپێوەندی و هاودڵییە درێژە پێدەدەین.