
٨٠ ڕووداوی گرینگی مێژووی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١- ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤(١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٥)، دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژ-کاف بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد.
٢- ٢ی خەزەڵوەری ١٣٢٤، پێکهاتنی کۆنگرەی یەکەمی حیزب.
٣- ٢٦ سەرماوەزی ١٣٢٤، هەڵکرانی ئاڵای کوردستان لەسەر بینای حیزبی دێموکرات لە مەهاباد
٤- ٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤، دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "کورستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان. "کوردستان" وەک کۆنترین ڕۆژنامەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ ٨٠ یەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی خۆی جێژن دەگرێ.
٥- ٢ی ڕێبەندانی١٣٢٤ (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦)، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە میتینگێکی گەورەدا بە بەشداریی نوێنەرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد. قازی محەممە،د پێشەوای حیزب هەر لەو میتینگەدا بە سەرکۆمار دیاری کرا.
٦- ٣ی بانەمەڕی ١٣٢٥، ئیمزاکرانی پەیمانی دۆستایەتی و هاوکاری لە نێوان کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجاندا.
٧- ٢٦ سەرماوەزی ١٣٢٥، هێرشی دیکتاتۆریی پاشایەتی بۆ مەهاباد و کۆتاییهاتن بە تەمەنی کۆماری کوردستان.
٨- ٢ی ڕەشەمەی ١٣٢٥، ئێعدامی ١١ کەس لە تێکۆشەرانی دێموکرات و کەسایەتییە ناسراوەکانی کۆمار لە ناوچەی فەیزولڵابەگی و گەورک لە شاری سەقز و ئێعدامی عەلی بەگی شێرزاد، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی بۆکان لە شاری بۆکان.
٩- ١٠ی خاکەلێوە ١٣٢٦، لە سێدارەدرانی قازی محەممەد، سەدری قازی و سەیفی قازی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد.
١٠- زستانی ساڵی ١٣٣١، سەرکەوتنی بەرچاوی سارمەددین سادقوەزیری بەهۆی پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە کاندیداتۆریی ئەو بۆ نوێنەرایەتیی شاری مەهاباد لە هەڵبژاردنەکانی دەورەی ١٧ی مەجلیسی شوڕای میللیدا. ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن دەوڵەتەوە هەڵوەشایەوە و ئیمام جومعەی تاران وەک نوێنەری مەهاباد لە مەجلیس دیاری کرا، بێئەوەی کەس لە مەهاباد بیناسێ.
١١- زستانی ساڵی ١٣٣١، ڕاپەڕینی جووتیارانی ناوچەی موکریان بەدژی زوڵم و زۆریی ئاغا و دەرەبەگەکان لە پێوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا. ئەو ڕاپەڕینە لە لایەن دەرەبەگەکانەوە بە هاوکاریی لەشکری شا سەرکوت کرا.
١٢- بەهاری ١٣٣٢، بووژانەوەی زیاتری ڕێکخراوەکانی حیزب بەتایبەت لە مەهاباد و سنە و دەرچوونی یەکەم بەیاننامەی ڕەسمیی حیزب پاش ٦ ساڵ لە ڕووخانی کۆماری کوردستان
١٣- ١٥ی جۆزەردانی ١٣٣٢، کۆبوونەوەی لاوانی حیزبی دێموکرات لە باغی میکاییل بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ فستیڤاڵی جیهانیی لاوان لە بوخارست. ئەم کۆبوونەوەیە بە بڕیاری سەرتیپ موزەفەری، فەرماندەی تیپی مەهابادەوە هێرشی کرایە سەر و حەسەن ڕەمەزانی شەهید بوو. ناشتنی تەرمی حەسەن ڕەمەزانی بوو بە خۆپێشاندانێکی گەورە کە بە یەکەم کۆبوونەوەی جەماوەریی سیاسیی دوای کۆمار لە مەهاباد دادەنرێ.
١٤- ٢٦ گەلاوێژی ١٣٣٢، پێکهێنانی میتینگێکی گەورە لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە لە شاری مەهاباد بۆ پشتیوانی لە موسەدیق و پێخۆشبوون بۆ ڕاکردنی محەممەدڕەزاشا بۆ بەغدا. ٣ ڕۆژ دوای کودەتای نیزامیی ٢٨ی گەلاوێژ بە دژی "موسەدیق" شا گەڕایەوە بۆ ئێران.
١٥- جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٤، پێکهێنانی یەکەم کۆنفڕانسی حیزب. لە ئاکامی کۆنفڕانسەدا حیزبی دێموکرات پێوەندیی تەشکیلاتیی خۆی لەگەڵ حیزبی توودە پچڕاند و سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتیی خۆی ڕاگەیاند.
١٦- خەزەڵوەری ساڵی ١٣٣٨، هێرشی بەربڵاوی ساواک بۆ سەر ڕێکخراوەکانی حیزب، لەم هێرشەدا نزیک بە ٢٥٠ کەس لە تێکۆشەرانی حیزب لە سەرانسەری کوردستانی ئێران گیران.
١٧- سەرماوەزی ساڵی ١٣٤٣، پێکهاتنی کۆنگرەی دووهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
١٨- ساڵەکانی ١٣٤٦_١٣٤٧، ڕاپەڕینی چەکدارانەی هێندێک لە کادرەکانی حیزب کە کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبیان پێکهێنابوو. ئەم ڕاپەڕینە خوێناوییە ١٨ مانگی خایاند و لە لایەن ڕێژیمی شاوە سەرکوت کرا و بەشی زۆری بەڕێوەبەرانی شەهید کران.
١٩- پووشپەڕی ١٣٤٨، بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی دووهەمی حیزب.
٢٠- جۆزەردانی ١٣٥٠، پێکهاتنی کۆنفرانسی سێهەمی حیزب. ئەم کۆنفڕانسە خاڵگۆڕانی گەڕانەوەی حیزب بۆ سەر ڕێبازی ئووسولیی خۆی و دەسپێکی قۆناغی نوێی خەبات و تێکۆشانی حیزب بوو.
٢١- ڕەزبەری ساڵی ١٣٥٢، پێکهاتنی کۆنگرەی سێهەمی حیزب، پەسندکرانی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ و هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیی نوێ بۆ حیزب.
٢٢- ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧، خۆپیشاندانی گەورە لە مەهاباد بەبۆنەی سێ ڕوژانەی ناشتنی تەرمی شەهید عەزیز یوسفی. ئەم خۆپیشاندانە سەرەتای دەستپێکردنی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی دواتری خەڵکی کوردستان بەدژی ڕێژیمی شا لە کوردستان بوو.
٢٣- پاییزی ١٣٥٧، گەڕانەوەی کۆمیتەی زاگڕۆسی حیزبی دێموکرات بۆ نێوخۆی وڵات و بە مەبەستی ڕێکخستنی خەڵکی کوردستان بۆ شۆڕشی ١٣٥٧.
٢٤- ٣٠ ڕێبەندانی ٥٧، گرتنی پادگانی مەهاباد لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بە یارمەتیی ئەڕتەشییە شۆڕشگێڕەکان، ٨ ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران.
٢٥- ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧، میتینگی سەدهەزار کەسی لە ستادیۆمی وەرزشیی مەهاباد. لەم میتینگەدا حیزب بە وتارێکی مێژوویی د. قاسملوو تێکۆشانی ئاشکرای خۆی بەڕەسمی ڕاگەیاند.
٢٦- ١٢ی گەلاوێژی ١٣٥٨، دەرچوونی د. عەبدوڵڕەحمانی قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرەگانی لە پارێزگای ورمێ بۆ نووسینەوەی یاسای بنەڕەتیی وڵات
٢٧- ٣١ی خاکەلێوی ١٣٥٨، تەقەکردن لە میتینگی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە بە هاندانی مەلا حەسەنی، ئیمام جومعەی ورمێ و دارودەستەکەی و سازبوونی شەڕێکی خوێناوی کە بە شەڕی نەغەدە ناسراوە.
٢٨ – ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٥٨، ڕاگەیاندرانی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد بە دوای شەڕ لە پاوەدا، قەدغە ڕاگەیاندنی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و دەستپێکردنی شەڕێکی سەرانسەری لە کوردستان کە بە شەڕی سێ مانگە ناوی دەرکردوە.
٢٩- ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨، دەرچوونی پەیامی خومەینی لەسەر کوردستان، ئەو پەمامە بەکردوە بە مانای دانپێدانانی ڕێژیم بە شکستی خۆی و کۆتایی هاتنی شەڕی سێ مانگە بوو.
٣٠- ٢٨ ڕێبەندانی ١٣٥٨، پێکهاتنی کۆنگرەی چوارەمی حیزب بەشداریی ٣١٠ نوێنەر لە مەهاباد. ئەم کۆنگرەیە پاش ٣٤ ساڵ یەکەم کۆنگرەی ئاشکرای حیزب بوو.
٣١- ڕەشەمەی ١٣٥٨، هەڵگیرساندنی شەڕ لە کامیاران و شارەکانی دیکەی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە کە بوو بە شەڕێکی سەرانسەری دژی گەلی کورد، شەڕێک کە ئێستاش درێژەی هەیە.
٣٢- ڕەشەمەی ١٣٥٨، سەرکەوتنی زۆربەی کاندیداکانی حیزبی دێموکرات بۆ مەجلیسی شوڕای میللی لەو شوێنانەی کوردستان کە هەڵبژاردن بەڕیوە چوون.
٣٣- ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٥٩، جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسی لە حیزب (کە ٦ کەسیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون) بە هاندانی حیزبی توودە.
٣٤- ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٥٩، دەست بەکارکردنی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران.
٣٥- ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٠، پێکهاتنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزب. ئەم کۆنگرەیە دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی پەسند کرد.
٣٦- جۆزەردانی ١٣٦٢، ئیعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کە دواتر لە تۆڵەی ئەم کوشتارە هێزی بێستوونی حیزب ٥٩ عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی لە دژی ڕێژیم بەڕێوە برد.
٣٧- ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٢، پێکهاتنی کۆنگرەی شەشەمی حیزب و پەسندکردنی سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەک ئامانجی دواڕۆژ.
٣٨- ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٦٤، پێکهاتنی کۆنگرەی حەوتەم.
٣٩- ٢٥ی گەلاوێژ ١٣٦٦، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبدا لە سەر یەک چەند سەعات بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بە توندترین شێوە بە تۆپ و کاتیوشا کوتا. لەم ئاگربارانەدا ڕێژیم لە چەکی شیمیایی کەلکی وەرگرت.
٤٠- ٢٨ بەفرانبار هەتا ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٦، پێکهاتنی کۆنگرەی هەشتەم.
٤١- ڕۆژانی ٢٣ تا ٢٩ی ڕەشەممەی ١٣٦٦، دەربازبوونی زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە گەمارۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی شەڕی هەڵەبجە و شیمیاییبارانی ئەم شارە.
٤٢- ١ی خاکەلێوەی ١٣٦٧، جیابوونەوەی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و ڕاگەیاندنی تێکۆشانی خۆیان لەژێر ناوی "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ"دا.
٤٣- ٢٢ی پووشپەری ١٣٦٨، (١٣ی ژوئیەی١٩٨٩) تێرۆری سکرتێری گشتیی حیزب، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا قادریئازەر لە ڤییەن بە دەستی دیپلومات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی وتووێژ.
٤٤- ٩ی خەزەڵوەری ١٣٦٨ (٣١ی ئوكتوبری ١٩٨٩)، کاندیداکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لەلایەن ئەنجومەنی دۆستانی گەلی کورد لە ئۆتریش. ئەگەرچی خەڵاتی ئەو ساڵە بەر گورباچۆف کەوت، بەڵام هەر ئەوە کە دوکتور قاسلموو یەکەمین کورد بوو بۆ ئەو خەڵاتە جیهانییە کاندیدا کرا و بە ڕاستییش شایانی بوو؛ بۆ حیزبی دێموکرات، گەلی کورد و خەڵکی ئێران جێگای شانازی بوو.
٤٥- ١ی بەفرانباری ١٣٧٠، پێکهاتنی کۆنگرەی نۆیەمی حیزب (کۆنگرەی قاسملوو).
٤٦- ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ (١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢)، تێرۆری مێکونووس. لەم پەلامارە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزب، کاک فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، هومایون ئەڕدەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئەڵمان و نووری دێهکوردی، چالاکی سیاسی و دۆستی حیزب بە دەستی تێرۆریستە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران.
٤٧- ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٧١، بۆمبارانی بنکەی دەفتەری سیاسی و نەخۆشخانە ئازادی و ماڵ و مووچەی خەڵکی دەورووبەر لە بناری قەندیل لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار تیکۆشەری حیزب. ئەو بۆمبارانە سەرەتای هێرشی ئاشکرای نیزامیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و دەستێوەردانی بێپەردەی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری ئەو بەشەی کوردستاندا بوو.
٤٨- ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٧٣، هێرشی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی بە ٦ فڕۆکەی شەڕکەر بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە کۆیە و بەئامانجگرتنی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب
٤٩- ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٧٤، پێکهاتنی کۆنگرەی دەهەمی حیزب (کۆنگرەی پەنجا ساڵەی حیزب).
٥٠- ٥ هەتا ٧ی گەلاوێژی ١٣٧٥، هاتنی هێزێکی دووهەزار کەسیی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە نیزیک شاری کۆیە. ئەو هێزانە بۆ ماوەی ١٢ ساعەت بێپسانەوە بە تۆپ وکاتیوشا و مووشک بنکە و ماڵەکانی تێکۆشەرانی دێموکراتیان ئاگرباران کرد. کۆماری ئیسلامی بەو هێرش و دەستدرێژییە ئاشکرایە نەک هەر بە مەبەستەکانی کە لە نێوبردن و گرتنی تێکۆشەرانی حیزب، یان لانیکەم وەدەرنانیان لەو ناوچەیە بوو، نەگەیشت، بەڵکوو ڕیسواییەکی تەواوی بۆخۆی لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا، کڕی.
٥١- ڕۆژانی ١٩- ٢١ی خەرمانانی ١٣٧٥ (٩- ١١ سێپتامبری ١٩٩٦)، وەرگیرانی حیزبی دێموکرات وەک ئەندامی چاودێر لە بیستەمین كۆنگرەی ئەنتێرناسیۆنالی سۆسیالیست کە لە نیویۆرک و لە مەقەڕی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گیرا.
٥٢- ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٧٥، تەحویلدانەوەی ٧ کادر و پێشمەرگەی حیزب لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستانی عێراقەوە بە کۆماری ئیسلامی لە نیزیک شاری هەڵەبجە. کۆماری ئیسلامی دوای نیزیک بە ٨ ساڵ بێدەنگەکردن لە چارەنووسی ئەو گیراوانە، دانی بەوە دانا کە ٦ کەس لەوانی دوای تەحویل وەرگرتنەوە و دوای چەندین حەوتوو ئەشکەنجە و ئازاری لەشی و گیانی، ئێعدام کردوون.
٥٣- ١٩ی بەفرانباری ١٣٧٥، وەسەریەککەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پاش ٩ ساڵ جیایی و لێکدابڕانی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ".
٥٤- خاكەلێوەی ١٣٧٦، دەركەوتنی ئاسەواری دەرمانداوكرانی بەكۆمەڵی زیاتر لە ٥٠ کادر و پێشمەرگەی حیزب بەهۆی ژاری "سالیۆم" کە بە پیلانی ئیتلاعات کرابوو.
٥٥- ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ (١٠ی ئاوڕیلی ١٩٩٧)، دەرچوونی حوکمی مێژوویی دادگای میکۆنووس لە بێڕلین و ناساندنی ڕێبەرانی پلە یەکی کۆماری ئیسلامی وەک بڕیاردەرانی تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزب و هاوڕێیانی. بە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگادا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، سەفیرەکانی خۆیان لە ئێران بانگ کردەوە و کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دونیادا لەگەڵ ڕیسواییەکی بێ وێنە بەرەوڕوو بوو.
٥٦- ١ی بەفرانباری ١٣٧٦، پێکهاتنی کۆنگرەی یازدەهەمی حیزب (کۆنگرەی خەباتگێڕانی خۆڕاگر).
٥٧- ٤ی سەرماوەزی ١٣٧٩ (٢٤ی نوامبری ٢٠٠٠ )، پێکهاتنی کۆنگرەی دوازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
٥٨- ١ی بانەمەڕی ١٣٨٣ (٢٠ی ئاپریلی ٢٠٠٤)، پەردە لەسەر هێما (لەوح)ی بیرەوەریی شەهیدانی تیرۆری میكۆنۆس لادرا. ئەم لەوحە لەسەر بڕیاری شارەداری ناوچەی "شارلاتن بورگ" لە شوێنی تیرۆری دوكتور شەرەفكەندی و هاوڕێیانی دانرا.
٥٩- ١٣ی پووشپەری ١٣٨٣ (٣_٧ جولای ٢٠٠٤ ) پێکهاتنی کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب لە کۆیە. لەم کۆنگرەیەدا دروشمی بنەڕەتی حیزب لە "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردوستان"ەوە گۆڕا و بوو بە "دابینکردنی مافە نەتەوەیییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵدا"؛ هەروەها هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەڕەسمئی پەسند کرا.
٦٠- ٢ی ڕەشەممەی ١٣٨٣ (٢٠ فێوریەی ٢٠٠٥)، پێكهاتنی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ لە بریتانیا بە دەستپێشخەریی و هەوڵدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦١- ١٨ی پووشپەڕی ١٣٨٤ خەڵکی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە کوشتنی بێبەزییانەی شوانە سەیدقادر و جینایەتەکانی دیکەی ڕێژیم لە کوردستان، لەسەر داوای حیزبی دێموکرات زنجیرە خۆپیشاندانێکی بێوێنە لە سەرانسەری کوردستان دەست پێ کرد کە بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی دەیان کەس شەهید و بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵک کەوتنە زیندان.
٦٢- لە ٢٢ پووشپەڕی ١٣٨٥دا و بەبۆنەی حەڤدەهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو لەسەر داوای حیزبی دێموکرات خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نیشاندانی ئەمەگناسییان بەرامبەر بەو ڕێبەرە شەهیدە و هەروەها دەڕبڕینی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دوکان و بازاڕەکانیان داخست. مانگرتنی گشتیی سەرانسەری لە ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبەری شەهید د.قاسملوودا، وەک شێوەیەک لە نارەزایەتیدەربڕین، ساڵانی دواتر، چەند جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات بۆوە.
٦٣- ١٥ی سەرماوەزی ١٣٨٥، لێکترازانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن ئەو کادر و پێشمەرگانەی حیزب کە تێکۆشانی سیاسیی خۆیان بەجیا درێژە پێ دەدا.
٦٤- سەرماوەزی ١٣٨٦ (دێسامبری ٢٠٠٧) ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات لە ڕێكخراوی دژەمینی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (ژنێڤاكاڵ)
٦٥- ١٦ی ڕەشەمەی ١٣٨٦، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)
٦٦- ٢٠ی خەرمانانی ١٣٨٧، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)
٦٧- ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٠، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)
٦٨- ٨ی ڕەزبەری ١٣٩١، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)
٦٩- ٧ی سەرماوەزی ١٣٩٤ وەرگیرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەندامەتیی ئەسڵیی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست. ئەم کۆبوونەوەیەی شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە لواندا، پێتەختی ئانگۆلا گیرا.
٧٠- ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٤، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)
٧١- شەوزستان (یەلدای خوێناوی)ی ١٣٩٥، تەقینەوەیەک لە بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە ٨٦ ساڵەی لەدایکبوونی د. قاسملوودا. لەم ڕووداوە تێرۆریستییەدا ٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب و دوو پێشمەرگەی ئاسایشی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان شەهید بوون.
٧٢- نەورۆزی ١٣٩٥، ڕاگەیاندنی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
٧٣- ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، کۆبوونەوەی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات. ئەم کۆبوونەوەیە بووە بەردی بناغەی پێکهاتنی"ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" کە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار ڕاگەیەندرا.
٧٤- ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و گۆڕینی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی حیزب
٧٥- ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان. لەم پەلامارە تێرۆریستییەدا ١٦ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون کە ٦ لەوان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون. لەم ڕووداوەدا زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون.
٧٦- ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧، مانگرتنی بەشکۆ و سەراسەریی کوردستان لەسەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات و حیزبە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم مانگرتنە بۆ مەحکوومکردنی پەلامارە مووشەکییەکەی ١٧ی خەرمانانی کۆماری ئیسلامی بۆ بنکەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
٧٧- ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)
٧٨- ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پاش ١٦ ساڵ لێکدابڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
٧٩- ٦ی ڕەزبەر، دەسپێکی شەپۆلێک هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب. ئەم هیرشانە لە ٢٣ی خەزەڵوەر و ٣٠ی خەزەڵوەریشدا چەند پاتە بوونەوە.
٨٠- ١٥-١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣. کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان (کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)