
میدڵ ئیست مۆنیتۆر – جاسم ئەلعەزاوی
و لە ئینگلیزیەوە: کەماڵ حەسەنپوور
وچانێک، ئاڵای سووری گڕۆسی و، کاری ناتەواو
لە کۆتاییەکانی مانگی جوون، هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل ڕایانگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی ژێرخانی ناوکیی ئێران ڕادەگرن. بەڵام لە ڕوانگەی چاودێرانی بەئەزموونەوە، ئەو وچانە کەمتر وەک هەوڵێکی ئاشتییانە و زۆرتر وەک پشوویەک سەیر دەکرێت. پسپۆڕان باسی وڕێنەی ئاگربڕ، چرکەساتی هێمنی بەر لە دەست پێکردنەوەی بشێوی دەکەن. دانیەل شاپیرۆ، باڵوێزی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئیسڕائیل گوتی: "ئەوە وڕێنەی ئاگربڕە، هێور کردنەوەی ڕاستەقینە نیە. ئێران هێشتا جانستەکەی هەیە، هێشتا ئۆرانیۆمەکەی هەیە و، وێدەچێ هێشتا بنکە نهێنی هەبن."
هیچ زەنگێکی مەترسی بەقەد ئەوەی ڤییەن بەرز نەبوو. لە مانگی جوون، بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕافائێل گرۆسی، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران لە دانی ڕوونکردنەوە لەبارەی ماددەی ناوکی و چالاکییەکانی لە سێ بنکەی نهێنی، لەڤیزان-شیان، تورقوزئاباد و ڤەرامین ناسەرکەوتوو بووە. گرۆسی هەروەها گوتی "ئێران لە دانی ڕوونکردنەوە لەبارەی ماددە و چالاکی لە سێ شوێنی ڕانەگەیەندراو خۆی بواردوە و، ئەم ئاژانسە لە دۆخێکدا نیە کە بتوانێ بڕیار بدات ئاخۆ ئەو ماددە ناوکییە هێشتا لە دەرەوەی پارێزبەندیی بێت." ئەو گوتی نەبوونی هاوکاریی لە لایەن ئێرانەوە، "پێشی بە هەڵسەنگاندن گرتووە" و پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی نیگەرانی هەوڵەکان بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو سێ بنکەیەن. لە هەمان کاتدا، یەدەگی ئۆرانیۆمی ئێران گەیشتووەتە سەرووی ٤٠٠ کیلۆ گرام کە تا ئاستی ٪٦٠ پیتێندراوە، کە لە ئاستی پێویست بۆ چەکی ناوکی زۆر نزیکە. لێکۆڵەرانی ناوەندی توێژینەوە ستراتێژیک و نێودەوڵەتییەکان و ئەنستیتۆی برووکینگز هوڕان کە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل، ئەگەرچی کاریەگر بوون، بەڵام نەیانتوانی بەرنامەی ناوکی ئێران لەناو بەرن. ژێرخانی سەرەکی، بە تایبەت بنکەی ژێر زەوی وەک فۆردۆ، هێشتا ماون. ژەنڕاڵی خانە نشین وێزڵی کڵارک گوتی، "پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، هیچ ئۆرانیۆمێکی پیتێندراو بە پڵەی بەرز لە شوێنی دیکە پاشەکەوت کراوە... و سانتریفیوژ لە شوێنی دیکە هەن؟" تاران زانستی دروست کردنەوەکەی ماوە و، هەرچی زۆرتر پێ بچێ، تاوانییەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندن بەهێزتر دەبێت.
بۆچی هێرشی دووهەم حەتمییە
لێکدانەوەی گرۆسی هەم نەخشەی مێژوویی ئێران بۆ خۆ بواردن لە پشکنین و هەروەها دۆخی لێڵی هەنووکەیی ئاشکرا کرد. بەبێ دەستڕاگەیشتنی تەواوی ئاژانس، متمانە بنکۆڵ دەبێت. بۆ شەڕانییەکانی واشینگتۆن و تێل ئاڤیڤ، ئەو نەبوونی شەفافیەتە زیاتر زەنگی هۆشدارییە، ئەوە هەروەها چرای سەوزە بۆ هەنگاوی سەربازیی زیاتر. گرۆسی هۆشداریی دا، "ئێمە ناتوانین زانست نەبوو بکەین. مەترسییەکە بەردەوامە. کات خەریکی تێپەڕ بوونە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نەتانیاهوش بەرەوڕووی بشێویی نێوخۆیی و زەختی پەرە ئەستێن لە لایەن ڕاستڕەوەکانەوە بووەتەوە. ئەو بەردەوام بەڵێنی داوە قەت ئیزن نادات ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات. یەکەم هێرش خەونی ئێرانی وەدوا خست، بەڵام کۆتایی پێ نەهێنا. هەر وەکوو لێکۆڵەوەرەوانی ناوچە لە ئاتلانتیک کاونسڵ ئاماژەیان پێ کرد، "ئیسڕائیل ڕەنگبی لە فکری هێرشێکی نوێ دابێ تا بە یەکجاریی هەڕەشەی ناوکی ئێران نەهێڵێت، بە تایبەت بێتوو هەوڵە سیاسییەکان ناسەرکەوتوو بن." بەڵام ئەوەی دەتوانێ ئاگرەکە خۆشتر بکات، ئاسەواری فیلەکانی ئێپستاینە، کە بە گوێرەی ڕاپۆرت ناوی کەسایەتی سیاسی پلەبەرزی ئەمریکایی، لە نێویاندا ترامپ، بەدی دەکرێت. ئەگەرچی هێشتا بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەمەڕ پەیوەندیی ترامپ بە ئاکاری تاوانکارانە لەبەر دەستدا نیە، بێتوو ئەو تێوەگلێت، کاردانەوەی فرە مەزنی دەبێت. مێژووی ئەمریکا پیشانی دەدات کە زۆر جار سیاسەتی دەرەوە دەبێتە ئامرازی ئاراستە کردنی بیروڕای نێوخۆ بەرەو ئاقارێکی دیکە. لە هێرشەکانی کلینتۆن لە کاتی ئابڕووچوونەکەی لێڤینسکی تا جەنگی بوش دژی عێراق دوای هێرشی ١١ی سێپتەمبەر، سەرۆککۆمارەکانی ژێر زەخت ڕوویان لە ناکۆکی دەرەکی بۆ ورووژاندنی بیروڕای نێوخۆ کردووە. ستراتێژیستێکی دێموکڕات گوتی، "ئەگەر ئەو فایلە ئاشکرا بێت و ترامپ هەست بکات گیری خواردووە، چاوەڕوانی یاریی ئاگرین بە، هی دەرەکی." بێتوو ترامپ ببینێ کێشە یاساییەکانی دەبنە هۆی زاڵ بوون بەسەر داهاتوو سیاسییەکەی، هەڵایساندن یان پشتگیریی لە قەیرانێکی سەربازیی ڕەنگبێ ببێتە سەرقاڵکردنێکی پلان بۆ داندراو. دروشمی "وەستاندنی ئێران" دەتوانێ لایەنگرانی بورووژێنێت و درامای هۆڵی دادگا کپ بکات.
دیپلۆماسی کەوتووەتە ئاویلکە
لە ڕوانگەی سەربازییەوە، ئێران بەردەوام لاواز و لەرزۆکە بەڵام بێتوانا نەکراوە. ئەنستیتۆی برووکینگز ئاماژەی بەو ڕاستییە کرد کە زۆر لایەن لە واشینگتۆن لە سەر ئەو بڕوایەن کە "لە هەمان کاتدا خۆ بواردنی ئێران لە دانی دەستڕاگەیشتنی تەواو وەک بێمتمانەیی لێکدراوەتەوە، بە تایبەت بە لەبەر چاو گرتنی ڕاپۆرتی گرۆسی. لە ڕوانگەی ئیسڕائیلەوە، هێمنیی هەنووکەیی ڕێگە بە ئێران دەدات خۆی ڕێکخاتەوە. تەنیا ئەوە ڕەنگبێ ببێتە هۆی هێرشێکی نوێ، لە ماوەیەکی کورتدا.
ئەگەرچی هەر دوو لائیدیعا دەکەن خوازیاری ڕێگە چارەیەکی ئاشتییانەن، کەم کەس بڕوایان بە دەستپێکردنەوەی دانووستانی جیدی لە دۆخی ئێستادا هەیە. ئاشکرا کردنەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، لەگەڵ کایەی سیاسی و برینەکانی بەرەی جەنگ، مەودایەکی کەمیان بۆ سازان هێشتووەتەوە. هەر وەک لێکۆڵەرێکی چەتهام هاوس گوتی "ئێمە خەریکی بینینی داخرانی پەنجەرەی دانووستانین. ڕەنگبێ یەکەم هێرش بووبێتە هۆی کۆتایی دانووستان، نەوەک دەستپێکردنەوەی."
دەرەنجام: تراویلکەی ئارامی
ڕەنگبێ دنیا باسی ئاگربڕ بکات، بەڵام بناخەکانی جەنگ بە پتەوەی لە جێی خۆیان ماون. نە بەرزەفڕییە ناوکییەکانی ئێران لەبیر کراون و نە لە لایەن نەیارانییەوە لێیان بووراون. وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل هەست دەکەن کارەکە هێشتا تەواو نەبووە. ئێران هیچ نیشانەیەکی هاوکاریی تەواو پیشان نادات و، ڕەنگبێ ترامپ بەو زووانە پێویستی بە سەرقاڵکردنێک بێت. خەیاڵی ئاشتی سوکناییدەرە، بەڵام بە شێوەیەکی مەترسیدار هەڵخەڵەتێنەرە. ئەوە ئاشتی نیە، ئەوە پشوویە.