
کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی دێهلوڕان لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە، سزای یەک ساڵ و ٤٦ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگری'' ڕایگەیاند: کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلوڕان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی دڕۆ و پڕوپاگەندە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، سزای ١٣مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە هێزی سەرکوتکەر، سزای لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە دێهلوڕان، بەتۆمەتی دژایەتیی ڕێژیم، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و پاش تێپەڕاندنی ١٤مانگ لە سزاکەی، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە بەندیخانە ئازاد کرا.
کیانوش چراغی تا ئێستا چەند جارێک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و چەند جارێک هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و پاش دەسبەسەرکردنی ئازار و ئەشکەنجەی زۆریان داوە.