کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخشەڕێگای نوێی بەرەی ڕێفۆڕمخواز بۆ مانەوەی زیاتری ڕێژیم

17:07 - 27 گەلاوێژ 2725

بەرەی "ئیسڵاحات"ـی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، بە بڵاکردنەوەی بەیاننامەیەک خوازیاری ڕاگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم لەپێناو پووچەڵکردنەوەی هەموو گەمارۆکان بوو.
ڕێفۆڕمخوازەکانی دەسەڵاتی تاران لەم بەیاننامەیەدا سەبارەت بە کاراکردنی "مێکانیزمی ماشە" هۆشدارییان داوە و ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا کڕینی کات لە ڕێگەی وتووێژەوە بەبێ ئەوەی کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانەکان بکرێت، یەکێک لە ڕێگەکانی حکوومەتە و ڕەخنەیان لەم شێوازە سیاسەتە گرتووە و جەختیشیان کردووەتەوە کە ئەمە دووپاتبوونەوەی هەمان سیاسەتی ٢٢ ساڵی ڕابردووی ڕێژیم لەهەمبەر داواکارییەکانی ڕۆژاوا و جیهانە.
ئیسڵاحتەڵەبەکانی ڕێژیم نەخشە ڕێگایەکی بەپەلەیان بۆ نیزامی کۆماری ئیسلامی داڕشتووە کە بریتییە لە یازدە بڕگە و لە بڕگەی دەیەمدا "ئامادەبوونی تاران بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم و ڕێگەدان بە چاوەدێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی"، لە پێناو لابردنی هەموو سزاکانی سەر ئێران، بە ڕێگە چارەی ڕزگاربوون لە قەیرانەکان هاتووتە ئەژمار.
بەرەی ئیسڵاحات لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بەرگریکردن لە خاکی ئێران بەبێ مسۆگەرکردنی متمانەی خەڵک و کردنەوەی درگای مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا، تێچوویەکی مرۆڤی، دارایی و دەروونیی بەرچاوی بۆ سەر خەڵکی ئێران دەبێت.
خەڵکی ئێران لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بە دروشمەکانیان هەر دوو بەرەی ڕێفۆڕمخواز و بناژۆخوازیان بەرهەمی یەک ئیدۆلۆژی لە قەڵەم داوە.