کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە چەند شاری کوردستان

17:11 - 27 گەلاوێژ 2725

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە چەندین شاری پارێزگای سنە، بەهۆی کارشکێنییەکانی بونیادی تەعاونیی سپای پاسداران و ستادی جێبەجێکرانی فەرمانی خومەینی وەکوو  پشکدارانی سەرەکیی شیرکەتی موخابرات و  گوێنەدان بە داخوازییەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابراتیی بیجاڕ، سنە و مەریوان بە وتنەوەی دروشمی "پشکداری زاڵم، شەرم بکە، شەرم بکە"، خوازیاری جێبەجێکرانی تەواوی داخوازییەکانیان بوون و جەختیان کردەوە دەبێت هەرچی زووترە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.

شایانی باسە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، خانەنشینکراوانی "شیرکەتی موخابرات" لە ١٣ پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

پێشتر خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام، لوڕستان، تاران، تەورێز، ئێسفەهان، فارس، زەنجان، ئەهواز، گیلان و مازەندەران لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتی دامەزراوە دەوڵەتییە پێوەندیدارەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕیوە برد.

خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات بەردەوام لە ساڵانی ڕابردووشدا لەهەمبەر پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بە گشتیی دۆخی خراپی بژیوی ژیانی خانەنشینکراوان لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان پەرە بسێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆیی لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٢٥٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێراندا بەڕێوە چووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە مافی مرۆییانە، هەروەها لە ١٤٠٣دا، ٧٠ مانگرتنی سێنفی و ١٣٧٧ مانگرتنی کرێکاری لە ئێراندا تۆمار کراون.