
ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە زمانی فارسی، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی "گوشاری هەمەلایەنە" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، پێداگری دەکات.
ئەم وەزارەتە لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی گەمارۆکان، لەو داهاتانەی کە لە ڕێگەی فرۆشی نایاسایی نەوتەوە دەستەبەری دەکات کەڵک وەردەگرێت" و زیادیشی کردووە کە: "پەیامی واشینگتۆن لەم پێوەندییەدا ڕوونە و ئەویش ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران دەبێت هەڵسوکەوتەکانی خۆی بگۆڕێت، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێک نەهێنا دەبێت چاوەڕوانی پەراوێزکەوتن و کێشەی قورستری ئابووری لە داهاتوودا بێت".
ئەم وەزارەتە لە پەیامەکەیدا جەختیشی کردووەتەوە کە ئامانجی ئەمریکا لەم هەوڵانە، وڵامدەرکردنی تاران بە کردەوە وێرانکەرەکانی لە ناوچەکەدایە.
دەوڵەتی ترامپ هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە و چڕترکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێرانی گرتە بەر تاکوو لەم ڕێگەوە پێش بە داهاتەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی داهاتەکانی لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە خەرجی هەوڵە شەڕەنگێزانەکانی دەکات کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵدا پەکەیجێکی دیکە لە سزاکانی خۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دیاری کرد کە یەکێک لە قورسترین گەمارۆکان لە پاش ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە بۆ سەر داهاتە نەوتییەکانی تاران بوو.
وەزارەتی خەزێنەداریی دەوڵەتی ترامپ لەم پەکەیجەدا زیاتر لە ١١٥ نەوتهەڵگر، کۆمپانی و کەسی دیکەی لە پێوەندیی لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتی ئێران سزا دابوو.