کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەدەوە ٧٨٠ هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە بۆ سووریە

11:25 - 28 گەلاوێژ 2725

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دووتوێی نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کە زیاتر لە یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار سووریی هەڵاتووی شەڕ و  ٧٨٠ هەزار پەنابەری سووری لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد هەتا ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ سووریە.

ماڵپەڕی "ڕیلێف وێب" سەر بە نووسینگەی هاواهەنگیی کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری کۆمیسیاری باڵای ئەو ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "لە مانگی دێسامبری ٢٠٢٤وە پەنابەرانی سووری و هەڵاتووانی شەڕ لە چەند قۆناغێکدا هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوویان داوە".

ڕیلێف وێب لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کرد هەتا ڕێکەوتی ١٤ی ئووتی ئەمساڵ، ٧٧٩.٤٧٣ پەنابەری سووری لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هەروەها لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە یەک میلیۆن و ٦٩٤ هەزار و ٤١٨ ئاوارە و هەڵاتووی شەڕ لە دوای نەمانی ترس لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی نێوخۆیی تورکیە ڕایگەیاندووە کە لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سەرەتای مانگی دێسامبری ساڵی ڕابردوو، ٤١١ هەزار و ٦٤٩ هەزار پەنابەری سووری لەو وڵاتەوە ئاودیوەی سووریە بوونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیک بە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار پەنابەری سووری لە تورکیە ژیاون.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٣٠٤ی هەتاوی، چەکدارانی دژبەری بەشار ئەسەد پاش دەسبەسەرداگرتنی حەڵەب، حەما، حۆمس و دەرعا چوونە نێو شاری دەمێشقەوە و کۆنتڕۆڵی شارەکەیان بە دەستەوە گرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.

هەروەها ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری نوێی سووریە، لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار  ئەسەد لە شەوی شەممە ٩ی خاکەلێوە، لە ڕێوڕەسمێکدا کابینەی دەوڵەتەکەی لە دەمیشقی پێتەختی سووریە ڕاگەیاند و  دەسەڵاتی سووریەی بەدەستەوە گرت.