
بەرپرسانی زیندانی قەرچەک لە وەرامین سەرەڕای گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییان لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە ئەنجامدانی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ زیندانییانی نەخۆش و ڕەوانەکردنیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان خۆیان دەبوێرن و هەروەها لە زیندانییەکان بۆ خزمەتگوزاری و ناردنیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان داوای پارە دەکەن.
لە حاڵێکدا زیندانی ژنانی قەرچەک هەمیشە لە لیستی یەکێک لە خراپترین زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زیندانیانی ژن بووە و ڕاپۆرتی زۆریش سەبارەت بە بێبایەخکردنی مافە سەرەتاییەکانی زیندانییان لەم زیندانەدا بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسانی زیندان لە چاوپۆشیکردن لە ژیان و تەندروستی زیندانییان بەردەوامن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیندانییانی ژن لەم زیندانەدا بە هۆی ڕەتکردنەوەی بەئەنقەست لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە فریاگوزارییەکان تۆمار کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە حاڵەتی دیکەی هاوشێوە لەم زیندانەدا ڕوویان داوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەریان بڵاو نەکراوەتەوە.
ڕاپۆرتەکانی سەرچاوەکانی نێو زیندانی قەرچەک ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی تەندروستیی زیندان لە پشتگوێخستن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەردەوامن، ئەمەش ژیانی زۆرێک لە زیندانییەکان دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی زانیارییەکان، پەرستارێک کە ئێستا وەک بەرپرسی بەشی تەندروستیی زیندانی قەرچەک دەستنیشان کراوە، داوا لە زیندانییانی نەخۆش دەکات پارەی خزمەتگوزارییەکان بەمەبەستی ناردنیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست بدەن.
ڕاپۆرتە نوێیەکان نیشان دەدەن کە زیندانی قەرچەک نەک هەر یەکێک لە بەدناوترین زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زیندانییانی ژنە، بەڵکوو بە درێژەی سیاسەتی "پارە لە بەرامبەر دەرمان"، ڕۆژانە ژیانی زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ زیندانی زیندانیکراوی ئەم زیندانە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە مەترسیدایە.