کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی ناکارامەیی ڕێژیم لە دابینکردنی وزە، شەممەی داهاتوو لە ١١ پارێزگای ئێراندا پشوو دەبێت

12:03 - 28 گەلاوێژ 2725

نووسینگە و دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە لانیکەم ١١ پارێزگای ئێران بە هۆی ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی وزە، ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانان دادەخرێن. شۆرای هاواهەنگیی بانکەکان ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە هەموو بانکەکانی تاران دادەخرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پارێزگاکانی تەورێز، ئەلبورز، تاران، خوراسانی باکوور، خۆراسانی باشوور، خوراسانی ڕەزەوی، خووزستان، قوم، سنە، کرمان، و یەزد ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانان دادەخرێن.

لە هۆکاری سەرەکیی ئەم داخستنانە، شەپۆلی گەرمای زۆر، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پاشەکەوتکردن و بەڕێوەبەریی لە بەکارهێنانی وزە و یارمەتیدان لە سەقامگیری تۆڕەکان ڕاگەیەندراوە .

هەروەها لە بەشێک لەو پارێزگایانە، لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژ کاتی کاری ئیدارات و دامەزراوە گشتییەکان کەم کراوەتەوە.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێران بە هۆی کەمیی وزە و قەیرانی ئاو و کارەباوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک داخران.

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم جۆرە بڕیارانە ڕەنگدانەوەیەک لە کەموکۆڕیی پێکهاتەیی و درێژخایەن لە بواری بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوورییە، لاوازییەک کە کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی دواییدا نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت.