کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مای ساتۆ: حوکمی شەریفە محەممەدی، نیگەرانیی جیددیە بۆ لەسێدارەدانە نادادپەروەرەکانی ڕێژیم

12:10 - 28 گەلاوێژ 2725

مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، ناڕەزایەتیی خۆی لەهەمبەر پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاریی بەندکراو، ڕاگەیاند.
ساتۆ ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژ لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا نووسی: "سەرەڕای ئەوەی کە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران پێشتر بەهۆی کەموکۆڕی لە دۆسییەی دادوەریی شەریفە،  حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی پووچەڵ کردبووەوە، بەڵام بۆ جارێکی دیکە پشتڕاستی کردووەتەوە".
ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و ڕاپۆرتەکان ڕایگەیاندووە کە شەریفە محەممەدی لەژێر ئەشکەنجە، بێبەریبوون لە دەسپێڕاگەیشتنی بە پارێزەری هەڵبژێردراو لە لێکۆڵینەوەکان و پێنج مانگ بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا بووە، کە ئەمانە هەمووی پێشێلکاریی یاساکانی دادوەرییە.
مای ساتۆ لە بەشێکی دیکە لە پەیامەکەیدا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو بابەتەی کە یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانەکانی وەک "بەغی" بە ڕەوا نازانن نووسیویەتی: "جاڕنامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ تەنیا بۆ تاوانە هەرە قورس و جیددیـیەکان ئەم سزایە بە ڕەوا دەزانن".
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە هەمان لق کە پێشتر بەهۆی کەموکۆڕیی دۆسییەکە، سزاکەی پووچەڵ کردووەتەوە و سەرەڕای هەمان کەموکۆڕی بۆ جارێکی دیکە حوکمەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە نیگەرانیگەلێکی جیددی سەبارەت بە مەترسییەکانی لەسێدارەدانی نادادپەروەرانە دروست دەکات.
ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری شەریفە محەممەدی، ٢٥ی گەلاوێژ لە وتووێژێکدا باسی لە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ئەم بەندکراوە کردبوو و جەختیشی کردبووەوە کە: "سەرەڕای ئەوەی کە هیچ یەک لە هەڵە و کیشەکان کە لقی ٣٩ی دیوانی باڵا پێشتر بەپێی ئەوانە حوکمەکەی پووچەڵ کردبووەوە، چارەسەر نەکرا، هەمان لق بە هەمان کێشەکانەوە جارێکی دیکە حوکمەکەی پشتڕاست کردووەتەوە".