کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی زیادبوونی بەکارهێنەرانی ستارلینک لە ئێران

18:15 - 12 گەلاوێژ 2725

ڕێژەی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێتی "ستارلینک" لە ئێران، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئینتێرنێت، ڕووی لە زیادبوونە.
حەمیدڕەزا ئەحمەدی، ئەندامی ئەنجومەنی بازرگانیی ئێلێکترۆنیک ڕایگەیاندووە کە مانگانە لە ئێران بە ڕێژەی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێتی ستارلینک، وەک "گەورە فیلتێرشکێنێک"، خەریکە زیاد دەبێت.
ئەحمەدی بە ئاماژەدان بە کێشەکانی ئینتێرنێت لە ئێران وەک ئاڵۆزی، سنوورداربوون و خاوبوونی ئینتێرنێت لە ئێران جەختی کردووەتەوە کە لەم بوارەدا پلەی ئێران لە ڕیزی ٩٧ـەمی جیهان لە نێوان ١٠٠ وڵاتدایە.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی ڕێوڕەسمی پێنجەمین ڕاپۆرتی کوالێتیی ئینتێرنێت لە ئێران وتی: "لە ڕاپرسییەکی تایبەتدا بە هاوکاریی ئیسپا دەرکەوتووە کە ٩٣ لەسەدی لاوەکانی تەمەن ١٥ تا ٣٠ ساڵ کە ٨٦ لەسەدی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت پێک دەهێنن، لە فیلتێرشكێنگەلی جیاواز کەڵک وەردەگرن".
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ساڵانە لە ئێران ٣٠ تا ٦٠ هەزار میلیارد تمەن پارە لە پێوەندیی لەگەڵ فیلتێرشکێنەکان دەسووڕێتەوە.
ئەم نرخە نیشاندەری داواکارییەکان لە ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی ئازادە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سنووردار کراوە.
جێی ئاماژەیە کە بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی سەربەخۆ و ئازاد لە ئێران، ئەم نرخە بەفەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە و تەنیا هێندێک لایەن بە هەڵسەنگاندنی بازاڕی فیلتێرشكێنەکان ئەم نرخانەیان بڵاو کردووەتەوە.
بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، سانسۆر لە ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی بازاڕێکی گەورە بۆ فیلتێرشکێنەکان کە جگە لە خەساری قورسی ئابووری، تا ڕادەیەکی بەرچاو ئەمنییەتی سایبێریی بەکارهێنەرانی خستووەتە مەترسییەوە.
لە ئێستادا بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت بۆ بەرپرچدانەوەی سانسۆر لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ڕوویان کردووەتە کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێتی ستارلینک.
مەجلیسی ڕێژیم ماوەیەک لەمەوبەر گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا سزای نەختی بۆ کڕین و فرۆشتنی ئامرازەکانی ستارلینکی دیاری کرابوو.