
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بە بۆنەی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێک لەلایەن ناوەندەی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ کاک ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جێگری ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە یەكێک لە بنکەکانی هێزەکانی زاگرۆس بەڕێوە چوو.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
کاک ڕۆستەم جەهانگیری لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ لە هەموو بەشداربووان و میوانەکان، هیوای خواست کە بەو ئامانج و ئارمانانەی کە حیزبی دێموکرات لەسەری دامەزراون، بگەین.
کاک ڕۆستەم دواتر باسێکی تێروتەسەلی لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی ژێکاف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە "هەندێک جار مێژووی حیزبی دێموکرات بۆ ٨٣ ساڵ دەگەڕێننەوە چونکە حیزبی دێموکرات لەسەر بناغەی تەشکیلاتیی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزراوەر و دواتر زۆربەی هەرە زۆری ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف دواتر بوون بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات".
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا سەرەڕای ناوبردنی پێشەوا قازی محەممەد وەکوو ڕێبەر و سەرکردەی مەزنی کورد و ڕۆلی سەرەکی و گرنگی ناوبراو لە دامەزرانی حیزبی دێموکرات وتی: "پێشەوا قازی محەممەد بە وردبینی و بیرتیژییەوە بە خوێندنەوەی دۆخی ئەوکات لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی و لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندی و هاتنی هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت، ئینگلیس و ئەمریکا، کۆمەڵەی ژێکافی هەڵوەشاندەوە و حیزبی دێموکراتی دامەزراند".
جێگری ناوەندی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باسکردنی مێژووی حیزب دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و گیانبازیی پێشەوا قازی، باسی لە شۆڕشی ٤٦ ــ ٤٧ کرد و وتی: "شۆڕشی ٤٦ـ٤٧ یەکێک لە گەورەترین و پڕ شانازیترین قۆناغەکانی مێژووی حیزبی دێموکراتە".
کاک ڕۆستەم دواتر باسی ڕۆڵ و کاریگەریی دوکتور قاسملوو دوای نسکۆی شۆڕشی ٤٦ ـ٤٧ی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە "دوکتور قاسملوو حیزبی لە پرشوبڵاوی و بێبەرنامەیی ڕزگار کرد و حیزبی دێموکراتی کردە حیزبێکی خاوەن بەرنامەیەکی پێشکەوتوو و مۆدیڕن، ئەساسنامەی ڕێکوپێک، کردنەوەی دەورەی سیاسیی کادر، دەرکردنی ڕۆژنامە، پەروەردەکردنی نەسڵێکی باوەڕ بەخۆبوو، پێکهێنانی کۆنگرە و کۆنفرانس و ڕەچاوکردنی سیاسەتی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان".
بەڕێز جەهانگیری هەروەها هەرکام لە بایکۆتی گشتپرسیی ١٢ی خاکەلێوەی کۆماری ئیسلامی، بەرگریی قارەمانانەی حیزبی دێموکرات لە شەڕی سێ مانگە، سیایەتی سەربەخۆیی بڕیاردان، زیندووهێشتنەوەی شۆڕش لەلایەن حیزبی دێموکراتی وەکوو شانازییەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات لە قەڵەم دا.
ناوبراو پەرژایە سەر ئەو بابەتەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەمەنی خۆیدا بە هەموو هێزییەوە نەیتوانیوە حیزبی دێموکرات لە خەڵکەکەی و بەپێچەوانەوە خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات جیا بکاتەوە.
کاک ڕۆستەم جەهانگیری باسی لە شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دوژمنانی کورد بەتایبەت کۆماری ئیسلامی بە شەهیدکردنی ئەو ڕێبەرە و دەیان ڕێبەری دیکە زیانێکی زۆریان گەیاندە کورد بەڵام خەونەکەیان کە لەنێوبردنی شۆڕشی کورد و بەچۆکداهێنانی نەتەوەی کورد بوو، نەهاتە دی.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لەو سێمینارەدا باسێکی لە سیاستە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە و جیهان و هەروەها شکستەکانی ئەو ڕێژیمە لە ئیسرائیل کرد.
کاک ڕۆستەم لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند: "حیزبی دێموکرات دەسپێکی شەڕی بۆ هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی گەڕاندووتەوە و لە داهاتووی ئێرانێکی بێ کۆماری ئیسلامیدا ئێمە وەکوو حیزبێکی نەتەوەیی، بەرژەوەندییەکانی خۆمان لە ئێرانی فرەنەتەوە، دێموکراتیک و فیدراڵدا دەبینین".