کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ی گەلاوێژ لە یادەوەری و مێژووی خەباتی کورد لە ئێران

01:02 - 29 گەلاوێژ 2725

ڕەحیم نزهەت‌زادە

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨/١٩٧٩، ئەو ڕۆژەیە کە کۆماری ئیسلامی تازە بەدەستەڵات‌گەیشتوو، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بە فەرمانی جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد، خۆی ئاشکرا کرد. شەڕێکی سێ مانگە دەستی پێکرد، کە هەرچەندە خوێن و وێرانکاری لەگەڵدا بوو، بەڵام بوو بە هێمای بەرخۆدان و تەسلیم نەبوونی کوردستان. ئەمڕۆ لە چل و هەشتەمین ساڵیادی ئەو ڕووداوەدا، یادی شەهیدان دەژی، خەبات بەرەو ئامانجی ئازادی، یەكسانی و دیموکراسی بەردەوامە.

 ٢٥ی گەلاوێژ بۆ نەتەوەی كورد، تەنها بەروارێك نیە، بەڵکوو وەبیرهێنەرەوەی برینێکی کراوە و یادەوەرییەکی ئەبەدییە. لە ٢٥ی گەلاوێژێكی وەک ئەمڕۆدا، ساڵی ١٣٥٨/١٩٧٨ و تەنیا چەند مانگێک دوای ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، ئایەتوڵڵا خومەینی فەرمانی "جیهاد"ی دژ بە نەتەوەی کورد دەرکرد؛ فەرمانێک، کە بووە هۆی شەڕێکی خوێناویی سێ مانگە، كە نێوەرۆك و سروشتی ڕاستەقینەی ڕێژێمی تازە دامەزراوی کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد. ئەو شەڕە کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستاندا، بە ناوی "شەڕی سێ مانگە" تۆمار کراوە، ئەمڕۆ هێمای بەرخۆدانی نەتەوەیەکە، کە تاکە خواستی; ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی و دابڕانی ئایین لە سیاسەت و حوكمڕانییە.

شۆڕشی ١٣٥٧ بە دروشمی ئازادی، دادپەروەری و مافی گەلان دەستی پێ كرد.

نەتەوەی کورد یەكێك لە پێشنەگە مێژووییەكان، بە مێژوویەکی دوور و درێژی بەرەنگاربوونەوەی، دژ بە چەوساندنەوەی پەهلەوی و پێش ئەویش، هاوشانی هەموو نەتەوەكانی ئێران، لەو شۆڕشە مەزنەدا بەشدار بوون، و هیوایان خواست کە دوای دەیان ساڵ لە ستەمکاری پەهلەوی، فەزای نوێ بۆ دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکان بهێتەدی. بەڵام زۆری نەخایاند و ئەوە ڕوون بووەوە، کە سەرکردەی تازە خۆسەپێنی شۆڕش، هەر وەک دەستەڵاتە پاشاییەكانی پێش خۆی، هیچ باوەڕێکی بە ئازادی نەتەوەكان نەبووە و نیە. خومەینی بە ناوی ئایینەوە، دەستی بەسەر شۆڕشی گەلاندا گرت و پێگەی دەستەڵاتی کرد، وەك سیستەمی پاشایەتیبە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ستەمی نەتەوەیی، بە لێ زیادكردنی ستەمی مەزهەبی و ئایینی.

خومەینی لە ٢٥:ی گەلاوێژی ١٣٥٨/١٩٧٩دا، فەرمانی "جیهاد"ی، دژ بە نەتەوەی كورد دەرکرد. ئەرتەش و سوپای پاسداران، ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کران. سەرکوت و كۆمەڵكوژییەكی بێ وێنەی، نەتەوەی كورد دەستی پێکرد. میدیای دەوڵەتی هەوڵی دا بە ناوی "دژ شۆڕشگێڕ" و "جیاخوازی"، پاساو بۆ ئەم سەرکوتکردنە بهێنێتەوە، بەڵام حەقیقەتەكە ڕوون بوو: نەتەوەی کورد جیابوونەوەی نەدەویست، بەڵکو دێموکراسی، ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینی لە چوارچێوەیەکی دادپەروەرانەدا داخواز بوو. لە ٢٨ی مانگی گەلاوێژ هەتا خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨/١٩٧٩، بە قوربانیدانی پێشمەرگە و گەل، سێ مانگ خۆڕاگری بەردەوام بوو. هەرچەندە حکومەت توانی بە خوێنڕشتن و وێرانکاری بەشێوەیەکی کاتی کۆنتڕۆڵ بەدەستەوە بگرێت، بەڵام کوردستان بە خۆڕاگری خۆی، نیشانی دا کە هەرگیز بەچۆكدا ناهێت.

ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردستان لەو سەردەمەدا، بە بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە گەلی کورد، جگە لە ماف، ئازادی و یەکسانی، هیچی دیکەی مەبەست نیە. ئەوان پێشنیاری فیدرالیزم، جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت و مافی یەکسانیان بۆ هەموو نەتەوەكانی ئێران دەکرد. ئەم داواکاریانە نە هەڕەشە بۆ سەر ئەوانی تر، نە لە دەرەوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی بوون، بەڵکو هەوڵێک بوون، بۆ دروستکردنی نەزمێکی نوێ و مرۆڤدۆستانە، لە ئێرانێکی فرەنەتەوەیی دا. بەڵام کۆماری ئیسلامی، لە جیاتی دیالۆگ و قبوڵکردنی واقیع، سەرکوت و کوشتنی هەڵبژارد. ئەم هەڵبژاردنە نەک هەر کوردستانی ئاگر تێبەردا، بەڵکو ئایندەی ئێرانی، خستە ناو ستەم و ڕێڕەوێكی تاریکەوە.

ئەمڕۆ دوای ٤٨ ساڵ، یادەوەری جەنگی سێ مانگە هێشتا زیندووە. جیلە نوێیەکانی کوردستان، هەمان دروشمەکانی ماف، ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی دووبارە دەکەنەوە. خوێنی شەهیدانی ئەو ڕۆژگارە، تۆوی بەرخۆدانی لە دڵی مێژوودا چاند، ئەمڕۆش ئەو تۆوە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا، لە سەرانسەری ئێراندا خۆی دەنوێنێتەوە. شەڕی سێ مانگە فێری کردین، کە ئازادی بەبێ بەرخۆدان بەدەست نایەت و هیچ دەسەڵاتێک، ”ئەگەر بە ناوی ئایینیشەوە قسە بکات”، ناتوانێت ئیرادە و داخوازییەكانی گەلان بێدەنگ بكات.

بیرهێنانەوەی ٢٨:ی گەلاوێژ، بەتەنها گێڕانەوەی ڕابردوو نییە؛ هەروەها هەڵگری پەیامێكە بۆ ئەمڕۆ و سبەی. وەک چۆن خومەینی شۆڕشی ١٩٨٩ی ڕفاند، هەروەها ئەمڕۆش لە لایەن هێندێك دەستەوە، مەترسی دەستبەسەرداگرتن و شێواندنی داخوازەكانی خەڵک هەیە. میللەتی کورد بە ئەزمونی تاڵی شەڕی سێ مانگە، لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە تاکە ڕێگای ڕزگاری، پێداگرییە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و فیدرالیزم. ئەم یادکردنەوە دەرفەتێکە، بۆ بەخۆداچونەوەی هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران، کە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ئەم ڕاستییە: بەبێ داننان بە مافە نەتەوەییەکان، بەبێ جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت، هیچ دیموکراسییەک مومکین نابێت.

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨/١٩٧٩ ئەو ڕۆژەیە کە ڕژیمی تازە بەدستەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا: دوژمنی ئازادی، یەکسانی و مافی نەتەوەكانە. بەڵام لە بەرامبەردا، هەر ئەو ڕۆژە بوو بە دەستپێكی گێڕانەوەیەکی تر: گێڕانەوەی بەرخۆدانی نەتەوەی کورد. ئەمڕۆ بە بۆنەی ساڵیادی ئەو یادەوە، سەری خۆمان لە بەرامبەر گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی سێ مانگە دادەنوێنین، و بەڵێن دەدەین درێژە بە ڕێبازەکەیان بدەین. ئەوان بە بەخشینی گیانیان، هاواریان دەکرد; کە کوردستان هەرگیز تەسلیم نابێت. ئەم هاوارە، ئەمڕۆش لە چیا، شار و گوندەكانی کوردستان بەردەوامە لە دەنگدانەوە، هەتا ڕۆژی ڕزگاریش بەردەوام دەبێت.

پەیامی کۆتایی: کوردستان هەرگیز تەسلیم نابێت؛ خوێنی شەهیدانی شەڕی سێ مانگە، چرای ڕێبازی پیرۆزر مافخوازی، ئازادی و دیموکراسییە.