کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلۆمبێرگ: لەنێوبردنی هێزی سپای پاسداران پێویستی بە هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران هەیە

10:40 - 29 گەلاوێژ 2725

بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی سپای پاسدارانی دوای شەڕی ١٢ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی تاوتوێ کردووە و لە زاری کارناسانەوە ڕایگەیاندووە سپا لەو شەڕەدا زیانی بەرکەوت، بەڵام بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەم ڕێکخراوە سەربازییە، هێندێک ڕێوشوێن لەوانە هێرشی زەمینی پێویستە.

عەلی ئالفونە، ئەندامی باڵای ئێنستیتۆی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە واشنگتۆن بە ''بلۆمبێرگ''ی ڕاگەیاندووە کە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی سپای پاسداران هێرشی زەمینیی ئەمریکا یان بوردومانی بەردەوام لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێویستە.

ئالفونە لەدەستدانی زانیاریی هەواڵگریی بۆ ئەوەی بە تەواوی سپای پاسداران بشکێنێت بە بەس نەزانی و دەشڵێت: "شەڕی ١٢ ڕۆژە شکستەکانی دژە هەواڵگریی سپای پاسدارانی ئاشکرا کرد. بەڵام بە دووری زانی کە لەدەستدانی متمانەی سپای پاسداران ببێتە هۆی تەسلیمبوونی سپای پاسداران".

ئالفونە وتی لە کاتێکدا گرووپەکانی بەناو "مێحوەری مقاومەت'' بە ڕێبەریی سپای قودس دوای نزیکەی دوو دەیە لە نیشاندنی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بوونە، ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە سپای پاسداران بەدوای بەرگێڕەوەیەکی ناوکیدا بگەڕێت.

بلۆمبێرگ نووسیویەتی، شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، وێرانکەرترین ڕووداوی مێژووی سپای پاسداران بووە و زۆربەی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران کوژراون و کۆماری ئیسلامی ناچار بووە کە پێکهاتەی بڕیاردانی ستراتێژیکی خۆی دابڕێژێتەوە.

ئەو ماڵپەڕە نووسیوتی، شەڕی ئەم دواییە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی لە هەموو کاتێک زیاتر بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی گرینگتر کرد.