کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە پادگانکردنی قوتابخانەکان؛ ڕاهێنانی زۆرەملێی سەربازیی بۆ قوتابییان

10:41 - 29 گەلاوێژ 2725

وەزیری پەروەردەی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی گەلاوێژ لە بڕیارێکدا کە بە ڕوونی دژایەتیی لەگەڵ بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مافی منداڵان هەیە،  ڕاهێنانی زۆرەملێی سەربازیی بۆ قوتابییان داناوە.

عەلیڕەزا کازمی لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو کەسێک کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکات، دەبێت ئاشنای پرسەکانی مەشقی بەرگری و پەدافەندی غەیرەعامڵ بێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام دەکرێ مەشقی سەربازی سەرەتایی لە خولی دوو حەفتەییدا بۆ قوتابییان جێبەجێ بکرێ.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە لە ئێراندا سەربازی بۆ پیاوان زۆرەملێیە و ڕێژیم ئێستا هەوڵی ڕاکێشانی مێشک و ڕۆحی مێرمنداڵان دەدات تاکوو وەک ئامرازێکی ئیدۆلۆژیک و ئەمنی بەکاریان بهێنێت.

شارەزایانی مافی منداڵان هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا بە کەڵکوەرگرتن لە منداڵان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان، ناردنی خوێندکاران بۆ ئۆردوگاکانی ڕاهیانی نوور، وانەوتنەوەی تەقەکردن لە پۆلەکانی ئامادگیی دیفاعی و درێژەدان بە سیاسەتەکانی وەک لەسێدارەدان و هاوسەرگیریی منداڵان، چەندین جار بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی پێشێل کردووە.

ئەم سیاسەتە پەروەردەییەی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژیم قوتابخانەکان وەک فەزای پەروەردە نابینێت، بەڵکوو وەک بنکەیەک بۆ ڕاهێنانی هێزەکان بۆ درێژەدان بە پێکهاتەی چەوساندنەوەی خۆی دەیبینێت.