
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە هەشتاودووهەمین حەفتەی یەک لە دوای یەکی خۆیدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ لە ٤٩ بەندیخانەدا و بە هاوکاریی ژمارەیەک لە بەندکراوان و بنەماڵە مافخوازەکان بەڕێوە چوو.
بەپێی بەیاننامەی بڵاوکراوی ئەم کەمپەینە، درێژەی ناڕوونیی دۆخی پێنج بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لەوانە وەحید بەنیعامریان، پوویا قوبادی، بابەک عەلیپوور، محەممەد تەقەوی و ئەکبەر دانشووەرکار و هەروەها بەندکراوێکی ئەمنییەتی بە ناوی بابەک شەهبازی، نیشاندەری گوشارە زۆرەکان بۆ سەر بەندکراوان و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە یاسایی و مرۆییەکانە.
لەم بەیاننامەیەدا هەروەها ئاماژە بە پشتڕاستکرانەوەی سزای سێدارەی شەریفە محەممەدی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە کراوە و ئەوەیان بە نموونەیەک لە نەبوونی دادپەروەری و بەردەوامیی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی زانیوە.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە مەودای یەک هەتا ٢٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ١٣٦ کەس لە سێدارە دراون و ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ساڵی ١٤٠٤دا گەیشتووەتە ٦٢٧ کەس؛ ئامارێک کە بە وتەی بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەینە، نیشاندەری کارەساتی مرۆییە و دەرهاویشتەکەی کۆمەڵایەتیی قورسی سیاسەتی سێدارەیە.
ئەندامانی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بە مەحکوومکردنی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان، جارێکی دیکە هۆشدارییان داوە کە ئەم ڕەوتە نە تەنیا ڕەوایی دەسەڵات زیاتر لە پێشوو دەباتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو کۆمەڵگە دەخاتە نێو سووڕی توندوتیژی و نائەمنییەوە.
ئەندامانی ئەم کەمپەینە وێڕای دەستخۆشی و پێزانین لە بنەماڵە مافخوازەکان کە بە ئامادەبوون لە بەردەم بەندیخانەکان و باقی شوێنەکان دەنگی بەندکراوان بە کۆمەڵگە دەگەیێنن، داوایان لە خەڵک کردووە کە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە ناڕەزایەتیی مەدەنیی خۆیان سەبارەت بە سزای نادادپەروەرانە ڕاگەیێنن و بنەماڵەی حوکمدراوان بە سێدارە، بەجێ نەهێڵن.