
تاڵاوی "هەشیلان"ی کرماشان کە تەنیا مانگێک لەمەوبەر لە دۆخێکی باشدا بوو، ئێستا تەنیا ٢٠ ڕۆژی ماوە بۆ وشکبوونی. سەراو نیلووفەر کە سەردەمانێک گەوهەرێکی سروشتی ئەو پارێزگایە بوو، ئێستا تەنیا یەک لەسەر سێی توانای ئاوی خۆی پاراستووە و مەترسیی نەمانی لەسەرە.
محەممەدحوسێن فەلاحەتی بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی ڕێژیم لە کرماشان ئاماژەی بەوە دا کە دابینکردنی ئاوی گەڕۆک بە تانکێر بۆ تاڵاوگەی هەشیلان لە بەرنامەی کاردایە.
ئەوەی بەرپرسان پێی دەڵێن ''ئاو گەیاندنی گەڕۆک بە تانکێر" زیاتر لە چارەسەرێکی کورتخایەن بۆ برینێکی قووڵە. ئایا پێویستە زەوییەک کە سەردەمانێک کانیاو و سەرابێکی زۆری تێدابوو، بگاتە ئاستێک کە ژیانی تاڵاوەکانی پشت بە چەند تانکێرێکی ئاوەوە ببەستێت؟
وشکبوونی تاڵاوی هەشیلان و سەراو نیلووفەر تەنیا بەهۆی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی ساڵانێک خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنان و پشتگوێخستنی هۆشداریی کارناسانە. ئەم گرینگی پێنەدانە نەک هەر سروشت، بەڵکوو مەترسیی لەسەر ژیانی ئینسان و هەزاران جۆر ئاژەڵ دادەنێت.