کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکی دادی ئێران: نزیک بە ٢ هەزار کرێکار لە ساڵیکدا گیانیان لەدەست داوە

11:26 - 29 گەلاوێژ 2725

بەپێی ئاماری پزیشکی دادی ئێران، ساڵی ڕابردوو ١٩٨٦ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە ئێران بوونەتە قوربانی و نزیک بە ٢٧ هەزار کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا ١٩٧١ کرێکاری پیاو و ١٥ کرێکاری ژن بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.
کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەکان و لەسەر بیناکان بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی نزیک بە هەزار کرێکار.
بەپێی ئامارەکانی ئەم ڕێکخراوە، ڕێژەی کرێکارانی کوژراو و بریندار لە ساڵی ١٤٠٣ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردووی ٪٦.٣ و ٪٣.١ کەمی کردووەتەوە.
لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی ئەم ڕێژەیە کەمبوونەوەی کار و دابەزینی تواناکانی یەکەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها پاشەکشێی پیشەی بیناسازی لە ساڵی ١٤٠٣دا بووە.
هەروەها بەپێی ئەم ئامارەی پزیشکی داد، پارێزگاکانی تاران، ئێسفەهان، خوراسانی ڕەزەوی، تەورێز و مازەندەران لە پلەکانی یەکەم تا پێنجەمی ڕووداوەکانی "کار"دان.
تۆمارکردنی ئەم ڕێژەیە لە قوربانییان لەلایەن پزیشکی دادەوە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی کاری ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٣دا تەنیا کەمتر لە ٧٠٠ حاڵەتی گیانلەدەستدانی کرێکارانی بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە تۆمار کردووە.
ساڵانێکە کە کرێکاران و ڕێکخراوەکانیان لە کوردستان و ئێران، بەهۆی پێشێلکرانی مافەکانیان کۆ بوونەوە و کەمپەینی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.
ئەم ئامارانە نیشاندەری گرینگیدان بە گیانی کرێکاران لە ئێراندایە کە هەر وەک دۆخی بژیوی ژیان و حەقەدەستەکانیان، کەمترین گرینگیی لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە پێ نادرێت.
جیا لەم بابەتە، پشتیوانییەکانی بیمە لە کرێکاران بەتایبەتی لەو کرێکارانەی کە تووشی ڕووداوی کار دەبن، هەموو کات لەلایەن کرێکارانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و وڵامدەری داخوازییەکانی ئەم چینە لە کۆمەڵگە نەبووە.