کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە گەلی قاسملوو

11:39 - 29 گەلاوێژ 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کاک لوقمان ڕەسووڵزادە کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی حاجی بەرکەولی، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی نهێنیی حیزبی دێموکرات کاک لوقمان ڕەسووڵزادە وەک لاوێکی نیشتمانپەروەر پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبەوە بوو و  هەر زۆر زوو بە هۆی ئاگایی و وشیاریی سیاسی وەک یەکێک لە کادرە تەشکیلاتییەکانی  گەلی قاسملوو دیاری کرا.

کاک لوقمان وەک کادرێکی لاو و هەڵسووڕ، سیاسەتەکانی حیزبی بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچە شی دەکردەوە و بە هۆی پێگەی بنەماڵەکەی و خزمایەتی لەگەڵ ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو ببوو بە سیمایەکی ناسراو و کادرێکی جێگەی متمانەی خەڵک لە ئاستی شاری ورمێ و ناوچەکانی دەوروبەریدا.

ناوبراو ساڵی ١٣٦٣ بە هۆی دۆخی بنەماڵەکەی گەڕایەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزب و ئامانجەکانی مایەوە.

تەرمی کاک لوقمان ڕەسووڵزادە ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ لە گۆڕستانی زێدەکەی و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.